هاشمی ره‌فسه‌نجانیی كێ بوو ؟

وتار/ 10/01/2017 240 جار بینراوە

شوان هه‌ورامی

هاشمی ره‌فسه‌نجانیی كێ بوو ؟
نوسینی:شوان هه‌ورامی
ئه‌كبه‌ری هاشمی ره‌فسه‌نجانیی له‌ 25 / 8 / 1934 له‌ گوندی "به‌هره‌مان"ی سه‌ر به‌ شاری ره‌فسه‌نجان له‌دایك بووه‌ ، له‌دوای خوێندنی سه‌ره‌تایی ده‌چێته‌ شاری قوم و له‌ حه‌وزه‌ی ئه‌و شاره‌دا درێژه‌ به‌ خوێندنی ئاینیی ده‌دات و له‌لای به‌ناوبانگترین پیاوانی ئاینی ئه‌و حه‌وزه‌یه‌ ( ئایه‌توڵڵا حوسه‌ینی بروجه‌ردی ، ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی ، ئایه‌توڵڵا مه‌رعه‌شی نه‌جه‌فیی و ئایه‌توڵڵا محه‌مه‌د حوسه‌ینی ته‌باته‌بائی ) ده‌خوێنێ و ده‌بێته‌ كه‌سایه‌تیه‌كی دیارو چالاك ، به‌ تایبه‌تیی دوای ئه‌وه‌ی ده‌بێته‌ قوتابیه‌كی دڵسۆزی قوتابخانه‌ سیاسییه‌كه‌ی ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی .
هه‌ر ئه‌وه‌ش گرفتی زۆری له‌گه‌ڵ رژێمی پاشایه‌تیدا بۆ دروستكردو 7 جار له‌ لایه‌ن ده‌زگای هه‌واڵگریی " ساواك "ه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی 4 ساڵ و 5 مانگ له‌ ژێر سه‌ختترین ئه‌شكه‌نجه‌كاندا خرایه‌ زیندانه‌وه‌ ، چالاكیی و هه‌ڵســــوڕاویی له‌ بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی ئایه‌توڵڵا خومه‌ینیدا پێگه‌یه‌كی گه‌وره‌و كاریگه‌ری له‌ پێش شۆڕش و دوای شۆڕشــدا پێبه‌خشـــیی .
پۆسته‌كانی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی باڵای شۆڕش ، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی شورا بۆ ماوه‌ی دوو خول ، دوو خولی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار ، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پسپۆڕانی رێبه‌ریی ، دووه‌مین كه‌سی ئێران دوای خومه‌ینی له‌ شه‌ڕی 8 ساڵه‌داو ته‌نانه‌ت پێشنیازیی قبوڵ كردنی بڕیاری 598 ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش بۆ راگرتنی جه‌نگ و ئاشتیی له‌گه‌ڵ عێراقدا ده‌درێته‌ پاڵ ئه‌و ، كه‌ ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی قبوڵكردنی ئاگربه‌سته‌كه‌ی به‌ خواردنه‌وه‌ی جامی ژه‌هر ناوبرد ، دوای ئه‌وه‌ش له‌ نێوان ساڵه‌كانی 1989 – 2017 سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دیاریكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵات بوو .
ره‌فسه‌نجانی سیاسییه‌كی پراگماتیی و ناوداری ئێران و جیهان بوو ، له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ودا په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسییه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا نه‌ك ئاسایی كرایه‌وه‌ ، به‌ڵكو تا راده‌یه‌كی باشیش به‌ره‌و پێش هه‌نگاوی نا ، راسته‌وخۆ له‌ دوای جه‌نگی 8 ساڵه‌ له‌لایه‌ك ئابووریی ئێرانی له‌ هه‌ره‌س رزگار كردو ناوچه‌ جه‌نگیه‌كانیشی ئاوه‌دانكرده‌وه‌ ، كه‌ هه‌ندێ ناویان لێنا ئه‌ندازیاری بیناكردنه‌وه‌ .
وه‌كو هه‌ر سیاسه‌تمه‌دارێك ، ره‌فسه‌نجانی له‌ ته‌مه‌نی خۆیدا یه‌ك دوو هه‌ڵه‌ی زۆر گه‌وره‌ی كرد ، كه‌ تا دوا چركه‌ی ته‌مه‌نی ئه‌م هه‌ڵانه‌ زیانیان به‌ پلان و داهاتووی بیروبۆچوون و بزووتنه‌وه‌كه‌ی گه‌یاند . یه‌كه‌میان به‌شدار بوو له‌ پیلانگێڕیی له‌ دژی ئایه‌توڵڵا حوسه‌ین عه‌لی مونه‌ته‌زری – جێگری رێبه‌ری ئێران – كه‌ دواجار لادراو خرایه‌ ژێر چاودێرییه‌وه‌ ، دووه‌میش رۆڵی كاریگه‌ریی بینیی كه‌ عه‌لی خامنه‌ئی كرایه‌ رێبه‌ری ئێران له‌ دوای ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی ، چونكه‌ نه‌ پله‌ی زانستیی و نه‌ توانای ئیداریی و سیاسیی خامنه‌ئی له‌ ئاستی رێبه‌رایه‌تیدا نه‌‌بوو ، بۆ نمونه‌ باڵی تووندڕۆو ریفۆرمخـــواز له‌ ســـه‌رده‌می " ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی " یشدا هه‌بوون ، به‌ڵام تا كۆچی دوایی ناوبراو رێگه‌ی نه‌دا كه‌س بزانێت لایه‌نگریی له‌ كام باڵ ده‌كات ، به‌ڵكو ئیداره‌ی جیاوازییه‌كانی ده‌كردو مه‌ودای كاركردنی هه‌ردوولای ده‌پاراست ، رێگه‌شی به‌ سوپای پاسداران نه‌ده‌دا كه‌ ده‌ستوه‌رده‌نه‌ ناو كاروباری سیاسییه‌وه‌ ، به‌ڵام خامنه‌ئی بۆ خۆی بووه‌ سه‌رۆكی باڵی تووندڕۆكان و بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بێهێزیی پێگه‌ ئاینیی و كه‌سایه‌تیه‌كه‌ی سوپای پاسدارانیشی كرده‌ پشتیوانی خۆی ، كه‌ ئێستا وای لێهاتووه‌ ئابووریی و سیاسه‌ت له‌ ئێراندا له‌لایه‌ن سوپای پاسدارانه‌وه‌ كۆنترۆڵ كراوه‌و گه‌وره‌ترین كێشه‌ی سیاسیی ئێران بۆ ئێستاو داهاتوو ، ئه‌م ده‌ستوه‌ردانه‌ی سوپای پاسدارانه‌ له‌ئابووریی و‌ سیاسه‌تدا !!
له‌دوای ركابه‌ریی یه‌كه‌می ره‌فسه‌نجانیی له‌گه‌ڵ مه‌حموودی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ، كه‌ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد به‌ شێوه‌یه‌كی گوماناوی سه‌ركه‌وت ، ره‌فسه‌نجانی به‌نامه‌یه‌ك بۆ خامنه‌ئی گومانی خۆی له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ نه‌شارده‌وه‌ ، ته‌نانه‌ت له‌ خولی دووه‌میشدا كه‌ له‌گه‌ڵ "میرحوسه‌ینی موسه‌وی" دا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێنایه‌وه‌ ، له‌ ئاستی ناوخۆو ده‌ره‌وه‌دا گومانی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ دروست بوو ، كه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگ خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی ئێرانی گرته‌وه‌و تووندڕۆكان ناویان لێنا فیتنه‌ ، به‌ڵام ره‌فسه‌نجانی ته‌نیا بۆ جارێكیش ئه‌و وشه‌یه‌ به‌سه‌ر زمانیدا نه‌هات ، هه‌ر بۆیه‌ دوای چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك له‌ وتاردانی هه‌ینی تاران ، له‌لایه‌ن رێبه‌ری وڵاته‌وه‌ ئه‌و مینبه‌ره‌شی لێ قه‌ده‌غه‌ كراو له‌ وتاری پشتیوانیی له‌ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاددا خامنه‌ئی به‌ راشكاویی رایگه‌یاند : بۆچوونه‌كانی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد به‌راست تر و نزیكتر له‌ بۆچوونی خۆی ده‌زانێت ، تاوه‌كو بۆچوونه‌كانی ره‌فسه‌نجانی .
به‌ڵام پێگه‌ی ره‌فسه‌نجانی به‌شێوه‌یه‌ك به‌هێز بوو نه‌ده‌كرا به‌ ته‌واویی كۆنترۆڵ بكرێت ، هه‌رچه‌نده‌ ناوبراو نه‌یده‌توانی به‌رگریی له‌منداڵه‌كانی بكات و رێگه‌ نه‌دات بخرێنه‌ زیندانه‌وه‌ ، به‌ڵام وه‌كو پشتیوانێكی به‌هێز بوو بۆ ریفۆرمخوازه‌كان و پاراستنیان له‌ تووندڕه‌وه‌كان ، چونكه‌ ناوبراو له‌ حه‌وزه‌ی قوم و ناوخۆی ده‌سه‌ڵاتدا پێگه‌ی خۆی هه‌بوو .
ناوبراو ده‌یه‌ویست ده‌سه‌ڵاتی راسته‌قینه‌ بدرێته‌ سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراو ، به‌ڵام رێبه‌ر رۆڵی رۆحیی و پرۆتۆكۆلی ببینێت ، ته‌نانه‌ت قسه‌یه‌ك ده‌درێته‌ پاڵ ره‌فسه‌نجانی كه‌ گوتوویه‌تی : گه‌ر خودا یارمه‌تیم بدات رۆڵی رێبه‌ر له‌ ئێراندا وه‌كو رۆڵی شاژنی به‌ریتانیا لێ ده‌كه‌م . ته‌نانه‌ت بڕوای وابوو كه‌ ده‌كرێ ئه‌نجوومه‌نی رێبه‌ریی دروست بكرێت له‌ 3 كه‌س له‌ بری یه‌ك كه‌س .
ئه‌و به‌هیوا بوو كه‌ چاكسازیی ریشه‌یی له‌ ده‌ستووری وڵاتدا بكات ، تا وڵات له‌ تووندڕه‌ویی رزگار بكات بۆ وڵاتێكی دامه‌زراوه‌یی ، به‌ڵام له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا گله‌یی له‌ بێ وه‌فایی هاوڕێكانی ده‌كات – به‌ تایبه‌تی مه‌به‌ستی شاراوه‌ی خامنه‌ئی یه‌ - و ده‌ڵێت رۆژێكیان به‌ دكتۆر "به‌هه‌شتی"م گوت بۆچی ئه‌م هه‌موو هێرشه‌ت ده‌كرێته‌ سه‌ر ، ده‌ڵێ ئه‌ویش گوتی : ئاش به‌ نۆره‌یه‌و رۆژێك دێت سه‌ره‌ی تۆش بێت ، ئینجا ده‌ڵێت : وا گوێم له‌ ده‌نگی هاڕینی ئێسك و پرووسكی خۆمم .
له‌ ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان وڵاتانی ئیسلامیدا ، چه‌ندین جار له‌ ئاستی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاتدا ده‌نگی به‌رز كردۆته‌وه‌ ، بۆ نمونه‌ له‌ ڤیدیۆیه‌كدا كه‌ قسه‌ بۆ میدیاكاران ده‌كات ، ناڕه‌زایی به‌رانبه‌ر به‌ ره‌وتی شیعه‌گه‌ریی وڵات ده‌رده‌بڕێت و ده‌ڵێت : " ئه‌م ململانێیانه‌ له‌ ئیسلامدا قه‌ده‌غه‌یه‌ ( فلا تنازعوا فتفشلوا و تذهب ریحكم ) قورئان دژی ئه‌م ململانێ و دووبه‌ره‌كیانه‌یه‌ ، كه‌چی ئه‌م ململانێیانه‌مان نادیده‌ گرت و بره‌ومان پێدا ، ســـوننه‌و شــــیعه‌ و عومه‌ر كوژان و له‌عنه‌ت له‌ هاوه‌ڵان (صحابة ) و ئه‌و كارانه‌ی كه‌ زۆر ساده‌ بوونه‌ته‌وه‌و هه‌ندێ به‌ عیباده‌تی ده‌زانن ، هه‌مان جیاوازیی دروستكردن له‌ نێوان موسوڵمانان ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ ئێمه‌ی گه‌یانده‌ ئه‌لقاعیده‌و تالیبان و ئه‌م جۆره‌ شتانه‌ ، هه‌ندێ هه‌ر بۆ خۆیان له‌ ئه‌سڵدا فاسیدن ، به‌ بۆچوونی من ئه‌وه‌ گوناهێكی گه‌وره‌یه‌ كه‌ ئێستا جیاوازیی له‌ نێوان ئومه‌تتدا دروست ده‌كرێت ، ئه‌وه‌تا ئومه‌تێكی یه‌ك ملیارو 700 ملیۆنی و 60 وڵاتی سه‌ربه‌خۆ كه‌ ده‌توانن گه‌وره‌ترین قورسایی سیاسیی جیهانیی بن ، بێهێزی كردووه‌و له‌هه‌ر لایه‌كه‌وه‌ لێی ده‌درێت " .
له‌وانه‌یه‌ ریفۆرمخوازان سوود له‌ مه‌رگی ئه‌و ببینن بۆ هه‌ڵبژاردنی به‌هاری داهاتووی سه‌رۆكایه‌تیی ، به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانن بۆشایی نه‌مانی ئه‌و پڕ بكه‌نه‌وه‌ ، چونكه‌ ته‌نانه‌ت تووندڕۆكان رێزیان له‌ مێژووی خه‌بات و تێكۆشانی ئه‌و ده‌گرت ، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ دوای مه‌رگی ره‌فسه‌نجانی ئه‌ركی قورسی پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی ئه‌ویان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ ، حه‌سه‌نی رۆحانی سه‌رۆك كۆماری ئێستاو ناتیقی نوریی كه‌سایه‌تیی دیاری مێژووی دوای شۆڕش له‌ دیارترینه‌كانن .
من لێره‌دا باسی دۆسیه‌ی ئاڵۆزی كوردو ره‌فسه‌نجانی ناكه‌م ، چونكه‌ تا ئێستاش هه‌ندێ تۆمه‌ت ده‌خرێته‌ پاڵی ناوبراو ، وه‌كو تیرۆری دكتۆر قاسملوو شه‌ره‌فكه‌ندی – به‌و پێیه‌ی كه‌ له‌و كاته‌دا سه‌رۆكی وڵات بووه‌ - به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به‌و كاره‌ هه‌ڵساون كه‌سایه‌تیه‌ باڵاكانی سوپای پاسداران و ده‌زگای هه‌واڵگری وڵات ( ئیتیلاعات )ن ، كه‌ هه‌ردوو ده‌زگاكه‌ راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن رێبه‌ری وڵاته‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێن ، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ له‌ دژبه‌ره‌كانی هاشمی ره‌فسه‌نجانی بوون ، له‌و كاته‌و له‌ ئێستاشدا . جگه‌ له‌وه‌ش ته‌نانه‌ت دیالۆگی دكتۆر قاسملوو له‌گه‌ڵ سوپای پاسداراندا ئه‌وه‌نده‌ نهێنیی بوو ، كه‌ زۆرینه‌ی ره‌های سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كه‌ی‌ ئاگایان لێی نه‌بووه‌ ، بۆیه‌ نازانرێ ئایا تا چه‌نده‌ ره‌فسه‌نجانی ئاگای له‌و دۆسیه‌یه‌ هه‌بووه‌ ، چونكه‌ ئایه‌توڵڵا مونته‌زری له‌باره‌ی كوشتاری زیندانیه‌كانی موجاهدینی خه‌لقه‌وه‌ - كه‌ له‌دوای شه‌ڕی ئێران و عێراقه‌وه‌ گوللـه‌باران كران – ده‌ڵێت : پرسیارم كرد له‌ خامنه‌ئی كه‌ تۆ سه‌رۆكی وڵاتیت چی له‌باره‌وه‌ ده‌زانیت ؟ گوتی : ئاگادار نیم ؟ كه‌واته‌ ده‌كرێ ئه‌وه‌ی ئه‌و پیلانه‌شی جێبه‌جێ كردبێت پرسی به‌ سه‌رۆكی وڵات نه‌كردبێت ، كه‌ نزیكترین ئه‌گه‌ره‌ !!

نوێترین نوسینەکانی شوان هه‌ورامی

زۆرترین بینراو