#شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدی شه‌عبی

گۆڕان: پێویسته‌ ریفراندۆم بۆ كات و هه‌لومه‌رجێكی له‌بار دوابخرێ .. ڕاگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە

هەواڵی / 12/8/2017 333 جار بینراوە

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان: پێویسته‌ ریفراندۆم بۆ كات و هه‌لومه‌رجێكی له‌بار دوابخرێ

شه‌ن پرێس:
کۆبوونەوەى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان لەبارەى دۆخى هەرێم و وەڵامدانەوەى پارتیەوە کۆتاییهات و دواتر راگەیەندراوێکی سەبارەت بە بڕیارەکانی ئەمڕۆی بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، جڤاتی‌ نیشتمانی‌ گۆڕان جه‌ختی‌ له‌سه‌ر باشكردنی‌ ژیانی‌ و بژێوی‌ هاوڵاتیان كرده‌وه‌ ‌و له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ سیستمی‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران ‌و دواخستنی‌ پرسی ریفراندۆم بۆ كاتێكی‌ گونجاو ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كان له‌ واده‌ی‌ یاسایی دیاریكراوی‌ خۆیاندا.

سەعات (10)ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی، بە سەرۆکایەتی عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەکۆی سەرەکی دەستی پێکرد و کۆبونەوەكه‌ش لەسەر سێ تەوەری سەرەکی بو ئەوانیش؛‌ پرسی ریفراندۆم ‌و پرسی‌ ئاسایی كردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ‌و پرسی كۆبونه‌وه‌ و پەیوەندی نێوان بزوتنه‌وی‌ گۆڕان و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان، به‌ تایبه‌تی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان.

ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌:

ده‌قی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:-

ئه‌مڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆبونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا هه‌لومه‌رجی سیاسی كوردستان و قه‌یرانی دارایی و نیگه‌رانیی هاوڵاتیانی كوردستان تاوتوێكران.

جڤاتی نیشتمانی جه‌ختی له‌سه‌ر باشكردنی ژیان و بژێوی هاوڵاتیان كرده‌وه‌و دوای تاوتوێكردنی راپۆرتی جڤاتی گشتی بڕیاریدا ئه‌م راگه‌یه‌نراوه‌ بخاته‌ به‌رده‌م رای گشتی و هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان گفتوگۆكردنی نێوان هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان به‌ بژارده‌یه‌كی گونجاو ده‌زانێ بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی:

یه‌كه‌م: هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری پاشه‌كه‌وتی موچه‌، كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌ نایاسایی به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستاندا سه‌پاندویه‌تی.

دوه‌م: ده‌سته‌به‌ركردنی شه‌فافیه‌ت له‌ داهاتی نه‌وت و غازو داهاته‌ ناوخۆییه‌كانی تر له‌ رێگای جێبه‌جێكردنی یاسای ژماره‌ ٢ ی ساڵی ٢٠١٥ی په‌رله‌مانی كوردستان تایبه‌ت به‌ سندوقی كوردستان بۆ داهاته‌ نه‌وتی و گازییه‌كانی كوردستان و یاسا كارپێكراوه‌كانی وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌كانی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێ پاره‌ی كۆمپانیاو كاسبكاران بدرێته‌وه‌و پاره‌ی پرۆژه‌ په‌كخراوه‌كان خه‌رج بكرێ و خزمه‌تگوزاری له‌ هه‌مو كه‌رته‌كاندا چاكبكرێت.

سێیه‌م: راگه‌یاندن و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان ئامانجی هه‌مو خه‌ڵكی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌. ریفراندۆم ئامرازێكه‌ پێش راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌نجام ده‌درێ. به‌ڵام بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ ٢٥/٩/٢٠١٧ له‌ ده‌ره‌وه‌ی زه‌مینه‌سازی یاسایی و هه‌لومه‌رجی له‌باری سیاسی و ئابوری و ئه‌منی و كۆمه‌ڵایه‌تی دراوه‌، به‌ تایبه‌تی كێشه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌ دابڕێنراوه‌كان. بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌م پرسه‌ بۆ كات و هه‌لومه‌رجێكی له‌بار دوابخرێ و بخرێته‌وه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان.

چواره‌م: په‌رله‌مانی كوردستان، دوای رێكه‌وتنی سیاسی نێوان هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، ئاسایی بكرێته‌وه‌و درێژه‌ به‌ كاری یاسادانان و چاودێری بدات و به‌رده‌وام بێت له‌ هه‌مواركردنی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بۆ چه‌سپاندنی سیستمی په‌رله‌مانی دیموكراسی له‌ كوردستان.

پێنجه‌م: هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كان له‌ واده‌ی یاسایی دیاریكراوی خۆیاندا ئه‌نجام بدرێن.



بزوتنه‌وه‌ی گۆران
١٢/٨/٢٠١٧

زۆرترین بینراو