به‌ شه‌ش به‌رپرسی هه‌رێم كه‌ سه‌رجه‌مییان " پارتین " هه‌شتا ساڵه‌ له‌ پۆسته‌كانیاندان .

هەواڵی / 3/8/2017 757 جار بینراوە

به‌ شه‌ش به‌رپرسی هه‌رێم كه‌ سه‌رجه‌مییان " پارتین " هه‌شتا ساڵه‌ له‌ پۆسته‌كانیاندان .


شه‌ن پرێس :
مانه‌وه‌ی 12 ساڵه‌ی مه‌سعود بارزانی له‌ پۆسته‌كه‌یدا به‌ ته‌نیا نیه‌ و پێنج به‌پرسی تری هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ 10 ساڵه‌ له‌ پۆسته‌كانیاندان كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت و كه‌ریم سنجاری وه‌زیری ناوخۆ پشكی شێرییان به‌رده‌كه‌وێت كه‌ 16 ساڵه‌ له‌ پۆسته‌كانیاندان .
پرسی به‌رنه‌دانی پۆست له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كی ئیداریی كوردیی هه‌رێمدا چوار جار هڵبژاردنی گشتی كراوه‌ كه‌ بنه‌مای ئاڵوگۆڕی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ .
ئه‌و شه‌ش كه‌سه‌ی كه‌ بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ له‌ پۆسته‌كانیاندا ماونه‌ته‌وه‌ سه‌رجه‌ممیان له‌ پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانن و پۆسته‌ سیادییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ .
چاودێرێكی سیاسی ده‌ڵێت : پۆستی سیاسی ده‌بێت به‌ پێی هه‌ڵبژاردن چوار ساڵ جارێك ده‌ستاو ده‌ست بكرێت ، به‌لام له‌ هه‌رێمی كوردستان دا ده‌ستاوده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵاتمان نیه‌ .
دكتۆر ئه‌مین فه‌ره‌ج مامۆستای زانسته‌ سیاسیه‌كان له‌ زانكۆی صه‌ڵاحه‌دین به‌ ڕۆژنامه‌ی ئاژانسی وت : مانه‌وه‌ی كه‌سه‌كان له‌ پۆسته‌كانیان بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ پۆسته‌كاندا په‌یوه‌ندی به‌ ستراتیژی كاركردنی حكومه‌تی هه‌ریمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ كاریگه‌ری سیاسیی له‌سه‌ره‌ و هه‌ر كه‌سێك له‌ پۆستێكدا زۆر بمێنێته‌وه‌ توشی گه‌نده‌ڵی ده‌بێت و دانان و لابردنی كه‌سه‌كان به‌ پێی پێوه‌ره‌ یاساییه‌كان نیه‌  ، هه‌ڵبژاردن ته‌نیا بۆ پۆسته‌ گشتیه‌كانی وه‌ك ئه‌ندام په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانیه‌كان و دواتر دروستكردنی حكومه‌ت و وه‌زیر و پارێزگاره‌كانه‌ .

وتیشی : له‌ هه‌رێمی كوردستاندا له‌ ڕووی سیاسسه‌وه‌ ده‌ستاوده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵاتمان نیه‌ ، ته‌نیا شه‌رعیه‌تدانی شكڵیمان هه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌ و پڕه‌ له‌ كه‌موكوڕی .

مه‌سعود بارزانی له‌ ساڵی 2005 هه‌تاكو ئێستا

 
مه‌سعود بارزانی له‌ دوای سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی ناوخۆ و دروستبوونی دوو ئیداره‌ی له‌ ساڵی 1994 دا له‌ ڕیگه‌ی بڕیارێكی په‌رله‌مانه‌وه‌ كه‌ ئه‌وكات یه‌كێتی و به‌شێك له‌ لایه‌نه‌كانی تر بایكۆتیان كردبوو وه‌ك سه‌رۆكی كوردستان دیاریكرا ، بۆیه‌كه‌مجار له‌ هه‌ڵبژاردنی 31/12/2005 دا وه‌ك یه‌كه‌م سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژردرا .
له‌ 25/7/2009 بۆ جاری دووه‌م له‌ هه‌ڵبژاردنی گشتی دا وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌ و له‌ 31/حوزه‌یرانی ساڵی 2013 كاتێك ویلایه‌ته‌كه‌ی كۆتایی هاتبوو له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ به‌ بڕیارێك دوو ساڵی تری بۆ درێژكرایه‌وه‌ .
له‌ مانگی ئابی ساڵی 2015 دا كه‌واده‌ی كۆتایی ویلایه‌ته‌ دوو ساڵیه‌كه‌ی بوو پۆسته‌كه‌ی كێشه‌ی یاسایی تێكه‌وت و به‌ هۆی هه‌وڵی چوار فراكسیۆن بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم قه‌یرانی یاسایی  و سیاسی لێكه‌وته‌وه‌ كه‌له‌وكاته‌وه‌ له‌ پۆسته‌كه‌یدا ماوه‌ته‌وه‌ به‌مه‌ش بارزانی 12 ساڵه‌ له‌ پۆسته‌كه‌یدایه‌ .

 

نێچیرڤان بارزانی 16 ساڵه‌ له‌یه‌ك پۆستدایه‌ .

 
نێچیرڤان بارزانی  سه‌رۆكی ئێستای حكومه‌تی هه‌ریمی كوردستان و جێگیری سه‌رۆكی پارتی له‌ ساڵی 1996 پۆستی جێگیری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی وه‌رگرت وه‌ له‌ ساڵی 1999 به‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌ست نیشانكرا ، وه‌ له‌ ئازاری 2006 بۆ جاری دووه‌م پۆستی سه‌رۆكی كابینه‌ی پێنجه‌می یه‌كگرتووی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی وه‌رگرته‌وه‌ ، له‌ ساڵی 2009 به‌رهه‌م ساڵح بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌تی وه‌رگرت له‌ كابینه‌ی شه‌شه‌مدا و دواتر و له‌ ساڵی 2012 تا 2014 نێچیرڤان بارزانی بووه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ كابینه‌ی حه‌وته‌م دا له‌و كاته‌وه‌ تاكو ئێستا زیاتر له‌ 16 ساڵه‌ له‌و پۆسته‌دایه‌ .

 

فواد حسێن 12 ساڵه‌ له‌ دیواندا

فواد حسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر پشكی پارتی له‌ 1/8/2005 ه‌وه‌ له‌وكاته‌وه‌ تائێستا به‌رده‌وامه‌ له‌ پۆسته‌كه‌یدا كه‌ 12 ساڵ ده‌كات .

ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و پۆسته‌ له‌ دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا له‌ دوای جێگیری سه‌رۆك باڵاترینه‌ ، به‌وپێیه‌ی به‌ گوێره‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی ساڵی 2005 ئه‌ركی سه‌رپه‌رشتیكردنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی دیوان و ڕێكخستنی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌  ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ ڕێكخستنی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان سه‌رۆكایه‌تی هه‌ریم و ده‌سه‌ڵاته‌كانی عێراق و ڕێكخستنی چالاكی و په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌رێمه‌ له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان

 

ئاشتی هه‌ورامی 11 ساڵه‌ نه‌وتی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌

عبدالله‌ عبدالرحمن عبدالله‌ ناسراو به‌ ئاشتی هه‌ورامی ته‌مه‌ن 69 ساڵ ، له‌ ئایاری ساڵی 2006 ه‌وه‌ وه‌ك وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستنیشان كراوه‌ و له‌ 28/10/2009دا له‌ كابینه‌ی شه‌شه‌می حكومه‌تدا بۆ جاری دووه‌م هه‌مان وه‌زاره‌تی وه‌رگرته‌وه‌ و له‌ 5/4/2014دا له‌ حه‌وته‌م كابینه‌ی حكومه‌ت دا بۆ سێیه‌م جار كرایه‌وه‌ به‌ وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كان و له‌ كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تیش دا به‌هه‌مان شیوه‌ی ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرته‌وه‌ كه‌ به‌مه‌ش 11 ساڵه‌ له‌و بۆسته‌دایه‌ و وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كانه‌ .


فه‌لاح مسته‌فا په‌یوه‌ندیه‌كی 12 ساڵه‌

فه‌لاح مسته‌فای ته‌مه‌ن 53 ساڵ ، كه‌له‌ ساڵی 1999 له‌سه‌ر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كابینه‌ی سێیه‌می حكومه‌تی ئیداره‌ی هه‌ولێر پۆستی بریكاری وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و ئاودیری وه‌رگرتووه‌ وه‌ له‌ ساڵی 2002 تا 2004 ڕاوێژكاری نێچیرفان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم بووه‌ و له‌ ساڵی 2004  و له‌ كابینه‌ی چواره‌می حكومه‌ت پۆستی وه‌زیری هه‌رێمی وه‌رگرتووه‌ و له‌ كابینه‌ی پێنجه‌می حكومه‌ت به‌ پله‌ی وه‌زیری بووه‌ به‌ برپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و تاكو ئێستاش له‌ كاره‌كه‌ی به‌رده‌وامه‌ كه‌ ماوه‌ی 12 ساڵ ده‌كات .


كه‌ریم سنجاری 16 ساڵه‌ ناوخۆ نادات به‌ ده‌سته‌وه‌ .

عبدالكریم سوڵتان عبدالله‌ ناسراو به‌ كه‌ریم سنجاری ته‌مه‌ن 67 ساڵ ، له‌ سالی 2001 ه‌وه‌ پۆستی وه‌زیری ناوخۆ ئیداره‌ی هه‌ولێری وه‌رگرتووه‌ و له‌ ساڵی 2005 له‌ كابینه‌ی هاوبه‌شی حكومه‌تی هه‌ریم بۆ جاری دووه‌م پۆسته‌كه‌ی وه‌رگرتۆته‌وه‌ و به‌ هه‌مان شیوه‌ له‌ ساڵی 2009 و 2013 دا بۆ جاری سێیه‌م و چواره‌م هه‌مان پۆستی وه‌رگرتۆته‌وه‌ و تاكو ئێستاش به‌رده‌وامه‌ به‌مه‌ش 16 ساڵه‌ وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ .



زۆرترین بینراو