بازرگانی و بازاڕگرانی

وتار/ پێش 2 هەفتە 136 جار بینراوە

ئارام مەجید عەلی

بازرگانی و بازاڕگرانی

ئارام مجید علی
لەسیاسەتی ئابوری و بازاڕگەریدا، هەوڵدان بۆ بەدەستهێنان و پەیداکردن و خستنەڕووی کەلوپەل و شمەک بەکولیتی باش و گونجاو بۆ هاوڵاتیانی وڵات، یەکێکە لەکارەگرنگەکانی سیستمی بازرگانی کەلەژێر چاودێری وردی حکومەتدا بازرگانەکان پێی هەڵدەستن و پێداویستیەکانی هاوڵاتیان بەردەست دەخەن.

ڕاستە بازرگانەکان لەکاری بازرگانیدا بەرپرسن لەهێنان و داخلکردنی شمەکی گونجاو شیاو بۆ هاوڵاتیان، بەڵام پێویستە حکومەت چاودێری وردی بازرگانی بازرگانەکان بکات و ناشکرێت ئەوەی بازرگانەکان خۆیان بیانەوێت و لەپێناو پەیداکردنی بازاڕ و پەیداکردنی سامان و ساغکردنەوەی شمەکەکانیان، بێ کوالیتی کۆنترۆڵ و بەناوی بازرگانی کەلوپەل و شمەکی نەشیاو خراپ و ماوە بەسەرچوو بهێننە نێو بازاڕەکان و بەسەر هاوڵاتیانی هەژار و کەمدەرامەتدا ساغی بکەنەوە ماف بەخۆیان بدەن هەرچی خۆیان ویستیان لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان بیخەنە بازاڕەوە.

لەسەردەمی ئەمڕۆدا بارودۆخێک هاتوەتە ئاراوە هاوڵاتیان لەدۆخێکی ئابووری خراپدان و پەشێوی و ئاڵۆزی و هەڵکشانێک لەنرخدا ڕووی لەبازاڕکردووە ئەمەش بەجۆرێکە هاوڵاتیانی ڕەشبین و نائومێدکردووە، چونکە بازرگانەکان بەجۆرێک کۆنترۆڵی بازاڕیان کردووە (بازاڕگرانیان) هێناوەتەکایەوەو بەسەر هاوڵاتیاندا سەپاندویانە و بازاڕیان کردوە بە(بازاڕگەردانی)، بازاڕ بەجۆرێکە لەبری دەسەڵات بازرگانەکان کۆنترۆڵیان کردووەو ئەوەی خۆیان پێیان باشبێت بەبێ ڕەچاوکردنی کوالیتی دەیهێننە بازاڕەکان و بەسەر هاوڵاتیانی کەمدرامەتدا ساغیدەکەنەوە.

دەبینین و دەبیستین ڕۆژانەو و هەفتانە و مانگانە چەندان تەن خواردنی خراپ و ماوە بەسەرچوو و تەقلید دەستیان بەسەردا گیراوە کەشیاو نەبوون بۆخواردن و بگرە زۆر لەو ڕێژانەش زیاتر دەرخواردی خەڵک دراون،بەڵام تائێستاش بازرگانێک نەگیراوە و سزا نەدراوە و لەسەر شاشەکان پیشانی هاوڵاتیان نەدراوە بۆ ئەوەی ببێتە وانەیەک بۆ چاوترساندنی بازرگانەکانی دیکە،ئەمەش ڕێگە خۆشکەربووە بۆ ئەم بازاڕگرانی و بازاڕگەردانییە کەلەم هەرێمەدا بوونی هەیە.

ئەوەی گرنگە بوترێت ئەوەیە پێویستە حکومەت لەخێراترین کاتدا بێتەسەرخەت و سزای توندی هەربەرپرس و بازرگانێک بدات کە کەلوپەل و شمەکی خراپ و بێ کوالیتی دەرخواردی هاوڵاتیان بدات و بیهێنێتە هەرێمەوە، لەڕاستیدا ئەم جۆرە بازرگانی و بازاڕگرانییە بەشێوەیەک لەشێوەکان جۆرێکە لەجینۆساید و لەناوبردن و بەهیلاک بردنی هاوڵاتیان لەمنداڵەوە بۆ پیرو پەککەوتە، چونکە ئەم خۆراک و شمەکە کوالیت خراپانە کاریگەریەکی زۆر خراپی دەبێت لەسەر تەندروستی و سەلامەتی هاوڵاتیان، ئەمەش ئەو ژەهرەیە بازرگانەکان وەک دوژمنەکانی گەلەکەمان و بەهەمان سیاسەتی چەوساندنەوەو زەلیلکردنی هاوڵاتیانمان پەیڕەوی دەکەن،لەڕاستیدا ئەمڕۆ لەسیاسەتی بازاڕدا بارودۆخێک لەسایەی بازرگان و بازاڕگرانیدا هاتوەتە ئاراوە بازرگانەکان هاوشێوەی دوژمنەکامان ڕەفتاردەکەن، ئەمەش بەشێوەیەکە ئەوەی خودا و مرۆڤایەتی و ویژدان پێی ناخۆش بێت بازرگانەکان لەپێناو دەستکەوتنی سەرمایەی زیاتر و کۆنترۆڵکردنی بازاڕدا ئەنجامی دەدەن.
ئەوەی گرنگەبوترێت لەسایەی ئەم قەیرانە ئابوریەی کەبەرۆکی هاوڵاتیانی هەرێمی گرتووە،خەڵک لەژیانێکی زۆر دژوار و ناڕەحەت و تاقەت پڕوکێندا ژیان بەسەر دەبات،بەجۆرێک هاوڵاتیان توشی قەیران و هەژاری بوون ناچار لەپێناو مانەوە لەژیان و بەدەستهێنانی بڕە خۆراکێکی پێویستدا بەدوای خۆراک و شمەکی هەرزاندا بگەڕێت،بێگوێدانە کوالیتی خراپی کەلوپەل و شمەکەکان،چونکە خراپی دۆخی ئابووری ناچاریکردوە بەشێوەیەک بژی تەنها بەو خواردنانە درێژە بەمانەوەو ژیان بدات،سەرئەنجام ئەمەش کارەساتی خراپی تەندروستی هاوڵاتیان بەدوای خۆیدا دێنێت، لەمەشدا تەنها بازرگانە مشەخۆرەکان قازانج دەکەن بێگوێدانە ژیانی هاوڵاتیانی هەرێم، بەچاوگێڕانێک بەنێو بازاڕەکانی هەرێمدا ڕاستی و دروستی ئەم نوسینەت بۆ دەردەکاوێت چونکە هیچ شتێک لەجێگەی خۆی نەماوە و گۆڕانکاری بەسەر نرخەکەیدا هاتووە لەگرانەوە بۆ گرانتر ئەمەش سیاسەت بازرگانەکانە، واتە لەسایەی بازرگانە چاوچنۆکەکان بازاڕگرانی و بازاڕگەردانی لەبرەودایەو ئەوەی باجی ئەم بارودۆخەش دەدات تەنها هاوڵاتیانی بەشمەینەتی ئەم هەرێمەیە.

نوێترین نوسینەکانی ئارام مەجید عەلی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

زۆرترین بینراو