#عەلی حەمە سالح
حکومەت و دەستی کاری پزیشکی

وتار/ 02/12/2020 81 جار بینراوە

د.ئازاد مەنتک

حکومەت و دەستی کاری پزیشکی

د.ئازاد مه‌نتك
گرفتی گەورەی ھەنووکەی عێراق و کوردستان لە ئێستادا؛ سەرەڕای  کەمی دامەزراوە تەندروستییەکان بریتی یە لە کەمی دەستی کاری پزیشکی (پزیشک، پەرستار و کارمەندی پزیشکی) بە جۆرێک؛ کە: ژمارەیان بە بەراود بە ژمارەی دانیشتووان زۆر کەمە، وە لە ژێر ئاستی پێویستە. ھەر لەبەر ئەمەشە خزمەتی تەندروستی بەگوێرەی خواست و ویستەکان نییە! لێرە زۆر ھۆکار ھەیە؛ کە: ھێشتا کەس بە تەنگ چارەسەری تەواو و بنبڕی ئەو ئاریشە و گرفتانە نییە و تەنانەت وای لێھاتووە؛ ھەر بیریشیان بە لایەوە ناچێت. کەمی کادیر و دەستی کاری پزیشکی لە عێراق و کوردستاندا ھۆکار دەبێت لەوەی، کە: بڕێکی زۆر لە داھات و بودجەی ووڵات لۆ دەرەوەی ووڵات بچێت و ژێرخانی ئابووری ووڵات لۆ خراپی و خراپیش بڕوات.
   ئەگەر بارودۆخی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و بژێوی وا بێتە دوێ؛ وە ھیچ پلانێک لۆ چاککردن و چاکسازی نەبێت و تەنانەت ڕێگری لە کۆچی بە لێشاو نەکرێت، ئەوا: لێتان وەکات بێت ئەو ئاریشە و گرفتە خڕ دەبێتەوە و ئایندە خراپتر و لۆ خراپتر دەچێت. ناکرێت، کە: پلانی حکومەت و سیاسەتی وەزارەتی تەندروستی بە تەنگ ئەو ئاریشەیەوە نەبێت!؟! لە لایەکیدی حکومەت و دەسەڵات بەتایبەت کار لەوە بکەن؛ کە: ئەگەر دەیانەوێت چیدی پارە و پوولی وەڵات لۆ دەرەوە نەچێت، ھەروەھا لە دەرەوە خەڵک لە خشتە نەبردرێت، ئەوا: گرنگە گرنگی بە دەستی کاری پزیشکی بدات و ژیانیان خۆش بکرێت. ھەروەھا ئاسان بکرێت، کە: ڕێژەیەکی زۆر لە منداڵ و نەوەکان بچن لە بەشە پزیشکی و تەندروستییەکان بخوێنن و بێنەوە خزمەت بکەن.
   نەخۆشی کۆرۆنا سەلماندی، کە: بەڕێوەبردن و پلان و سیاسەتی تەندروستی لە دەستی کەسانی کارامە نەبووە؛ ھەر لۆیە: کاتێک کۆرۆنا دەناو کۆمەڵگای ئێمە بڵاوەی کرد زەفەری زۆرتر پێبردین و ھێشتا ڕێژەی مردن لە کوردستان لە بەینی (٣ - ٥٪)یە.... کۆرۆنا سەلماندی؛ کە: جگە لەوەی سیاسەتی تەندروستی حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی کوردستان لاواز بووە و لە دەستی کەسانی کارامە نەبووە و تەنانەت ڕاوێژیش بە کەسانی پسپۆڕ لەم بوارە نەکراوە!؟ لە ئێستادا ئەگەر وا بە ھەڕەمەکی بمێنێتەوە و چاکسازی نەکرێت؛ ئەوا لێت مسۆگەر بێت کە خراپتر لە پاشتر دەبێت. ئەمەش وا دەبینین؛ کە: زۆر لە دەرچووەکانی کۆڵێژە پزیشکییەکان (پزیشکی ددان؛ پزیشکی دەرمانسازی؛ پزیشکی گشتی ھەندەران، کۆڵێژی پەرستاری، زانستە پزیشکییەکان و پەیمانگا پزیشکییەکان... ھتد) چەند ساڵێکە جێگایان ھوندوڕ ژۆرێ ماڵەکانیانە و دەستەوستان دانیشتوون و ھیچ ئاسۆیان لێ ڕوون نییە.
     ئەوەش لە بیر نەکەین، کە: تەنانەت ئەوانەی دامەزراون بە تەواوی ڕاھێنرایان پێ ناکرێت و ھەتا ھیچ پڕۆگرامێکی ئەوتۆیان لۆ دروست ناکرێت، کە دوای تەواو کردنی ڕاھێنانی پزیشکی وەکو کەسێکی تەواو ڕاھێنراو سوودی لێ  وەربگیرێت. ھەر لۆیە دووبارە دیاردەیەکیتری دوای ڕاھێنانی سەرەتایی بەتایبەت لە بواری پزیشکی گشتی چوونییانە لۆ ھەندەران و تەنانەت نەگەڕانەوەیان ئەمەش چونکە ئەگەر ژیان و گوزەران و داھات و ئایندەی ئەوێ  ئێرە بەراورد ھاھوو، ھاھوو. ھەرچی ھەندێک لەوانەی؛ کە: لۆیان مەیسەر نابێت بچن لۆ دەرەوەی ووڵات یان زۆر لە بەشە پزیشکییەکانیتر؛ ئەوا وەک گولێکی ئاو لێبڕاو ووشک دەبن و ھیچ پێشکەوتن بەخۆیانەوە نابینن بەمەش ھەم دەولەت و ھەم دەسەڵات و ھەم میللەت لە خزمەت و توانا و بەھرەیان سوودمەند نابن.
  دەستی کاری پزیشکی بەشێکی گرنگی ئەمن و ئاسایشی قەومی و نەتەوەیی و نیشتیمانییە! وە تەندروستی تاجی سەری ھەموو کەسێکە، لەشێکی تەندروست دەوڵەمەندییەکی نەبڕاوەیە و ناز و نیعمەتە. نابێت حکومەت وا خەمسارد بێت، وە تەنانەت دەبێت لە ئەولیەویات و تەنانەت لە کارە لە پێشینەکان بێت، ھەتا ئایندەی نەوەکانمان و ژیانی ئێستا و داھاتوومان خۆشی و خۆشگوزەرانی بێت.

نوێترین نوسینەکانی د.ئازاد مەنتک

زۆرترین بینراو