#نێچیرڤان بارزانی #مەسرور بارزانی
گەشتوگوزار، ئامارەكان مژدە بەخشن

وتار/ 5 رۆژ پێش ئێستا 46 جار بینراوە

سه‌ركۆ یونس

گەشتوگوزار، ئامارەكان مژدە بەخشن

*سەركۆ یونس
كەرتی گەشتوگوزار یەكێكە لەكەرتە گرنگ و ستراتیژییەكانی زۆربەی ئابوری وڵاتان و لە ئێستادا شان بەشانی كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵ و بازرگانی لەكێبڕكێ‌ دایە و لەهەندێ‌ وڵات ڕادەی پشت بەستنی بودجەی گشتی لەڕیزبەندی یەكەم و دووەمدایە.بەهۆی گرنگی ئەم كەرتە نیشتیمانیەوە زۆربەی وڵاتان هەوڵی تەواو دەدەن ئەم كەرتە بە پیشەسازی بكەن ،داهاتی بەدەستهاتوو لەگەشتوگوزار بەشێكە لە پێكهێنەرەكانی بودجەی گشتی وڵاتان ، هەرچەندە ئەو كەڵك و سودانەی لەم بوارەدا دەست دەكەوێ‌ زیاتر بۆ كەرتی تایبەت و كۆمپانیاكان و خاوەن ئوتێل و مۆتێل و چێشتخانەكان دەبێت و لەم ناوەندەیشدا تاكەكان بەهۆی كاركردنیانەوە لەو شوێنانە داهاتیان دەست دەكەوێت بەگشتی و چینی گەنجان بەتایبەتی .
رٍێكخراوی گەشتوگوزاری جیهانی پێشبینی دەكات لەساڵی (2030)  ساڵانە نزیكەی (1.😎 ملیار گەشتیار گەشتەكانیان ئەنجام بدەن و لە ئێستادا فەرەنسا پلەی یەكەمی هەیە لە ڕیزبەندی جیهانیدا بۆ سەردانی كردنی گەشتیاران تەنها لە ساڵی (2017) ژمارەی گەشتیارانی جیهانی كەڕوویان لە شارەكانی فەرەنسا كردوە نزیكەی (86.9) ملیۆن گەشتیار بووە هەر بۆیە گەشتوگوزار بەیەكێك لە سەرچاوەكانی پاڵپشت بۆ ئابوری فەرەنسا دادەنرێت و نزیكەی ( 7.9%) بەرهەمی ناوخۆیی فەرەنسا لەكەرتی گەشتوگوزارەوە سەرچاوە دەگرێت .شایانی باسە بەپێ‌ ی ڕاپۆرتەكان هەریەكە لە ئیسپانیا و ئەمەریكا چین و ئیتالیا و مەكسیك و بەریتانیاو توركیاو ئەڵمانیا و تایلەند لەڕیزبەندی یەكەمەكانی وڵاتان دادەنرێن لەڕووی ژمارەی گەشتیاریەوە .
* گەشتوگوزار لە هەرێم.
خۆشبەختانە هەرێمی كوردستان خاوەنی سەرجەم جۆرەكانی گەشتوگوزارە و كەرتی گەشتوگوزاری بەسەرجەم جۆرەكانیەوە لەبرەودایە و جێگای ئومێدە ئەم كەرتە لە ئایندەیەكی نزیكدا ببێتە هۆكاری بوژانەوەی ئابوری هەرێم ودارایی هەرێم لە تاكجەمسەری و تەنها یەك سەرچاوەی داهات دەرباز بكات.لەهەرێمی كوردستاندا سەرجەم جۆرەكانی گەشتوگوزار بوونی هەیە بەڵام ئەو گەشتوگوزارەی ئێستا هەیە بریتیی یە لە گەشتوگوزاری هاوینە و پشوەكانی هاوین و جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزە.
* ئامارەكان مژدە بەخشن.
ساڵانە هەرێمی كوردستان ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەكات لە ڕاكێشانی گەشتیارانی ناوخۆیی هەرێم و عێراق و دەرەكی، ئەوەتا بەپێ‌ ی ئامارێك لەسێ‌ مانگی یەكەمی (2019) نزیكەی (900) هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمەوە  و ئامارەكە ئاماژە بەوە دەكات لەساڵی (2018) نزیكەی (3 ملیۆن و 57 هەزار) گەشتیار هاتونەتە پارێزگاكانی هەرێمەوە  كەزۆربەیان گەشتیاری ناوەڕاست و باشوری عێراق بوون و پێشبینی دەكرێت بۆ بۆنە و یاددەكان لە ساڵی (2019) دا ژمارەی گەشتیاران بۆ هەرێم بگاتە نزیكەی (3 ملیۆن و 500 هەزار كەس ) چونكە لە ئێستادا هەرێم بەتایبەتی و عێراق بەگشتی بەبارودۆخێكی تاڕادەیەك جێگیر لەڕووی ئاسایش و سیاسیەوە بەخۆیەوە دەبینێت و  بەرەو پێشچوونی ئابوری لەهەرێم پبَدانی مووچە بەبێ‌ پاشەكەوت بەخۆوە بینیوە .خۆشبەختانە لەپشووی جەژنی ڕەمەزاندا نزیكەی (250) هەزار گەشتیار هاتونەتە پارێزگاكانی هەرێم و سەردانی شوێن و جێگە گەشتیاری و هاوینەهەوارەكانیان كردوە و بەشێكی زۆریان زیاتر لە شەوێك ماوونەتەوە كە ئەمەش بۆ خۆی گرنگی تایبەتی خۆی هەیە و مانای خەرجكردنی بڕێكی زیاتری پارەیە لەلایەن گەشتیارانەوە لەبەرئەوە داتاكان موژدە بەخشن لەم بارودۆخەدا ژمارەی گەشتیاران ڕوو لە زیاد بون بووە .
* ئاستەنگەكانی گەشتوگوزار
بەداخەوە كەرتی گەشتوگوزاری هەرێم چەندین ئاستەنگ و بەربەرستی ئابوری و كۆمەڵایەتی هەیە هەرچەندە لایەنە پەیوەندیدارەكان هەوڵی تەواویان داوە بۆ چارەسەركردن و كەمكردنەوەی كێشەو گرفتەكان،لەگرنگترین ئەو گرفتانە نەبونی بودجەیەكی تایبەتە بۆ بوژانەوە و گەشەپێدانی ئەم كەرتە گرنگ و ستراتیژە و
و بێ‌ بایەخ سەیركردنی لەلایەن زۆربەی هاونیشتیمانیانەوە و بەچاوێكی دوژمنكارانە لە گەشتیاری بیانی و عەرەب دەڕوانن و وا هەست ئەكەن داگیركەرن بەڵكو پێویستە خەڵكی هەرێم بەڕێزەوە لە گەشتیار بڕوانن چونكە هاتنی گەشتیار ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر داهات و بودجەی تاك و خێزانەكان دەبێت تێبینی دەكەین پارەو خەرجی گەشتیار دەچێتە گیرفانی هاوڵاتیانەوە هەر بۆیە پێویستە واز لەو كلتورە بهێنین و ڕێزی تایبەت دابنرێت بۆ گەشتیاران بە جیاوازی ئایین و فەرهەنگ و كلتور و زمان و نەتەوەكانەوە.
بەداخەوە هۆشیاری گەشتیاری نەبووەتە كلتور و هێشتا ڕەنگی نەداوەتەوە لە ژیانی ڕۆژانەماندا لەلایەك خودی گەشتیاران بەپێ‌ ی پێویست و ڕێنماییەكانی دەستەی گەشتوگوزار پەیڕەو ناكەن و تەنها ئامانجیان بەسەربردنی كاتێكی خۆشە بۆ خودی كەسەكە خۆی پێویستە وا لە گەشتیار تێ‌ بگەیەنین كە شوێنە گەشتیارییەكانی هەرێم سەروەتی نیشتیمانی گەلن و پەیوەست نی یە بە كەس و لایەن و تەنانەت حكومەتیشەوە .
لاوازی كەرتی تایبەت لەم بوارەدا بەداخەوە كۆمپانیا گەشتیارییەكان لە هەرێمدا زیاتر هەوڵەكانیان بۆ بردنە دەرەوەی هاونیشتیمانیانە بۆ دەرەوە و بەدەگمەن دەبینین كۆمپانیایەك هەستێت بە هێنانی گەشتیارانی بیانی بۆ كوردستان و تێبینی دەكەین كۆمپانیاكان و كەرتی تایبەت لەهەرێمدا خۆیان بەدوور دەگرن لەوە وەبەرهێنان لەم كەرتە گرنگەدا و زیاتر كاروچالاكیەكانیان بۆ ئەو بوارانەیە كە داهاتی خێراو مسۆگەری تێدا بەدەست دەهێنرێت وەك بازرگانی  بەهەموو جۆرەكانیەوە.
لەپێناو ڕاكێشانی گەشتیارانی بیانی بە تایبەت گەشتیارانی ئێرانی و توركی و وڵاتانی عەرەبی پێویستە حكومەتی هەرێم ئاسانكاری زیاتر بكات بۆ گەشتیاران و ئەو ڕسوماتەی هەیە كەمی بكاتەوە یا هەر نەیهێلێت و بۆ ئەوەی هانی گەشتیارانی بیانی بدرێت ڕوو بكەنە هەرێم و پارەكانیان لە كوردستان خەرج بكەن.
هیوادارین لەساڵانی ئایندەدا كەرتی گەشتوگوزار ببێتە سەرچاوەی گرنگی داهات بۆ تاكەكان وخێزان و لەلایەكی
تریشەوە ببێتە یارمەتیدەر بۆ بودجەی گشتی هەرێم و چیتر ئابوری هەرێم تەنها پشت بە داهاتی فرۆشی نەوت و بەشە بودجەی هەرێم لە بەغداوە نەبەستێت كە هەمیشە لە مەترسیدایە و لەهەر بارودۆخێكی نەخوازراوی سیاسی و ئابوری هەرێم توشی قەیران دەبێت بەو پێ یەی كە لە ساڵانی ڕابردودا هەرێم بە دەست قەیرانی دارایی و ئابورییەوە ناڵاندویەتی و ئومێدەوارن  ئەو بارودۆخە دوبارە نەبێتەوە .
*ئابوریناس

نوێترین نوسینەکانی سه‌ركۆ یونس

زۆرترین بینراو