یەکێتی لەڕێگاوە (تا) کەی گرت

وتار/ پێش 2 هەفتە 111 جار بینراوە

عەلی قەڵادزەیی

یەکێتی لەڕێگاوە (تا) کەی گرت

عەلی قەڵادزەیی
تای  ئەمڕۆی  جەستەی  یەکێتی  نەتای  کۆڤید (١٩) یە و نەتای  ڤایرۆسە  نوێکەیە  کۆڤید (٢٠)، بەڵکو  تایەکی  سیاسی  هەڵبژاردنە و زۆر  لەتای  کۆڤیدەکان  توندترە، تای  هەڵبژاردنیش  لەدونیای  نوێباودا  تایەکی  لۆکاڵی  نیە، بەڵکو  تایەکی  نیمچە  گڵۆباڵە و زۆرێک  لەحزبە  تەقلیدیە  دەسەڵاتخوازەکانی  خۆرهەڵاتی  ناوەڕاست  لەرۆژگارەکانی  هەڵبژاردن  توشی  دەبن.
 تای  ئەمجارەی  یەکێتی  لەسۆنگەی  عەقڵی  بەراوردکاریەوە  دەرخەری  ئەو  حەقیقەتەیە  کەجیاوازتر  بێت  لەتای  هەڵبژاردنەکانی  پێشوو،  بەدوو  ئەرگیۆمێنت (بەڵگە):
١- سەرەتای  ئەم  تایە  بەجوڵەی  نایاسایی  ئەم  حزبە  دەستی  پێکرد، چونکە  سەرەتاکەی  تاڵ و بریتی  بوو  لەدابەشکردن و پڕکردنەوەی  فۆرمی  حزبی  لەژێر  شوناسی  ئامار  لەدامودەزگاکانی  حکومی، بێگومان  ئەم  جوڵە  نایاساییەی  یەکێتی  دەرخەری  ئەو  حەقیقەتەیە  کەهەرگیز  ئەم  حزبە  مومکین  نیە  لەتوانای  دابێت  کەبەرگە  خێڵەکیە  لۆکاڵیە  تەقلیدیەکەی  پێشووی  دابماڵێت و بەرگی  مۆدێرنی  سۆشیال  دیموکرات  بوون  بپۆشێت، چونکە  بەکردار  سۆشیال  دیموکرات  بوون  لەئەندێشەی  ئەم  حزبە  تەقلیدیانەدا  باجێکی  قورسی  دەوێت و پێویستی  بەمومارەسەکردنی  یەکێک  لەپڕەنسیپە  کاراکانی  سۆشیال  دیموکڕاتەکانە  کەبریتیەلە  ڕێزگرتن  لەسەروەری  یاسا و کورتکردنەوەی  دەستی  درێژی  حزب  لەناوەندە  فەرمیەکان.
٢- یەکێتی  ئەمجارە  زووتر و هەر  لەڕێگاوە  تاکەی  گرت، لەکاتیکدا  وابڕیارە  کەمانگی  حوزەیران  پڕۆسەی  هەڵبژاردن  لەعێڕاق  بەڕێوە  بچێت، کەچی  یەکێتی  شەش  مانگ  پێش  ئەم  بەروارەو  هەر  لەڕێگاوە  لەسەرەتای  ساڵی  نوێ  جۆرێک  لەبانگەشەی  هەڵبژاردنی  بەجوڵەی  نایاسایی  دەست  پێکرد.
گەر  لەڕوی  عەقڵیەوە  شیکاری  بۆ  ئەم  دۆخەی  یەکێتی  بکەین  کەسەرچاوەی  لەبەدگومانی  لەشەقامی  کوردیەوە  گرتووە، لەوانەیە  ئەوکات  زۆر  گلەیی  نەکەین، چونکە  سەرباری  ئەوەی  کەئەم  حزبە  بیست  ساڵە  لەگەڵ  برا  گەورەکەی  کەپارتیە  لەئەزمونی  ترش و تاڵی  خەڵکی  کوردستان  لەبێموچەیی و وێرانکاری و قاچاخچێتی  نەوت و خاڵە  سنوریەکان  پشکی  شێری  هەیە، هەمدیسان  حزبێکی  تەواو  دووڕوە و هەرگیز  لەبەواقعکردنی  زۆربەی  ئەو  بەڵێنانەی  کەبەشەقام و کادیرانی  خۆی  داویەتی  ڕاستگۆنەبووە، بچوکترین  دوو  بەنمونەش:
١- هەلی  کارو  ئاوەدانی:  ئەمە  بەڵێنی  مامی  بچوک  بوو  بەشەقامی  کوردی  لەهەڵبژاردنی  پەڕلەمانی  کوردستان، کەچی  هەموو  هەلی  کارەکەی  لەدۆزینەوەی  کارو  موچەیەکی  موفت  بۆ  ژمارەیەک  لەوەزیرو  گزیر و ئەندام  پەرلەمان  خۆی  دۆزیەوە، کەچی  دەنگدەرانی  یەکێتی  ڕۆژانە  بەبەرچاوەوە  لەبێکاری  نیشتمان  جێدەهێڵن و بەرەو  تاراوگە  کۆچدەکەن، ژمارەیەکیش  ئەمڕۆ  ناتوانن  لەبێکاری  زەواج  بکەن و ئەوانەی  زەواجیشیان  کردوە  هێدی  هێدی  واخەریکن  ماڵەکانیان  بەلێکجیابونەوە  دوبارە  دەڕمێننەوە، هەرچی  ئاوەدانیشە  مرۆڤ  گەر  ئەمڕۆ  هەر  بەتەنیا  سەیرێکی  شەقام و ڕێگاوبانەکانی  کوردستان  بکات  خوا  هەڵناگرێ  بەئاشکرا  ئەم  ئاوەدانیەی  مامی  بچوکیان  پێوە  دەبینرێت.
 ٢- نوێ و نوێبونەوە: بڕیار  بوو  یەکێتی  دوای  کۆنگرە  ببێ  بەمۆدێلێکی  نوێباو  لەکاری  حزبایەتی و لەپارتی و گۆڕان و حزبە  تەقلیدیەنی  تر  جیاوازتر  بێت، کەچی  هەر  زوو  ئەم  حزبە  دەمامکەکەی  هەڵماڵی و دووڕوییەکەی  دەرکەوت  بەجوڵە  نایاساییەکانی  بەدابەشکردنی  فۆڕمی  حزبی  لەدامودەزگا  حکومی و تۆخکردنەوەی  هەژمونی  حزب  لەکایەی  فەرمیدا، بێگومان  ئەمانە  دەرخەری  ئەو  حەقیقەتەن  کەهەرگیز  ئەم  حزبە  مومکین  نیە  توانای  خۆگۆڕین و نۆژەنکردنەوەی  ئەندێشەکانی  سیاسەتکردنی  هەبێت، بۆیە  دوای  کۆنگرە  هەر  دروشمێک  بدات  هەر  کۆنە و کۆپیە  تەقلیدیەکەی  جارانە و بەهەر  ڕێگایەکیشدا  بڕوات  لەکۆتایدا  هەر  دەچێتەوە  سەر  ڕێگە  کۆنەکەی  پارتی  برا  گەورەی.

نوێترین نوسینەکانی عەلی قەڵادزەیی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

زۆرترین بینراو