شه‌ن پرێس ، ئه‌و شه‌ش خاڵه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌ كه‌ پارتی ته‌سلیمی گۆڕانی كردووه‌ .

هەواڵی / 21/8/2017 408 جار بینراوە

- وتەبێژی پارتی: شه‌ش خاڵمان داوەتە گۆڕان بۆ دیراسە و گفتوگۆ لەسەر كردن

- پارتی: بە گۆڕانمان وت دیراسەی بكەن پێتانباشبو دەرگامان كراوەیە

 

شه‌ن پرێس :

كۆبونەوەی شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەكە كۆتاییهات و دواتر لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبونەوە.
لەدوای كۆبونەوەی شاندەكەی پارتی لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی، مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند: لەگەڵ گۆڕان كۆبوینەوە، ئەوان داوادەكەن ئەو بابەتانەی هەیانبوە لەسەر مەسەلەكانی پێشوو هەمویان لێ قبوڵ بكرێت و ئینجا پەرلەمان ئاسایی بكرێتەوە، ئێمەش دەڵێین پەرلەمان ئاسایی بكرێتەوە دەتوانین گفتوگۆ لەسەر هەمو شتەكان بكەین.

وتەبێژی پارتی وتیشی: ئەو ئەجێندایەی ئامادەمان كردبوو داومانەتە دەستیان و وتومانە دەتوانن دیراسەی بكەن و بیانخوێننەوە بەرژەوەندییەكانتانی لەگەڵدا لێكبدەنەوە ئەگەر پێتانباشبو بێن گفتوگۆمان لەگەڵ بكەن، دەرگامان كراوەیە.

پارتی پاكێجێكی شه‌ش خاڵی ئاڕاستەی بزوتنەوەی گۆڕان كردووە بۆ دیراسە‌و گفتوگۆ لەسەر كردن،  پێشتريش گۆڕان پێنچ خاڵی بڵاوكردەوە كە  داواكاریی ئەوانە بۆ جێبەجێ كردن.

كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوەكەی نێوان گۆڕان‌و پارتی كە ماوەی 2 ساڵە ناكۆكی توند لەنێوانیاندا هەیە ئەمڕۆ لە سلێمانی بەڕێوەچوو، شاندی پارتی لە فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی‌و ژمارەیەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە پێك هاتبوون، شاندی گۆڕان عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتی‌و ژمارەیەك ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن‌و جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكە بوون.

مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمی پارتی‌و ئەندامی شاندی ئەو حزبە، دوای كۆبونەوەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی ئاشكراكرد كە 6 خاڵیان ئاڕاستەی گۆڕان كردووە بۆ دیراسەو گفتوگۆ لەسەر كردن.

وەك وتەبێژەكەی پارتی خستیەڕوو، خاڵەكان بریتین لە:

یەكەم: ئاسایكردنەوەو ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی پارتی و گۆڕان.
دووەم: ئاساییكردنەوەی كاری پەرلەمانی دوای ئەوەی مەرجەكانی پێشوومان لابرد.
سێیەم: پاڵپشتیكردنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم.

چوارەم: هەوڵدان بە هەموو لایەنەكان بۆئەوەی پاڵپشتی حكومەت بكەین بۆچاككردنی بژێوی خەڵك، هەموو تواناكانی حزبی لەدەرەوەو ناوەوە بەكاربێنین بۆ ئەوەی بتوانن موچەو بژێوی هاوڵاتیان چاكبكرێت.

پێنجەم: زەمینەیەكی لەباری سیاسی‌و ئیعلامی ئامادەبكەین بۆئەوەی هەڵبژاردنەكان لە كەشوهەوایەكی باش ئەنجامبدرێت لەكاتی خۆیدا.

شەشەم: پاڵپشتی دەزگا پەیوەندیدارەكان بكرێت بۆئەوەی بتوانێت باشتر ڕوبەڕوی گەندەڵی ببێتەوەو شافافیەت زیاتربێت.

 
جڤاتی نیشتمانی گۆڕانیش 12ی ئەم مانگە لەو كۆبوونەوەیەیدا كە ڕەزامەندی پیشاندا بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی، 5 خاڵی بۆ ڕایگشتی ڕاگەیاند كە بزوتنەوەكە داوای جێبەجێ كردنیان دەكات

  دەقی ئەو 5 خاڵەی بزوتنەوەی گۆڕان 12ی ئەم مانگە ڕایگەیاند:

یەكەم: هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پاشەكەوتی موچە، كە حكومەتی هەرێم بە نایاسایی بەسەر خەڵكی كوردستاندا سەپاندویەتی.

دوەم: دەستەبەركردنی شەفافیەت لە داهاتی نەوت‌و غازو داهاتە ناوخۆییەكانی تر لە رێگای جێبەجێكردنی یاسای ژمارە (٢) ی ساڵی (٢٠١٥)ی پەرلەمانی كوردستان تایبەت بە سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتی‌و گازییەكانی كوردستان‌و یاسا كارپێكراوەكانی وەزارەت‌و دەستەكانی هەرێمی كوردستان. ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانرێ پارەی كۆمپانیاو كاسبكاران‌ بدرێتەوەو پارەی پرۆژە پەكخراوەكان خەرج بكرێ‌و خزمەتگوزاری لە هەمو كەرتەكاندا چاكبكرێت.

سێیەم: راگەیاندن‌و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان ئامانجی هەمو خەڵكی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕانە. ریفراندۆم ئامرازێكە پێش راگەیاندنی سەربەخۆیی ئەنجام دەدرێ. بەڵام بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە (٢٥/٩/٢٠١٧) لە دەرەوەی زەمینەسازی یاسایی‌و هەلومەرجی لەباری سیاسی‌و ئابوری‌و ئەمنی‌و كۆمەڵایەتی دراوە، بە تایبەتی كێشەی ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان. بۆیە پێویستە ئەم پرسە بۆ كات‌و هەلومەرجێكی لەبار دوابخرێ‌و بخرێتەوە بەردەم پەرلەمانی كوردستان.

چوارەم: پەرلەمانی كوردستان، دوای رێكەوتنی سیاسی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەكان، ئاسایی بكرێتەوەو درێژە بە كاری یاسادانان‌و چاودێری بدات‌و بەردەوام بێت لە هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بۆ چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی دیموكراسی لە كوردستان.

پێنجەم: هەڵبژاردنە گشتییەكان لە وادەی یاسایی دیاریكراوی خۆیاندا ئەنجام بدرێن.


زۆرترین بینراو