وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا داوای دواخستنی ڕیفراندۆم لە بارزانی دەكات

هەواڵی / 11/8/2017 247 جار بینراوە

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا داوای دواخستنی ڕیفراندۆم لە بارزانی دەكات

شه‌ن پریس - په‌ڕه‌گراف :
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا داوای دواخستنی ڕیفراندۆم لە مەسعود بارزانی دەكات، لە وەڵامدا بارزانی دەڵێت، چ زەمانەتێك‌و چ بەدیلێك هەیە بۆ ئایندەو دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستان؟.

پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی ڕێكس تیلەرسن لەگەڵ بارزانی دوێنێ ئەنجامدراوەو سەرۆكایەتی هەرێم ناوەڕۆكەكەی بڵاوكردوەتەوەو ئەوەی خستوەتەڕوو، لەو پەیوەندییەدا تیلەرسن دەستخۆشی لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردوە لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش‌و پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی كردووەو سەرەخۆشیی لە خانەوادەی شەهیدان كردووە.

"لە بەشێكی دیكەی ئەو پەیوەندییەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەستخۆشی لە بارزانی و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان كرد بۆ بڕیاری پێكهێنان و ناردنی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا بە مەبەستی دانوساندن لەسەر پرسە سیاسییەكان و هەورەها ئەوەیشی ڕاگەیاند كە پێی باشە ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان دوابخرێ و پشتگیریی خۆیشی بۆ دیالۆگ و دانوساندنی نێوان هەرێم و بەغدا دووپات كردەوە."

لەبەرانبەردا بارزانی سوپاسی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای كردوە بۆ هاوكارییەكانی وڵاتەكەی لەشەڕی دژی داعش، هەروەها تەئكیدی كردوەتەوە بەمنزیكانە شاندی باڵای هەرێم سەردانی بەغدا دەكات بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەستن بە ئایندەی پەیوەندیی نێوان كوردستان‌و بەغدا.

لەبارەی داواكاریی بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم، بارزانی بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای ڕاگەیاندوە ئەو پێكەوەژیانەی كوردستان لە ڕابردوو و لە قۆناغی جۆراوجۆر لەگەڵ دەوڵەتی عێراق هەوڵی بۆ دەدا جێبەجێ نەكرا، هەربۆیە گەلی كوردستان بڕیاریدا ڕێگەی خۆی بگرێتەبەر.

"بارزانی ئەوەیشی بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا خستەڕوو كە پرسیار ئەوەیە لە بەرانبەر دواخستنی ڕیفراندۆم چ زەمانەتێك و چ بەدیلێك هەیە بۆ ئاییندە و دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستان؟."

بەپێی ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێم، هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هەردوولا بڕیاریانداوە كە لە هەموو هەنگاو و پێشهاتە سیاسییەكانی ئایندەدا هاوكارو هەماهەنگ‌و لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن.

ئەو داوایەی ئەمەریكا بۆ دواخستنی ڕیفراندۆمەكەی كوردستان كە بڕیارە 25-9 ئەنجامبدرێت لەكاتێكدایە بەرپرسانی باڵای هەرێم بەردەوام دەڵێن، بەشێوەیەكی گشتی ڕای كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرامبەر بە ڕیفراندۆم ئەرێنییە، تەنها هەڵوێستی دوو وڵات جیاوازە لە وڵاتانی تر، ئەویش ئێران‌و توركیان‌و توركیا نەرمترە.

ئێران لە ئاستی باڵادا بە هەڵوێستی فەرمی‌و لێدوانی توند دژایەتی ڕیفراندۆمی كردووە، 1ی ئەم مانگەش شاندێكی ئێرانی كە بەرپرسانی مەلەفی عێراق‌و هەرێم بوون لە سوپای قودس لە كوردستان بوون‌و لەسەر پرسی ڕیفراندۆم لەگەڵ مەسعود بارزانی‌و بەرپرسانی باڵای حزبەكان كۆبوونەوە.

ڕۆژی 7-6-2017 لە كۆبوونەوەی بارزانی‌و حزبەكاندا كە گۆڕان‌و كۆمەڵ بایكۆتیان كرد بڕیاردرا لە 25-9دا ڕیفراندۆم ئەنجامبدرێت، ئەوەش كاردانەوەی لێكەوتەوەو هەریەكە لە ئەمەریكاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو توركیا‌و ئێران‌و عێراق ڕایانگەیاند ئەوان لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقدان‌و هەڵوێستی جیاوازیان لەبارەی بڕیارەكەی كوردەوە خستەڕوو.

لەسەر ئاستی ناوخۆش، بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی تائێستا بەڕونی بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان بۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دیاری نەكردووە، ئەوانەش لەكاتێكدان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و حزبەكانی دیكە كە بەشدارن لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، سوورن لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەكە لە وادەی خۆیدا.

 

زۆرترین بینراو