چیرۆكی‌ ئه‌و كۆپته‌رانه‌ی‌ كوردستانیان سه‌رقاڵكرد

هەواڵی / 14/7/2017 2217 جار بینراوە

چیرۆكی‌ ئه‌و كۆپته‌رانه‌ی‌ كوردستانیان سه‌رقاڵكرد ،،، بۆ لای‌ داعش یان پێشمه‌رگه‌؟

 

شه‌ن پرێس :

هه‌ستیار قادر
گرته‌یه‌كی‌ ڤیدیۆیی‌ نیشتنه‌وه‌ی‌ چه‌ند فرۆكه‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ له‌ناوچه‌یه‌كی‌ نزیك بنده‌ستی‌ داعش به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ بۆ ماوه‌ی‌ دوو هه‌فته‌ ئه‌م بابه‌ته‌ ببێته‌ باسێكی‌ گه‌رموگوڕی‌ سه‌ر زاری‌ خه‌ڵكی‌.

رۆژی‌ 29ی‌ مانگی‌ رابردوو (حوزه‌یران) گرته‌یه‌كی‌ ڤیدیۆیی‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ تیایدا شه‌ش كۆپته‌ری‌  سه‌ربازیی‌‌و دوانی‌ گه‌وره‌تر كه‌ به‌نه‌فه‌ر هه‌ڵگر ناسێنراون به‌سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌دا ده‌فڕن‌و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌مۆبایل گیراوه‌ بۆیه‌ ئاراسته‌ی‌ فڕین‌و نیشتنه‌وه‌یان به‌روونی‌ ده‌رناكه‌وێت.

به‌پێی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان‌و به‌شێك له‌میدیاكان بڵاوبۆوه‌، گێڕانه‌وه‌ی‌ جۆراو جۆری‌ بۆ ئه‌و رووداوه‌ ده‌خرایه‌ روو، جگه‌ له‌وه‌ی‌ ناسنامه‌ی‌ فڕۆكه‌كان‌و شوێنی‌ نیشتنه‌وه‌ی‌ دیار نه‌بوون، به‌ڵام مه‌ترسیدارترین سیناریۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌ ده‌وترا ئه‌و فرۆكانه‌ ئه‌مه‌ریكی‌ یان توركین‌و له‌ناوچه‌كانی‌ بنده‌ستی‌ داعش نیشتونه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كۆمه‌كی‌ سه‌ربازی‌ به‌و گروپه‌ بگه‌یه‌نن.
 
له‌ماوه‌ی‌ سێ‌ ساڵی‌ رابردوودا زیاد له‌جارێك قسه‌ی‌ له‌و جۆره‌ كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر زاری‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان كه‌ ده‌ڵێن توركیاو ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریكاش هاوكاری‌ راسته‌وخۆی‌ داعش ده‌كه‌ن‌و به‌فرۆكه‌ كۆمه‌كیان پێ‌ ده‌گه‌یه‌نن، ئه‌م رووداوه‌ نوێیه‌ش به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكه‌ به‌گومانه‌كه‌ بیكه‌نه‌ پاساوی‌ لێكدانه‌وه‌كانی‌ خۆیان.
دوو هه‌فته‌یه‌ باس‌و خواسی‌ فرۆكه‌ نه‌ناسراوه‌كان بووه‌ته‌ بابه‌تێكی‌ گه‌رم له‌لای‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان، ده‌یان لێكدانه‌وه‌و پێشبینی‌ جیاوازی‌ بۆ ده‌خرێته‌ روو، بۆیه‌ تیمی‌ "نیقاش" شوێن سه‌ره‌داوه‌كان كه‌وت بۆ ئه‌وه‌ی‌ راستی‌ رووداوه‌كه‌ بسه‌لمێنێت.

گرته‌ ڤیدیۆییه‌كان دوو پارچه‌بوون، یه‌كێكیان وێنه‌ی‌ فڕۆكه‌كان به‌ئاسمانه‌وه‌ گیرابوون ئه‌وی‌ تریان رۆیشتن‌و گه‌ڕانه‌وه‌یان پیشان ده‌دات كه‌ تیایدا هێزێكی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ مقۆمقۆیانه‌ له‌سه‌ر ناسنامه‌ی‌ فڕۆكه‌كان، بێ ئه‌وه‌ی‌ هێزه‌كه‌و شوێنی‌ گرتنی‌ گرته‌ ڤیدیۆكه‌ش ئاشكرا بێت.

ڤیدیۆی یەکەم

 
ڤیدیۆی دووەم
 
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ڤیدیۆكه‌ به‌مۆبایلی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ك گیراوه‌ له‌سه‌نگه‌ره‌كانی‌ هه‌ره‌ پێشه‌وه‌و له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و نه‌ وێنه‌گره‌كه‌و نه‌ خاوه‌نی‌ په‌یجه‌كانیش ناسراو نه‌بوون، بۆیه‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ كارێكی‌ له‌م شێوه‌یه‌ پرۆسه‌یه‌كی‌ ئاسان نه‌بوو.

 

بۆ زیاتر له‌هه‌فته‌یه‌ك په‌یامنێری‌ "نیقاش" بۆ سه‌رچاوه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ ڤیدیۆكه‌ گه‌ڕاو ده‌ركه‌وت رۆژی‌ 29ی‌ حوزه‌یران له‌په‌یجێكی‌ فه‌یسبووك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ به‌ناوی‌ (كه‌ركوك 24)، له‌سه‌ر پۆستی‌ ڤیدۆكه‌ش نوسراوه‌ "حه‌وت هێلیكۆپته‌ری‌ ره‌ش له‌سنوری‌ باشووری‌ كه‌ركوك له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ تیرۆریستانی‌ داعش نیشتنه‌وه‌، یه‌كێك له‌هێلیكۆپته‌ره‌كان بارهه‌ڵگر بووه‌و شه‌ش هێلیكۆپته‌ره‌كه‌ی‌ دیكه‌ش پاسه‌وانی‌ هێلیكۆپته‌ره‌ بارهه‌ڵگره‌كه‌ بوون، هێلیكۆپته‌ره‌كان دوای‌ كاتژمێرێك هه‌ستاون به‌سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌دا رۆیشتوون".

نیقاش له‌كاتی‌ تۆماركردنی‌ ڤیدیۆكه‌ی‌ كۆڵییه‌وه‌و ده‌ركه‌وت پێش ئه‌و كاته‌ له‌سه‌ر تۆڕه‌كانی‌ ئینته‌رنێت ئه‌و ڤیدیۆیه‌ بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌و به‌پێی‌ جل‌و به‌رگی‌ ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی‌ له‌ڤیدۆكه‌دا ده‌رده‌كه‌ون له‌گه‌ڵ كه‌شوهه‌وای‌ ناوچه‌كه‌، وا ده‌نوێنێت له‌هاویندا وێنه‌ی‌ گیرابێت‌و نزیك بێت له‌و رێكه‌وته‌ی‌ په‌یجه‌كه‌ نوسیوێتی‌.

به‌هاوكاری‌ چه‌ند رۆژنامه‌نووسێكی‌ كه‌ركوكی‌، تیمی‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی‌ په‌یجی‌ (كه‌ركوك 24) دۆزرانه‌وه‌و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ كرا، هه‌رچه‌نده‌ داوایانكرد به‌هۆكاری‌ ئه‌منی‌ ناویان بڵاونه‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ڤیدیۆكه‌ نوێیه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ك كه‌ له‌كاتی‌ راپه‌ڕاندنی‌ ئه‌ركه‌كه‌یدا بووه‌ وێنه‌ی‌ گرتووه‌و بۆی‌ ناردوون.
 
له‌سنوری‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك پێنج میحوه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ شه‌ڕ هه‌یه‌ كه‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ تیایدا ئاماده‌ن، به‌ڵام سیانیان  سنوریان به‌قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ی‌ ژێر ده‌ستی‌ داعشه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆ گه‌ڕان به‌دوای‌ راستی‌ گرته‌ ڤیدییۆیه‌كه‌و شوێنه‌كه‌یاندا پێویست ده‌كات ئه‌گه‌ری‌ هه‌ركام له‌و میحوه‌رانه‌ تاقیبكرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ به‌ سه‌دان كیلۆمه‌تر له‌باشوری‌ كه‌ركوك درێژ ده‌بێته‌وه‌.
 
به‌پێی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ نێره‌ری‌ گرته‌ ڤیدییۆكان بۆ په‌یجه‌كه‌یان باسكردووه‌ به‌شێك له‌و گرتانه‌ له‌سنوری‌ قه‌زای‌ داقوق گیراون، به‌ڵام ئه‌وه‌ش  یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ نه‌بوو.
 
میحوه‌ری‌ داقوق ده‌كه‌وێته‌ باشوری‌ شاری‌ كه‌ركوك كه‌ به‌میحوه‌ری‌ چوار ناسراوه‌ ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین وێستگه‌ی‌ گه‌ڕانمان بوو به‌دوای‌ راستی‌ گرته‌ ڤیدیۆكه‌دا.
 
لیوا محه‌مه‌دی‌ حاجی قادر فه‌رمانده‌ی‌ میحوه‌ری‌ داقوقی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ وێرای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ رۆژانه‌ فڕۆكه‌ به‌سه‌ر ناوچه‌كانیاندا ده‌سوڕێته‌وه‌، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌و هه‌شت فڕۆكه‌یه‌ی‌ گرته‌ ڤیدیۆكه‌ وتی‌ "ئه‌وه‌راست نه‌بوون‌و گرته‌یه‌كی‌ كۆن بووه‌".
 
ئه‌و فه‌مانده‌یه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "من ئه‌و رۆژه‌ له‌ساتره‌كاندا بووم‌و ئه‌وگرته‌یه‌ هی‌ ناوچه‌كه‌ی‌ ئێمه‌ نییه‌، چونكه‌ ده‌یانناسمه‌وه‌، به‌ڵام ناشزانم كوێیه‌؟".

ترس له‌لێپرسنه‌وه‌و پاساوی‌ پاراستنی‌ نهێنییه‌ سه‌ربازییه‌كان وایكرد كه‌ هه‌وڵی‌ زیاتر بده‌ین له‌سنوری‌ داقوقدا بۆ گه‌یشتن به‌راستی‌ ڤیدیۆكه‌.
 

به‌رپرسێكی‌ سه‌ربازیی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌میحوه‌ری‌ داقوق كه‌ نه‌یوست ناوی‌ بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆیانه‌ له‌سنوری‌ ئێمه‌ نییه‌، من شاره‌زای‌ سه‌نگه‌رو ناوچه‌كانم" به‌ڵگه‌ی‌ ئه‌وه‌شی‌ هێنایه‌وه‌ كه‌ له‌سنوره‌كه‌ی‌ ئه‌وان هیچ بورجێكی‌ كۆمپانیاكانی‌ مۆبایل بوونی‌ نییه‌، له‌كاتێكدا له‌گرته‌ ڤیدۆكه‌دا بورجێك به‌دی‌ ده‌كرێت.

 

گومان له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ خێرا ته‌شه‌نه‌ی‌ كرد كه‌ وه‌ستا ره‌سول فه‌رمانده‌ی‌ میحوه‌ری‌ چواری‌ باشوری‌ كه‌ركوك رۆژی‌ 30ی‌ حوزه‌یران ناچار بوو كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌نووسی‌ سازبكات، به‌ڵام قسه‌كانی‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ سه‌ربازییه‌ كه‌مێك ئاڕاسته‌ی‌ به‌دواداچوونه‌كانی‌ "نیقاش"ی‌ گۆڕی‌، چونكه‌ ئه‌و وتی‌ "فرۆكه‌كان سه‌ر به‌ئۆپراسیۆنی‌ هاوبه‌شی ئه‌مریكا‌و عێراق بوون‌و ئۆپراسیۆنێكی‌ سه‌ربازییان به‌سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجامداوه‌، به‌ڵام زانیاریی‌ زیاتر له‌سه‌ری‌ نادركێنین".

عه‌مید یه‌حیا ره‌سول وته‌بێژی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی‌ سوپای‌ عێراق‌و وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ له‌عێراقدا كه‌ ئه‌مریكا بیكات یان هه‌ر لایه‌نێك به‌بێ ره‌زامه‌ندی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ ئه‌نجام نادرێت‌و سه‌باره‌ت به‌و گرته‌ ڤیدیۆییانه‌ش ئێمه‌ خه‌ریكی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ین لێیان‌و گه‌ر گه‌یشتینه‌ ده‌ره‌نجام به‌ره‌سمی‌ رایده‌گه‌ێنین".

 به‌پێی‌ قسه‌ی‌ ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ تا كاتی‌ نوسینی‌ ئه‌م راپۆرته‌ له‌ 12ی‌ ته‌مموز، سوپای‌ عێراقی‌ به‌فه‌رمی‌ ورده‌كاری‌ فڕین‌و نیشتنه‌وه‌ی‌ فرۆكه‌كانی‌ بۆ ئاشكرا نه‌بووه‌.

 گه‌ڕان به‌دوای‌  پێگه‌یه‌كی‌ تردا بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ له‌گرته‌ ڤیدییۆكه‌ ئاسان نه‌بوو "نیقاش" سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ به‌كارهێنا كه‌ تیایدا ناوی‌ "ته‌ل بوسیل" هێنرا كه‌ گوایه‌ ڤیدۆكه‌ له‌وێ تۆمار كراوه‌.

"ته‌ل بوسیل" له‌سنوری‌ میحوه‌ری‌ سێی‌ قه‌زای‌ دووزخورماتووه‌ كه‌ سنورێكی‌ فراوانه‌و ده‌كه‌وێته‌ سنوری‌ باشوری‌ كه‌ركوك.

عه‌بدوڵا بۆر به‌رپرسی ئه‌و میحوه‌ره‌  ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ رۆژانه‌ پیشمه‌رگه‌كانی‌ گرته‌ی‌ ڤیدیۆیی‌و وێنه‌ ده‌گرن‌و بڵاویكده‌كه‌نه‌وه‌، كاتێك "نیقاش" گرته‌ ڤیدۆییه‌كه‌ی‌ پیشاندا وتی‌ "ئه‌و شوێنه‌ی‌ گرته‌ ڤیدییه‌كه‌ی‌ تیا گیراوه‌ ته‌لبوسیل نییه‌، من ئه‌و رۆژه‌ له‌ناوچه‌كه‌ بوو، فڕۆكه‌ی‌ له‌م شێوه‌یه‌م نه‌بینیوه‌".


دڵنیابوونه‌وه‌ له‌و پرسه‌ له‌رێگه‌ی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ تره‌وه‌ دوودڵی‌ سه‌ر ئه‌و گومانه‌ ده‌ره‌وێنێته‌وه‌، چونكه‌ عه‌مید هه‌ڵمه‌ته‌ ره‌ش یه‌كێك له‌فه‌رمانده‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌سنوری‌ ته‌ل بوسیل  به‌"نیقاش"ی وت "ئه‌و رۆژه‌ دوو كاروان فڕۆكه‌ هاتوون، به‌ڵام له‌م جۆره‌ نه‌بوون، ئه‌گه‌ر ئه‌و روداوه‌ لێره‌ بوایه‌ پێشمه‌رگه‌كانمان پێیان ده‌وتم".

گه‌یشتن به‌رێگایه‌كی‌ داخراو له‌ده‌رخستنی‌ راستی‌ گرته‌یه‌كی‌ ڤییۆیی ئه‌و فڕۆكانه‌ كاره‌كان قورستر ده‌كات‌و له‌م میحوه‌ره‌شیان هیچ ئه‌نجامێكی‌ ئه‌وتۆ ساغ نه‌بووه‌وه‌

شاره‌زایی لیوا حه‌مه‌ رێگر فه‌رمانده‌ی‌ میحوه‌ری‌ پێنجی‌ دووبز به‌وه‌كاله‌ت هه‌روه‌ك به‌شێك له‌سه‌رچاوه‌كانی‌ "نیقاش" باسیان كرد دواهیوا بوو بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ سه‌ره‌داوی‌ ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆیه‌.

 
ئه‌و ده‌ستبه‌جێ‌و به‌بێ دوو دڵی‌ له‌پاش پرسیاركردن به‌"نیقاش"ی وت "گرته‌ ڤدیۆییه‌كه‌ هی‌ سنوری‌ حلێوه‌یه‌و فڕۆكه‌كان له‌فڕۆكه‌خانه‌یه‌كی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ نیشتونه‌ته‌وه‌". ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌ باشوری‌ رۆژئاوای‌ دووز خورماتووی‌ سه‌ر به‌ پارێزگای‌ سه‌ڵاحه‌دین.

 

ئێره‌ دواسنوره‌ له‌گه‌ڵ داعش كه‌ گومانی‌ له‌سه‌ر بێت كه‌ ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆیه‌ له‌وێ گیرابێت به‌وپێیه‌ی‌ به‌پێی‌ به‌دواداچونه‌كانمان ته‌ختی‌ ناوچه‌كه‌ هاوشێوه‌ی‌ ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ گرته‌ ڤیدۆییه‌كه‌ی‌ لێ گیراوه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ تێكه‌ڵی‌ جوله‌به‌رگی‌ پێشمه‌رگه‌كان له‌نێوان جۆری‌ تایبه‌ت به‌پێشمه‌رگه‌ی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌‌و پارتی‌ دیموكراتدا ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر گومانه‌كانی‌ ئێمه‌ی‌ برد به‌ره‌و ئه‌و شوێنه‌، به‌و پێیه‌ی‌ هێزی‌ هاوبه‌ش‌و تێكه‌ڵی‌ حه‌فتاو هه‌شتای‌ ئه‌و دوو حزبه‌ی‌ لێیه‌ له‌ژێر سایه‌ی‌ لیوای‌ 16ی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌دا.

 

لیوا حه‌مه‌ رێگر وتی‌ "به‌رپرسی ئه‌و یه‌كه‌یه‌ی‌ گرته‌ ڤیدیۆكه‌ی‌ گرتووه‌ په‌یوه‌ندی‌ پێوه‌كردووم‌و پێی‌ وتم ئه‌و وێنانه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ ئێمه‌ گرتویه‌تی‌".

عه‌قید ئازاد به‌رغه‌ش ئه‌فسه‌ر له‌فه‌وجی‌ یه‌كی‌ لیوای‌ 16ی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ره‌و راستی‌ روداوه‌كه‌ی‌ بردین كاتێك به‌"نیقاش"ی وت "ئه‌و گرته‌ ڤیدۆییه‌ له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ ئێمه‌ وێنه‌ گیراوه‌و دوای‌ بڵابوونه‌وه‌شی بانگمان كردووه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌، ئێمه‌ ئاگادارین فڕۆكه‌كان له‌فڕۆكه‌خانه‌ی‌ حلێوه‌ نیشتونه‌وه‌و گرته‌كه‌ش له‌باره‌گای‌ فه‌وجی‌ یه‌كه‌مه‌ گیراوه‌".

به‌رغه‌ش وتیشی‌ "ئه‌و فڕۆكه‌خانه‌یه‌ چه‌ند كیلۆمه‌ترێك له‌پێگه‌كانی‌ ژێر ده‌ستی‌ داعشه‌وه‌ دووره‌ له‌ناوچه‌ی‌ زه‌رگه‌ بۆیه‌ وا گومان ده‌كرا كه‌ ئه‌و فڕۆكانه‌ له‌سنوری‌ داعش نیشتبنه‌وه‌، به‌ڵام فڕۆكه‌كان ئه‌مریكی‌ بوون‌و فرۆَكه‌خانه‌ی‌ حلێوه‌ش به‌ده‌ست هێزه‌كانی‌ ئێمه‌وه‌یه‌و جاربه‌جار له‌وێ ده‌نیشنه‌وه‌".

زیاد له‌ئه‌فسه‌رێكی‌ پێشمه‌رگه‌ هۆكاری‌ جموجۆڵی‌ فرۆكه‌كانیان بۆ "نیقاش" باسكرد، به‌و مه‌رجه‌ی‌ نهێنییه‌كه‌ پارێزراو بێت، چونكه‌ ناوچه‌كه‌ هاوسنوری‌ داعشه‌و دركاندنی‌ هه‌ر زانیارییه‌ك به‌زیان بۆ هێزه‌كانیان ده‌شكێته‌وه‌.

هه‌ستیاریی‌ پرسه‌كه‌ وایكرد "نیقاش" نه‌توانێت له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشمه‌ریه‌یه‌دا قسه‌ بكات كه‌ گرته‌ ڤیدۆییه‌كه‌ی‌ گرتووه‌ به‌ڵام توانیومان ده‌ستمان بگات به‌حه‌سه‌ن عه‌بدوڵا حه‌سه‌ن كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و پێشمه‌ركانه‌ له‌گرته‌كه‌دا قسه‌ ده‌كات‌و ده‌ڵێت "كۆپته‌ره‌كان ئه‌مه‌ریكین"، ئه‌و به‌"نیقاش"ی وت "سه‌عات 11ی‌ پێشنوه‌ڕۆ بوو كه‌ ئه‌و فڕۆكه‌كانه‌مان بینی‌‌و هه‌مومان هاتینه‌ ده‌ر، به‌ڵام نازانم كێ  گرته‌ ڤیدۆییه‌كانی‌ گرتووه‌".
 

وتیشی‌ "رۆژی‌ هاتنی‌ فرۆكه‌كان سه‌ره‌ی‌ گۆڕینی‌ ده‌وامم بوو له‌وێ‌ ئه‌ركه‌كه‌كه‌م ته‌واو ئه‌بوو له‌ده‌وربه‌ری‌ 27ی‌ مانگ" به‌پێی‌ ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه‌ بێت رووداوه‌كه‌ دوو رۆژ به‌ر له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ڤیدۆكه‌ روویداوه‌.

لێره‌دا چیرۆكی‌ فڕۆكه‌كان كۆتاییی‌ نایه‌ت به‌تایبه‌ت دڵنیابونه‌وه‌ له‌ناسنامه‌ی‌ فڕۆكه‌كان‌و ئه‌و شوێنانه‌ی‌ لێوه‌ی‌ هاتوون.

عه‌قید ئازاد به‌رغه‌ش ده‌ڵێت "فڕۆكه‌ی‌ ئه‌مریكی‌ بوون، بۆ ئۆپراسیۆنیش نه‌هاتبوون یان له‌فڕۆكه‌خانه‌ی‌ هه‌ولێر یان هه‌ریره‌وه‌ هاتبوون".

 گه‌ران به‌دوای‌ زانیاریی‌ تایبه‌ت به‌هه‌ڵفڕینی‌ فڕۆكه‌كان له‌یه‌كێك له‌و دوو فڕۆكه‌خانه‌یه‌ ئاسان نییه‌، به‌و پێیه‌ی‌ ده‌چنه‌ چوارچێوه‌ی‌ زانیاری‌ نهێنییه‌وه‌، به‌ڵام ته‌رخانكردنی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ هه‌ریری‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ هه‌ولێر بۆ جوڵه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌دوای‌ شه‌ڕی‌ داعشه‌وه‌ ئه‌گه‌ره‌كانی‌ بۆ نزیك كردینه‌وه‌.

 سه‌رچاوه‌كانی‌ "نیقاش" وێنه‌یه‌كی‌ ئه‌و فڕۆكانه‌یان به‌رده‌ست خستین گوایه‌ له‌و سنوره‌ تۆمار كراوه‌، سه‌رچاوه‌كه‌ وا باسی‌ كرد كه‌ وێنه‌كان له‌ئاسمانی‌ هه‌ریرن‌و به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ ناوچه‌كه‌ فڕیون.

 

توندی‌ رێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌كان‌و لێپرسینه‌وه‌ له‌دركاندنی‌ زانیاریی‌ تایبه‌ت به‌فڕۆكه‌خانه‌ی‌ هه‌ریر ئه‌سته‌م بوو بۆ ده‌ستكه‌وتنی‌ شایه‌تحاڵێك كه‌ له‌نێوان 27 بۆ 29ی‌ حوزه‌یراندا ئه‌و فڕۆكانه‌ی‌ بینینێت كه‌ له‌فڕۆكه‌خانه‌وه‌ فڕیون.

  زۆربه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌و سنوره‌ن‌و "نیقاش" په‌یوه‌ندی‌ پێوه‌ كردن خۆیان له‌وه‌ڵامی‌ ئه‌و پرسیاره‌ ده‌دزییه‌وه‌.

یه‌كێك له‌دانیشتوانی‌ ناوچه‌كه‌ به‌بینینی‌ وێنه‌كه‌ ده‌ستبه‌جێ وتی‌ "ئه‌وه‌ ناوچه‌ی‌ سیساوایه‌ كه‌ له‌باشوری‌ فرۆِكه‌خانه‌ی‌ هه‌ریره‌".


نیقاش له‌رێی‌ نه‌خشه‌كانی‌ گوگڵه‌وه‌ بۆ ورده‌كاری‌ شاخ‌و دۆڵی‌ ناوچه‌كه‌ گه‌ڕاو به‌راوردی‌ كردن به‌و وێنانه‌ی‌ پێشترو له‌ساڵی‌ 2003 گیراون كاتێك سوپای‌ ئه‌مه‌ركی‌ له‌وێ بوون، وا ده‌نوێنێت كه‌ ئه‌و وێنه‌یه‌ی‌ ده‌ست "نیقاش" كه‌وتووه‌ به‌راستی‌ له‌ئاسمانی‌ هه‌ریر بووبێ‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ نییه‌.

 

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی‌ وێنه‌كه‌یدا به‌"نیقاش" كه‌ گوایه‌ ئاسمانی‌ هه‌ریر بێت، وتی‌ "ئه‌م وێنه‌یه‌ به‌ره‌به‌یان گیراوه‌"، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی‌ له‌سه‌نگه‌ره‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ باسی‌ ده‌كرێت ڤیدیۆی‌ جموجۆڵی‌ فرۆكه‌كان له‌نێوان نیوه‌ڕۆ بۆ ئێواره‌دا گیراوه‌.

 سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ باسی‌ له‌وه‌ كرد ئه‌و كۆپته‌رانه‌ ماوه‌یه‌كی‌ زۆریان ناوێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌هه‌ریره‌وه‌ بگه‌نه‌ حلێوه‌، كه‌واته‌ راسته‌وخۆ بۆ ناوچه‌كه‌ نه‌فڕیون.


به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ له‌كه‌ركوكه‌وه‌ كه‌ خۆی‌ داوایكرد ناوی‌ بڵاونه‌كرێته‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "بۆ پێگه‌ی‌ فڕینی‌ ئه‌و فڕۆكه‌ ئه‌مریكیانه‌ ته‌نیا دوو ئه‌گه‌ر هه‌یه‌و سێهه‌می‌ نییه‌ یان ئه‌وه‌تا له‌هه‌ریره‌وه‌ فڕیون‌و له‌فرۆِكه‌خانه‌ی‌ كه‌ركوك نیشتونه‌ته‌وه‌ بۆ به‌نزین تێكردن‌و دواتر فرێونه‌ته‌وه‌ بۆ حلێوه‌ یان ئه‌وه‌تا راسته‌وخۆ له‌فڕۆكه‌خانه‌ی‌ كه‌ركوكه‌وه‌ چوونه‌ته‌ حلێوه‌‌و هه‌ر له‌هه‌ریر نه‌بوون".

 سه‌رچاوه‌ی‌ فڕینی‌ فرۆكه‌كان هه‌رچییه‌ك بوبێت هه‌موو به‌دواداچوونه‌كانی‌ "نیقاش" ئه‌وه‌ ساغ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ فرۆكه‌كان ئه‌مه‌ریكین‌و بۆ فرۆكه‌خانه‌یه‌ك چوون كه‌ له‌ژێر ده‌ستی‌ پێشمه‌رگه‌دایه‌ له‌خوارووی‌ كه‌ركوك‌و به‌مه‌ش هیچ یه‌كێك له‌و گومانانه‌ راست ده‌رناچن كه‌ فرۆكه‌كان بۆ هاوكاریی‌ داعش فڕیبن، به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو سه‌رچاوه‌یه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌و سوپای‌ عێراقی‌ كه‌ قسه‌یان بۆ "نیقاش" كرد، خۆیان له‌زۆر ورده‌كاری‌ ده‌پاراست، یه‌كێك له‌سه‌رچاوه‌كان وتی‌ "ئه‌و شوێنه‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌داعشه‌وه‌ نزیكه‌ كه‌ مه‌ترسی‌ زۆری‌ له‌سه‌ره‌و ئه‌مه‌ریكییه‌كانیش پێداگری‌ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ هۆكاری‌ جموجۆڵه‌كانیان له‌وێ‌ ئاشكرا نه‌بێت".


زۆرترین بینراو