ئایا دەکرێت یاسا ناسێک باوەری بە برگەکانی مافی مرۆڤ نەبێت؟

وتار/ 10/09/2019 88 جار بینراوە

سۆران خدری

ئایا دەکرێت یاسا ناسێک باوەری بە برگەکانی مافی مرۆڤ نەبێت؟

سۆران خدری
ئەمەش یەک پرسیاری کە.
وەڵام: بێ گوومان بێ باوەری لە چرکەو ساتێکدا روو نادات، بەڵکوو باوەر یا بێ باوەری بەرهەمی گەشتێکی فکری وە لێکۆڵێنەوەیە مرۆڤ لە ژیانیدا دەیکات. بەڵام ئەوەی کە جێوازە شێوازی دەست پێ کردنی گەشتەکەیە: ووتەیەکی کۆنی کوردی هەیە، کە دەڵێت، عەقڵ یانی تەجرووبە.

یەکەم شێواز: سەرەتای گەشتەکە باوەرت بە هەندێ نرخ هەیە، چوون لە ناوەرۆکەکەیان تێ نەگەیشتوویت، بەڵکوو تەنها دیوی دەرەوەیان دەناسیت، بەڵام بەو ئەندازە لە کۆتایی گەشتەکەت نزیک دەبیتەوە، بە ئەو ئەندازەش ئاشنا دەبیت لەگەڵ ناوەرۆکی نرخەکان، بۆیە لە کۆتایی گەشتەکەدا، باوەرت بەو نرخانە نامێنێت کە لە سەرەتاوە بنەمای گەشتەکەت بوون.

دووەم شێواز: بە پێچەوانەی شێوازی یەکەم، واتە لە سەرەتاوە باوەرت نی یە، بەڵام لە کۆتایی گەشتەکەدا بە ئاشنا بوونت لە ناوەرۆکی نرخەکان، وەکوو نرخ لە ژیانی خۆتدا قەبووڵیان دەکەیت.

پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەکە بدەمەوە، دەبێت ئەوە بڵێم کە ئەم دوو شێوازە مەرج نی یە، لە ژیانی هەموو کەسدا روو بدەن، بەڵکوو پێوەندی بە سرووشت وە ئامانجی مرۆڤەکان هەیە لە ژیاندا: زۆربەی خەڵکی لە چوارچێوەیەکدا خۆی هەڵ دەواسێت بەبێ ئەوەی رۆژێک لە رۆژئان هەوڵی ئەوە بدات لە دەرەوەی چوارچێوەکەی خۆی هەوڵی ئەوە بدات کە دوونیا سەیر بکات، ئەگەر جی ئەو مرۆڤەش خاوەن خوێندنەوەیەکی چروو پر بێت. واتە لە زۆربەی کاتدا، خوێندنەوە مۆدە، نەک ئەوەی کە وەکوو ئەبزار بێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی دیوە نا دیارەکانی رێساکانی بیرکردنەوەیەکی تایبەت.

وەڵام پرسیارەکە: بۆ ئەوەی کە مرۆڤ لە مافی مرۆڤ تێ بگات، دەبێت شارەزاییەکی تایبەتی هەبێت لە چەمکی سەروەری دەوڵەت نەتەوە، هەم وەکوو چەمک، مانا، چوارچێوەی مێژووییی، پێکهاتەکانی، وە ئەو فاکتۆرانەی کە بوونەتە هۆکاری پێکهاتە سەرەکی یەکانی سەروەری بە درێژایی مێژوو.

لەوانەیە پرسیار بکرێت، باشە پێوەندی سەروەری چی یە بە مافی مرۆڤەوە؟

بە ئاشنا بوون لە دوو مانای چەمکی سەروەری وە کۆڵۆنیالیزم رۆڵی مافی مرۆڤمان بۆ دەردەکەوێت. یەکەم مانای چەمکی سەروەری، پیی دەڵێن سەروەری پۆسیتیڤ، واتە هەر هێزیک بتوانێت بە کردار دەستەڵاتی خۆی سابت بکات بەسەر کۆمەڵیک خەڵکدا لە سەر پارچە زەوییەکدا، وە رێگە نەدات هێزێکی کە لەسەر ئەو پارچە زەوییە سەر هەڵ بدات، ئەوا ئەو هێزە خاوەن سەروەرییە. ئەم چەمکە لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدە تا ساڵی ١٩٦٠ کە کۆلۆنیالیزم بە شێوەیەکی فەرمی کۆتایی پێ هات باو بوو لە یاسا وە سیاسەتی نێودەوڵتیدا. کۆلۆنیالیزم لە بەرهەمی ئەم چەمکە سەری هەڵدا. رۆژئاواییەکان، هەندێ نرخیان وەکوو نرخی شارەستانییەت پێناسە کرد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، کە پێی دەڵێت مۆدێرنیتە. ئەم نرخانە کۆی نرخەکانی ژیان کردن، بیرکردنەوە، هەڵسووکەوت کردنی رۆژئاواییەکان بوون. رۆژئاواییەکان ئەم نرخانەیان کرد بە بەهانە بۆ ئەوەی شەرعییەت بدەن بە کۆلۆنیالیزم. واتە ئەگەر کۆمەڵگاکانی دەرەوەی ئۆرووپا، سەروەری پۆسیتیڤیشیان هەبوایە، بەڵام ئەگەر ئەو نرخانەیان وەکوو نرخی خۆیان قەبووڵ نەکردبایە، سەروەرییان پارێزراو نەبوو. بۆ نموونە یەک لەو نرخانە، حیجابی ژنان بوو. لە دوای پەیماننامەی پاریسەوە لە ساڵی ١٨٥٦ تا رووخانی دەوڵەتی عوسمانی، ئازادی حیجاب لە ناوچەکانی ژێر سەروەری دەوڵەتی عوسمانی مەرج بوو بۆ ئەوەی کە دەخالەت نەکەن لە کاروو باری ناوخۆیی دەوڵەتی عوسمانی، ئەگەر چی لەو سەردەمەدا، خودی ژن لە ئۆرووپا، رۆحی هێشتاکە وەکوو رۆحی شەیتان ناسراو بوو.

دوای کۆتایی هاتنی کۆلۆنیالیزم بە شێوەیەکی فەرمی، رۆژئاواییەکان چیتر بە پێی یاسا مافی ئەوەیان نەبوو کە نرخەکانی خۆیان بچەسپێنن بەسەر گەلانی دەرەوەی رۆژئاوا. ئەمەش لەبەر ئەوە بوو، کە کۆمەڵگاکانی دەرەوەی رۆژئاوا پێناسەی چەمکی سەروەری پۆسیتیڤیان گۆری بۆ سەروەری نەگەتیڤ. واتە ئەگەر دەستەڵاتێکیش توانایی ئەوەی نەبێت بە شێوەیەکی کرداری سەروەری خۆی بەسەر هەموو ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتدا بجەسپێنێت، رۆژئاوا بۆی نی یە دەخالەت بکات لە کاروو باری ئەو وڵاتانە. ئەم هەرەسە مێژووییە کە رووی دا، واتە دارمانی داگیرکاری فەرمی رۆژئاواییەکان لە وڵاتانی دەرەوەی رۆژئاوا پێوەندی دراوە بە سێ خوێندنەوەی جێوازەوە.

یەکەم: هەندێ نووسەر دەڵین، دارمانی کۆلۆنیالیزمی رۆژئاوا لە دەرئەنجامی دابەش بوونی دوونیا بوو بەسەر دوو جەمسەردا، واتە ئەمریکا وە شۆڤییەت.

دووەم، هەندێک دەڵێن، دەرئەنجامی ئەو شەرانە بوو کە لە رۆژئاوا روویان دا، بە تایەبت شەری جیهانی دووەم، کە ئابووری وڵاتانی رۆژئاوای دارماند، چیتر توانایی ئەوەیان نەما کە کۆنترۆڵی خۆیان بپارێزن لە کۆلۆنییەکاندا،

سێ یەم: دەڵێن لە دارمانی کۆلۆنیالیزم لە دەرئەنجامی ئەو ئاڵووگۆرە ئابووریەیە بوو کە لە ئاستی جیهاندا رووی دا، واتە بە گۆرینی کەرەستەی بەرهەم هێنان، شێوازی وە ئامرازەکانی داگیرکردن وە کۆنترۆڵ کردن گۆردران.

بەڵام هەر سێ خوێندنەوەی لەسەر یەک خاڵ کۆکن. ئەویش ئەوەیە، بنەمای دارمانی کۆلۆنیالیزم هەر کام لەم هۆکارانە بێت گرنگ نی یە، گرنگ بۆ رۆژئاوا ئەوەیە کە ئەم دارمانە چەمکێکی سەروەری بەرهەم هێنا کە رۆژئاوا چیتر بە پێی یاسای بۆی نی یە دەست تێوەردان بکات لە کارووباری وڵاتانی دەرەوەی رۆژئاوا، بۆیە پێویستی بە ئەبزار یا ئامرازێکی نوێ بۆ کە نرخە شارستانییەکان دووبارە زیندوو بکاتەوە کە دووبارە ئەو هەلە بدەنەوە بە رۆژئاوا کە لە هەر شوێن هەستیان بە مەترسی کرد لە رێگەی مافی مرۆڤەوە دەست تێوەردان بکەن. ئەمەش لە ئەرزی واقیعدا رۆژانە خۆمان بە چاوی خۆمان دەیبینین. نموونە نوێکان، لیبیا، مسر، سوریا وە یەمەن.

دەبینین لە ساڵی ٢٠٠٥، بە شێوەیەکی فەرمی وڵاتانی رۆژئاوا، چەمکی سەروەری یان لە سەروەری نەگەتیڤەوە گۆری بۆ سەروەری وەکوو پاراستانی هاوڵاتی وە تاک. واتە دەستەڵاتێک سەروەرە کە نرخەکانی نیولیبرالیزم لە ولاتەکەی خۆیدا نەهادینە بکات، وە بیان کات بە پێکهاتەی سەرەکی ناوەندەکانی دەوڵەت.

تێبینی: ئەوەی کە جیگەی سەرنجە، هەر سێ خوێندنەوە بە هیچ شێوەیەک باس لە بەرخۆدان وە مقاومەتی گەلانی دەرەوەی رۆژئاوا ناکەن بەرانبەر بە کۆلۆنیالیزمی رۆژئاوا. واتە بۆ ئەوان گەلانی دەرەوەی رۆژئاوا ئاستی هۆشیاری نەتەوەیی وە سەروەرییان هەنووکە نەگەیشتوەتە ئەو ئاستەی کە فاکتۆر وە دینامیکی ئاڵووگۆر بن.

نوێترین نوسینەکانی سۆران خدری

زۆرترین بینراو