شڤان بە پێنج ساڵ و فەرامۆش بە شەش مانگ زیندانی سزا دران

هەواڵی / 11/8/2017 497 جار بینراوە

شڤان بە پێنج ساڵ و فەرامۆش بە شەش مانگ زیندانی سزا دران

 

لەسەر ئەوەی ڕەخنەیان لە حکوومەت گرتبوو دوو کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی هەرێم، یەکێکیان بە ٥ ساڵ و ئەوی تریان بە شەش مانگ زیندانی سزا دران، یەکێک لە سزادراوەکان سزاکەی بە بڕیاری حزبی دەزانێت، بەرپرسێکیش لە وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: ״ئەو دوو کارمەندە کارمەندی عەسکەرین، سەرپێچیی یاساییان کردووە و لەسەر ئەوە سزا دراون״.
چوار ساڵ پێش ئێستا قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، حکوومەتیش هۆکاری قەیرانەکەی بۆ نەناردنی بەشەبودجەی لە لایەن بەغدا و دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی داعش گەڕاندەوە، بەڵام ئەمە نەبووە هۆی ڕازیکردنی بەشێک لە هاووڵاتییانی هەرێم و بەردەوام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە نووسین و ڤیدیۆ ڕەخنە ئاڕاستەی حکوومەت کرا و لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمیش خۆپیشاندان ئەنجامدرا، ئەمەش سزادانی بەشێک لەو کەسانەی لێ کەوتەوە ڕەخنەیان ئاڕاستەی حکوومەت دەکرد.
دیارترین ئەو کەسانەی حکوومەت لە ڕێگەی دادگاوە سزای بەسەریاندا سەپاند دوو کارمەندی هێزە ئەمنییەکان بوون.
شڤان ئازاد پۆلیسی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٥دا، گرتەیەکی ڤیدۆیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاو کردەوە، تیایدا ڕەخنەی لە حکوومەت گرت و وتی: ״تاکەی خەڵک ئەو ستەمە قبووڵ بکات״ ئەمە بێ ئەوەی ناوی هیچ لایەنێک بهێنێت.
ئەو، لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکەوە بە ״ئاژانس״ی وت: ״لە سەرەتای مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٥ و دوو مانگ و ٢٠ ڕۆژ دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدۆکەم هەرێمی کوردستانم بە نهێنی بەجێ هێشت״.
ڕۆژی ١٩ی مانگی ڕابردووی ٢٠١٧، بە هۆی ئامادەنەبوونی شڤان ئازاد لە بەردەم دادگادا، لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، دادگای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بڕیاری دا بە زیندانیکردنی شڤان ئازاد بە بەندکردنێکی قورس بۆ ماوەی دوو ساڵ، بە هۆی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنیشەوە، سزای سێ ساڵی بۆ دەرکراوە بە پاشملە.
سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگا شڤان وتی: ״ئەوە بڕیاری دادگا نییە و بە بڕیاری حزبیی دەزانم، بۆیە ئەو بڕیارە لەلام قبووڵکراو نییە، دەسەڵاتی هەرێم ئاشکرای کرد کە ڕەخنەگرتن باجێکی زۆری دەوێت بەتایبەت لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک״.
فەرامۆش نەجم ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی ڕانیە لە کاتی مانگرتنی بەشێک لە ئەفسەر و کارمەندانی هاتوچۆ لە سەرەتای مانگی دووی ساڵی ٢٠١٦دا لە لێدوانێکدا داوای مافی خۆی و ئەفسەرانی کرد، دواتر لەسەر ئەو لێدوانە برایە بەردەم دادگا و دوای شەش دانیشتن، دادگای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە سلێمانی، چوارشەممە ١٢ی تەمووزی ٢٠١٧، بڕیاری دا بە زیندانیکردنی فەرامۆش نەجم ئەفسەر لە هاتوچۆی ڕانیە بۆ ماوەی شەش مانگ.
حەمەئەمین نەجم برای مولازم فەرامۆش بە ״ئاژانس״ی وت: ״براکەم قسەی حەقی کردووە و داوای مافی ڕەوای خۆی کردووە، تەنیا لەسەر قسەکردن سزا دراوە، ئەم بڕیارە بە ڕەوا نابینین، ناکرێت کەسێک لەسەر دەربڕینی ڕای خۆی لەسەر ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەری کراوە زیندانی بکرێت״.
وتیشی: ״ئەویش وەک هەموو هاووڵاتییەکی تر داوای مافی خۆی کردووە، بەشداریی خۆپیشاندانی مەدەنییانەی کردووە کە ئامانجی خۆپیشاندانەکەیان ڕوون بووە، بۆیە ئەو بڕیارە ڕەت دەکەینەوە و داوای تەمیزکردنەوەی دەکەین״.
بە هۆی قەیرانی داراییەوە حکوومەتی هەرێم لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٥دا توانای پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی نەما لە کاتی خۆیدا و مووچەی سێ مانگی ئەو ساڵەی پێ نەدرا، بۆیە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦دا سیستمی پاشەکەوتی مووچەی پەیڕەو کرد، کە هەر فەرمانبەرە و بە ڕێژەیەک مووچەکەی کەم کرایەوە، بڕیارەکەی حکوومەت ناڕەزایی فەرمانبەرانی لێ کەوتەوە و زنجیرەیەک خۆپیشاندانی بە دوای خۆیدا هێنا.
قادر ڕەزگەیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاند، حکوومەتی هەرێم نەیتوانیوە مافی کارمەندەکانی خۆی دەستەبەر بکات، ئەو مافانەیشی یاسا پێی داون ئەوانەیشی لێ زەوت کردوون، بۆیە ئەو بڕیارەی بەسەریاندا سەپێنراوە نایاساییە، کاتێک حکوومەت مووچەکانیان پاشەکەوت دەکات و لە کاتی خۆیدا پێیان نادات و پلەکانیان بەرز ناکاتەوە، کە حەقی خۆیانە ئەوانیش دەبێت بە ڕێگەیەک داوای مافی خۆیان بکەن.
وتیشی: ״ئەو کارمەندانە کارێکیان نەکرووە ببنە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵات، بەڵکو بە شێوەی مەدەنی داوای مافی خۆیان کردووە، حکوومەت مووچەی بنەڕەتی لێ بڕیون، کە بە پێی یاسا نابێت دەستکاری بکرێت، لە کاتێکدا حکوومەت مافەکانی لێ زەوت دەکات دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکات ئەو کەسانە داوای مافی خۆیان بکەنەوە״.
سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەوانەی سزا دراون، سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بوون و بە پێی یاسای سەربازیی سزاکەیان دراوە.
سامی جەلال سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ بە ״ئاژانس״ی وت: ״تەنیا ئەوان نین سزا دراون، بەڵکو چەندین دۆسیەی تر لە دادگادایە و کەسی تریش سزا دراوە، ئەوانەی سزا دراون دادگا سزای داون، هیچ پەیوەندیی بە وەزارەتی ناوخۆوە نییە، دادگای سەربازی لە وەزارەتی ناوخۆ سەربەخۆیە و وەزارەت تەداخولی کارەکانی ناکات״.
وتیشی: ״ئەو دوو کارمەندە کارمەندی عەسکەرین و سەرپێچیی یاسایان کردووە، مەجلیسی تەحقیقی بە پێی بەڵگە ئیحالەی مەحکەمەی کردوون و لەسەر ئەو بەڵگانە سزا دراون، بەبێ بەڵگە ناتوانرێت کەس سزا بدرێت״.

 

 


زۆرترین بینراو