ویست بۆ دروستکردنی دەوڵەت لە نێوان گەلی کورد و جولەکەدا

وتار/ پێش 2 هەفتە 59 جار بینراوە

ئەمیر مام والی

ویست بۆ دروستکردنی دەوڵەت لە نێوان گەلی کورد و جولەکەدا

ئەمیر مام والی
بەدێژایی مێژوو گەلی کورد قوربانی دەستی خۆی بووە، ئەوە ڕاست نیە کە دەڵێن کورد دۆستی نیە. ئێمە لەدەرەوەی کوردستان دۆستمان زۆرن. کێشەی ئێمە ئەوەیە لەناوەوە دۆست نین و هەمووان دژ بە هەمووانین، گەلانی جیهان لەخەباتیاندا بۆ سەربەخۆی سەرەڕای جیاوازی بیروڕا لە ئاڕاستەکردندا بەڵام لە ئامانجدا یەکبوون. ئێمەی کورد نەک هەر لە بیروڕادا جیاوازیمان زۆرە، بگرە لە شێوازی ئاڕاستەکردن و ئامانجیشدا یەک نین و ناتوانین لە ژێر چەتری ئامانجێکی هاوبەشدا کۆببینەوە. هەرکاتێکیش دەگات بەوەی سازانێکی نیشتیمانی درووست ببێت حیزبێک دەیەوێت خۆی بەخاوەنی ئەو یەکخستنە بکات و یەکخستنەکەش پەرت دەبێت، یان وڵاتێک لە ڕێگەی نزیکایەتی و دۆستایەتی لەگەڵ حیزبێکدا سازان و یەکانگیری دەکات بە لێکدابڕان و پەرتکردن.
ئێمە کورد هاوشێوەی بەشێک لەگەلانی جیهان کەوتووینەتە بەردەم زوڵموو زۆری دووژمنان، بەڵام ناخۆشترین ئازارێک کە بەرگیانمان کەوتبێت زوڵمی خۆمان بووە لە خۆمان. گەر باسی دژبەری یەکترو هەوڵی سڕینەوەی یەکتری بکەین دەبێت توێژینەوەیەکی وردی لەسەر بکەین. چونکە جیاوازی بیروڕا بە تەنیا حیزبە سیاسیەکانی نەگرتۆتەوە و ئاین و مێژووش بووە بە بەشێک لە قبوڵ نەکردن و سڕینەوەی یەکتری.
گەلی جوو، گەلی کورد لە مەزڵومیەتیدا هاوبەشیەکی بەرچاویان هەیە. هەر لە جینۆساید، ڕاوەدوونان، داخستنی سنورەکان بەسەرماندا، بەکەم بینین و حساب بۆ نەکردنمان، نەبونی پێداویستی جەنگی و کشتووکاڵی، هەبوونی دووژمن لە چواردەورمان و تاکۆتایی.
ڕەنگە ویستی کورد وەک گەل هیچ لەویستی گەلی جوو بۆ درووستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ کەمتر نەبێت، بەڵام جیاواز لە جووەکان، گەلی کورد بوو بەقوربانی دەستی بەشێک لە سەرکردە سیاسیەکانی. جووەکان پێش ئەوەی ببن بەدەوڵەت بەچەندین ساڵ ئامادەکارییان بۆکرد، لەو پێناوەدا قوربانیەکی بێ شوماریان بەخۆیاندا و ئیرادەیەکی بەهێزیان هەبوو. داود بنگۆریۆن دامەزرێنەرو یەکەمین سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەپێناو دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا خۆی لە هەموو خۆشیەکانی ژیان بێ بەش کردبوو. شەوڕۆژی بەسەر یەکدا خستبوو تا بە نەبەردی گەلەکەی و بڕیاری بوێرانەی خۆی توانی لە ساڵی ۱۹٤٨ دەوڵەتی ئیسرائیل دروست بکات و بیخاتە سەر نەخشەی جیهان.
کاتێکیش بوو بە سەرۆک وەزیران لەخۆی نەگۆڕاو گڕوتینی بۆ خزمەتکردنی ئیسرائیل زیاتر بوو، لەو پێناوەشدا جیاواز لە سەرکردەکانی دیکەی وڵاتە تازەکانی جیهان بنەماڵەگەری نەکرد لە دابەشکردنی پۆستەکاندا، بەجۆرێک کە یەکێک لەبراکانی شەربەت فرۆشبوو لە بازاڕدا و خۆیشی سەرۆک وەزیران بوو.
هەرچەندە بەربەستەکانی بەردەم ئیسرائیل زۆرتربوون لە بەربەستەکانی بەردەم ئێمەی کورد، بەڵام یەک ئامانجی سەرکردەکانی جولەکە توانیان هەموو بەربەستەکان بشکێنن لە پێناو وڵاتێکی سەربەخۆدا. گەورەترین بەربەست بۆ جولەکە نەبونی خاک بوو، کە ئێمەی کورد خاکمان هەیە، نەبونی پارە، کە ئێمه پارەیەکی بێ شومار و شاراوەمان هەیە، نەبونی چەک و کەرەستەی جەنگی بوو کە ئێمەی کورد بڕێکی زۆرمان هەیە، ڕەنگە لەوەدا هاوبەش نەبین کە یەکڕیزییەکی هاوشێوەی گەلی جولەکە و سەرکردەکانیانمان نەبێت، وەنەبێت سەرکردەکانی ئەوانیش جیاواز نەبووبن، بەڵام بوێری و ئازایەتی بنگۆریۆن جیاوازییەکانی شاردبووەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەند ڕۆژێک پێش جاڕدانی سەربەخۆی ئامۆژگاری بنگۆریۆنی کرد کەنابێت سەربەخۆی ڕابگەیەنێت و دەبێت ئەو پرسە دوابخرێت، بەڵام بنگۆریۆن سەرەڕای مەترسی چل ملێۆن عەرەبی دراوسێ و دژایەتی ئینگلیز و جیهان بەگشتی. مکوڕ بوو لەسەر بیروڕای خۆی و سەربەخۆی ڕاگەیاند، دواتریش ترومانی سەرۆکی ئەمریکا وەک یەکەمین وڵات پیرۆزبای دەوڵەتە نوێیەکەی لێکردن، دوای شەڕێکی زۆریش ئینگلتەرا دانی پێدا نان.
جیاواز لە سەرکردەکانی جوو، سەرکردەکانی کورد هەر لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد ئەم ڕیفراندۆمە بۆ سەربەخۆی و جیابونەوە نیە. گەلەکەمان قوربانی زۆریدا بەڵام سەرکردەکان لەپێناو دەستکەوتی خۆیاندا ئامادەی هیچ جۆرە قوربانی دانێک نەبوون و لەبری لە ئەستۆگرتنی شکستەکانیان تا ئێستاش یەکتری بە خیانەت تۆمەتبار دەکەن، ئەم فرە کوێخایەتیەی کە درووست بووە بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ڕیفراندۆم کە هەر هیچ نەبێت نەیتوانی ماڵی کوردی پێ ڕێک بخرێت.لێرەدا دەگەڕێمەوە سەر وتە بەناوبانگەکەی خاتوو (پاولا)ی هاوسەری داود بنگۆریۆن. جارێک مێنحایم بێگن لە دانیشتنێکی کەنیستدا (پەرلەمان) ئامادە دەبێت، بێگن و بنگۆریۆن دوو ئاڕاستەی فکری جیاوازیان هەبوو. هەر بۆیە بێگن بەلای خاتوو پاولادا تێپەڕ دەبێت و سڵاوی لێناکات.
خاتو پاولاش پێی دەڵێت: دەگوێبگرە بەڕێز بێگن( جیاوازییە سیاسیەکان هەرچەند بن، هیچ پۆزشێک بۆ بێ ڕێزی نواندن نیە).
لەدواییدا مێنحایم بێگن داوای لێبوردنی لێدەکات.
ئەز سەرەڕای جیاوازی بیروڕا، لەناخی دڵەوە ئاواتەخواز بووم کە بەڕێز مسعود بارزانی ئێوارەی ۲٥ی مانگ جاڕی سەربەخۆی بدایە. ئەوکات بەڕێزیان لە ڕەمزێکی حیزبییەوە دەبوون بە ڕەمزێک بۆ تەواوی کورد و جیهان، ئەوکات کورد یەکی دەگرت لەو پێناوەدا و دژەکانی ناوخۆ بە ئاسانی ڕوویان بۆ خەڵکی دەردەکەوت. بەوپەڕی بڕواوە دەڵێم گەر بتوانرابا ئەوکارە ئاسانە بکرێت و بڕیارێکی وابدرایە، هەموو کورد بە شانازییەوە لە پێناوپاراستنیدا تێدەکۆشا و دەمانتوانی بەربەستەکان بشکێنین و جوگرافیایی ڕاستەقینەی کوردستانیش وەک دەوڵەتێک لەسەر نەخشەی جیهان بچەسپێنین. کە پشتیوان بەخودا ماوەکەی دوور نیە.

نوێترین نوسینەکانی ئەمیر مام والی

زۆرترین بینراو