بەرپرسێکی یەکێتی: لە گومرگی حاجی ئۆمەران مەترسیی پێکدادانمان لەگەڵ پارتی هەیە

هەواڵی / 21/8/2017 749 جار بینراوە

بەرپرسێکی یەکێتی: لە گومرگی حاجی ئۆمەران مەترسیی پێکدادانمان لەگەڵ پارتی هەیە

شه‌ن پرێس :
بەرپرسی ئۆرگانی یەکێتی لە باڵەکایەتی ڕایدەگەیەنێت"پارتی ڕێگا بە لایەنگرانمان نادات لە مەرزی حاجی ئۆمەران کاربکەن و ئێمەش چیتر بەرگە ناگرین و مەترسیی پێکدادان هەیە لەنێوانماندا"، قائیمقامی چۆمان و بەرپرسی گومرگەکە-ش ئەو قسانە ڕەت دەکەنەوە.

بەهۆی ئیدارەدانی پارتی لە سنورەکەدا، گومرگی حاجی ئۆمەران لە دەڤەری باڵەکایەتی لەلایەن بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق-ەوە بەڕێوەدەبرێت.

لوقمان وه‌ردى، به‌رپرسى ئۆرگانى یه‌کێتى له‌ سنورى باڵه‌کایه‌تى به‌ ڕۆژنیوزى ڕاگه‌یاند: باڵه‌کایه‌تى له‌ سه‌رجه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌کاندا له‌ پێش هه‌موو حزب و لایه‌نه‌کانه ‌و له‌ دواین هه‌ڵبژاردنیش یه‌کێتیی به‌جیاوازی ٣٦٨ هەزار ده‌نگ له‌پێش پارتییه‌وه‌ بوو، به‌ڵام سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ئیدارییه‌کانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ لای پارتییه‌وه‌ پڕکراونه‌ته‌وه،‌ که‌ گومرگى حاجى ئۆمه‌ران-یش یه‌کێکه‌ له‌وان.

 

لوقمان وه‌ردى


لوقمان وه‌ردى، وتیشى: له‌ ئێستادا کادیران و لایه‌نگرانى یه‌کێتیی ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت وەک شۆفێر له‌مه‌رزی حاجی ئۆمه‌ران کاربکه‌ن، ده‌بێت هێڵێک به‌دوو ده‌فته‌ر دۆلار بکڕنه‌وه‌، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ ڕێگه‌ی کارکردنیان پێده‌درێت که‌ فۆڕمی ئه‌ندامێتی پارتی پڕبکه‌نه‌وه‌.

ناوبراو، ئەو بارودۆخەی بە زوڵم و غه‌درێکی گه‌ورە له ‌کادیر و لایه‌نگرانی یه‌کێتی و ئه‌ندامانی لایه‌نه‌کانی تریشی دەرەوەی پارتی ناوبرد و وتیشی:"ئێمه‌ ئه‌وه‌ قبوڵ ناکه‌ین، پێشمان وایه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ مه‌ترسیداره‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانمان ئاگاداردووەته‌وه،‌ که‌ ئێمه‌ ناتوانین چیتر به‌رگه‌بگرین و مه‌ترسیی پێکدادانیشمان هه‌یه‌".

لوقمان وردی، ڕاشیگه‌یاند: خه‌ڵکی باڵه‌کایه‌تی چاوکراوه‌ن و ئه‌و دۆخه‌ قبوڵناکه‌ن، ئێمه‌ش ناتوانین پشت له‌خه‌ڵک و ئه‌ندامانی خۆمان بکه‌ین، بۆیه‌ ئه‌و سکاڵایانه‌ی ناردومانه‌ته‌ مه‌کته‌بی سیاسیمان و نوێنه‌رانمان ده‌بێت چاره‌سه‌ری بدۆزنه‌وه‌، ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ هه‌نگاوی تر ده‌گرینه‌به‌ر و پشت له‌ کادیر و لایه‌نگرانمان ناکه‌ین.

 

یه‌کێک له‌و هاوڵاتیانه‌ى ئێستا له‌ نێو سنورى گومرگى حاجى ئۆمه‌ران کاسبکاره‌، که‌ نه‌یویست ناوى ئاشکرا بکات به‌هۆى مەترسیی له‌ده‌ستدانى کاره‌که‌یه‌وه‌ بە ڕۆژنیوزی وت:"هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌م گومرگه‌ کارده‌که‌ن به‌ پشتگیریى پارتى لێره‌ن و حزب فه‌رمانى کردووه‌ که‌ لێره‌بن، ئه‌گه‌رنا هیچ کام له‌وانه‌ ناتوانن چ وه‌ک پیشه‌وه‌ر یان شۆفێرى ته‌کسى یان بارهه‌ڵگر و کارى تر بگرنه‌ ده‌ست".

بە وتەی ئەو کاسبکارە"حزب به‌زۆر خه‌ڵکى ناچارکردووه‌، که‌ فۆڕمى ئه‌ندامێتى پارتى پڕبکه‌نه‌وه‌ یان پشتگیریى له‌ ناوچه ‌و لق بێنن بۆ ئه‌وه‌ى کار لێره‌بکه‌ن، گه‌رنا به‌شى هه‌ره‌ زۆریان خواستى بوونه‌ پارتی و ئه‌ندامێتیان نییه‌ له‌و حزبه‌"، وتیشی:"خۆم یه‌کێک بووم به‌ پشتیوانى حزب لێره‌ کاره‌که‌م و زۆر داواى کارم کرد تا پشتگیریم نه‌هێنا وه‌رنه‌گیرام".

 
لە بەرامبەریشدا‌ مەسعود باتێلى، به‌ڕێوەبه‌رى گومرگى حاجى ئۆمه‌ران به‌ ڕۆژنیوزى ڕاگه‌یاند: حکومه‌ت حکومه‌تى هه‌موو خه‌ڵکه‌ بێ جیاوازى ئاینى و حزبى و مه‌زهه‌بی، بۆیه‌ هیچ جیاوازیه‌ک لە نێوان خه‌ڵک ناکه‌ین بۆ دامه‌زراندن و کارپێکردنیان له‌ گومرگى حاجى ئۆمه‌ران.

 

مەسعود باتێلى

مەسعود باتێلى، وتیشى:"لە مەرزی حاجی ئۆمەران ٨٠٠ تا ٩٠٠ ئۆتۆمبێلى بارهه‌ڵگرى تێدایه‌، که‌ خه‌ڵک و کاسبکارى حزب و لایه‌نه‌کانى تریش لێره‌ کاره‌که‌ن به‌ بێ جیاوازى حزبى، بۆیه‌ ئه‌و شته‌ هیچ ئه‌سڵ و ئه‌ساسێکى نیه ‌و دووره‌ له‌ ڕاستیەوە".


هەروەها، ئه‌حمه‌د قادر، قائیمقامى شارۆچکه‌ى چۆمان، به‌ ڕۆژنیوزى ڕاگه‌یاند:"ئەوانەی باس لە جیاوازیی دەکەن ده‌یانه‌وێـت دەستوەردانی حزبیى بکه‌ن، دەستوەردانی حزبیش له‌که‌س قبوڵناکرێت و ئێمه‌ش به‌پێى یاسا و ڕێنمایه‌کان ده‌جوڵێینه‌وه‌ له‌ سنوره‌که"‌.

 

ئه‌حمه‌د قادر

 

حاجی ئۆمەران یەکێکە لە شارەدێکانی شارۆچکەی چۆمان لە دەڤەری باڵەکایەتی و پارێزگای هەولێر، ڕووبەرەکەی بریتییە لە ١٤٠ کیلۆمەتر دووجا، کە ١٠%ی دەشتایییە و، ٦٠%ی چیایە و، ٣٠%ی گردە، ژمارەی گوندەکانی ١٩ گوندە و لە ساڵی ١٩٧٦ بووەتە شارەدێ (ناحیە).
 
مەرزی حاجی ئۆمەران هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پارێزگای پیرانشار-ەوە بەیەکەوە دەبەستێتەوە و بێجگە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی کەلوپەلەکانی بیناکاریی، خۆراک و سەوزە و میوە، ئۆتۆمبێل، نەوت و بەنزین، گەشتیارانیش لە مەرزەکەوە هاتووچۆ دەکەن.

زۆرترین بینراو