بەدەستی خۆت كە جامت خستە سەر لێوت غەشیمانە ئەگەر ژەهریشی تێدابێ‌ گوناحی خۆتە بیزانە..

وتار/ 19/02/2019 453 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

بەدەستی خۆت كە جامت خستە سەر لێوت غەشیمانە ئەگەر ژەهریشی تێدابێ‌ گوناحی خۆتە بیزانە..
=================================

نەوزادی موهەندیس
[email protected]
•     ئاشكرایە حیزب و سەركردەی سیاسی هەر هەڵەیەك بكەن گەورە بێت یان بچوك بێ‌ ئاگابن یان بە ئاگا ئەوا دەبێتە كارەسات و هەڵەی تەمەن و ئیدی ناتوانن بەدرێژایی مێژووی خەباتیان لە تۆماری ڕابووردوو و ئایندەشیاندا بیسڕنەوە و هەمیشەش وەك لەكە و پەڵەیەكی ڕەشی ناشیرین بەتەوێڵیانەوە دەمێنێتەوە.بۆیە وەك دەگوترێت هەڵەی كەسانی سیاسی و سەركردەكان زۆر ئاسایی و ئاسان تێپەڕنابن و بەئاسانیش لەبیر ناچنەوە،هەربۆیەشە هەڵەی سیاسیەكان زۆر جاران دەبنە هۆكاری كۆتایی هێنان بەتەمەن و كاری سیاسیان و ئیدی بەرەو كۆتایی سەپێنراو و ناچاری هەنگاو دەنێن و تائەوكاتەی بۆدواجاریش ماڵئاوایی لە ژیان دەكەن پەراوێزخراو كەنارخراو و گۆشەگیر سەردەنێننەوە.
•     بۆیە گرنگە كە سەركردە و حیزبی سیاسی لەكات و ساتی گونجاودا بڕیاری ڕاست و دروست بدات نەك بە پاڵنەری بەرژەوەندی و وەك پەرچەكردار و بە گیانێكی ڕق وكین و تۆڵەسەندەوە لەبەرامبەرەكانیان بڕیار بدەن،چونكە سەركردە و حیزبی سیاسی بەتایبەتیش كاریگەر و خاوەن جەماوەر و سەنگ و قورسایی لە شەقامی كۆمەڵگادا دەبێت نەك یەكجار و دووجار بەڵكو دەیان جار بیربكاتەوە بۆ هەڵنانەوەی هەنگاوی داهاتوو یان بڕیارێكی سیاسی و چارەنوسساز، چونكە بچوكترین هەڵە و لێكەوتەكانی دەبێتە مایەی سەرخواردنی خاوەنەكەی و دووركەوتنەوەی جەماوەر و شەقام و لەدەستدانی متمانە و هێز و توانای خۆی.
•     لە ئێستادا كە هەرێمی كوردستان بەقۆناغێكی ((شەڕێكی ڕانەگەیەنراودا))تێپەڕدەبێت و هەموو حیزب و سەركردە سیاسیەكان دوورن لەیەكتر و زۆر باش متمانە و ڕاستگۆییان لەنێوان خۆیاندا لەدەستداوە،بەتایبەتیش لەسەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم و ڕێكنەوكەوتن لەسەر كۆی كێشە و گرفتەكان و بەرداومبوونی ململانێ‌ ناڕەوانكانیان..ئەوا هێندەی تر گرفت و ئاڵۆزیەكانیان چڕكردۆتەوە و هەموان سەری داوەكانیان لەدەستداوە.
•     جا بەڕێكەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان لە 18/ شوباتی/2019 كە تەنها 8 ساڵ نێوانی 17 شوباتی 2011ی كارەساتی خۆپیشاندان و شەهیدكردنی چەندین لاوی گەلەكەمانە دژی دەسەڵات و بەتایبەتیش پارتی لەلایەن گۆڕانخوازانەوەیە،هێندەی تر هەرێمی كوردستان و شەقام و بازاڕ بەرەو تێكچوون وگرژی و ئاڵۆزی زیاتر دەچن،ئەم ڕێكەوتنە هێندەی لەبەرژەوەندی ئەو دوو حیزبە تەواو دەبێت نیوهێندە لەبەرژەوەندی گەل و نیشتیمان و نەتەوە تەواو نابێت چونكە تەنها قەتیسە بە هەرێمی كوردستان دوور لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان و مافە ڕەواكانی كورد لە بەغداد،هێندەی بۆ هەوڵدانی بچوكبونەوە و بێهێزكردنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە نیوهێندە بۆ هاوسەنگ كردنەوەی هاوكێشە سیاسیەكان و پاراستنی ئارامی و ئاسایش و نەمانی  قەیرانی دارایی  و شەفافیەتی داهات و فرۆشتنی نەوت نیە ،هێندەی بە گیانی ڕق وكین و پەرچەكرداری ناڕاستەوە واژۆكراوە نیوهێندە بەگیانی تەبایی و برایەتی و پێكەوەكاركردن و متمانە گێڕانەوە نەكراوە.
هەربۆیەش ئەم ڕێكەوتنە نەك سەرناگرێت و تاسەر و بۆماوەی 4 ساڵی ئایندە بڕناكات بەڵكو ئەوەی كە زیانی گەورەی بەردەكەوێت بزوتنەوەی گۆڕانە لە ڕووی سیاسی و جەماوەری و فكریشەوە و تەنها  چەند پۆست و پلەیەكی كاتیان دەستدەكەوێت،جا لەپێناو بەرژەوەندی 55 پۆست بۆ 55 كەسدا جەماوەرێكی فراوانی خۆیان لەدەستدەدەن و بۆ جاری دووهەمیش ماهیەتی ڕاستەقینەی خۆیان دەرخستەوە كە جگە لە بەدەستهێنانی پلەو پۆست و ئیمتیازات هیچی دیكەیان بۆ گۆڕانكاری و چاكسازی پێی نیە و ناشتوانن هیچ گۆڕانكاری بكەن چونكە بەلاوازی زیاترەوە چوونەتە ئەم ڕێكەوتن و هاوپەیمانیەوە بە بەراوورد بە 24 كورسی لە خولی سێهەمی پەڕلەماندا كە لەئێستادا تەنها 12 كورسیان هەیە.
گۆڕان بەم بەناو ڕێكەوتنەیان دوا بزماریان لە تابوت و نەعشی جەسەتە و لاشەی مردووی خۆیان وەشاند وهەڵە تەمەنی خۆیان واژۆ كرد لەسەر بچوكبونەوە و بێهێزبوونی زیاتری خۆیان لەلایەك لەبەردەم هێزە بەناو ئۆپۆزسیۆنەكانی ڕابووردوویان لە یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی و لەلایەكی تریشەوە لەبەردەم یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا كە ماوەی زیاد لە 2 ساڵ یەكێتی ڕازی نەبوو بە پڕكردنەوەی جێگە بەتاڵەكانی وەزیر و پلە تایبەتیەكانیان و ئەو هەموو وەفا و پێزانین و چاكانەی كە بەرامبەر گۆڕان كردنی لەئان و ساتی ماڵئاوایی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا و زۆری تریش، جالەم گەمە سیاسیە قێزەونەدا ئەوەی زیانی گەورەی بەردەكەوێت تەنها گۆڕانە و پارتیش تاڕادەیەك بەبراوە حساب دەكرێت،چونكە سەركەوتنی تەواوی ئەو ڕێكەوتنەیان بەندە بە ڕادەی وەڵامدانەوە و پشتگیری یان بەرهەڵستكردنی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستانەوە،چونكە هەوڵدانیان بۆ بەرتەسككردنەوە و پەراوێزخستنی یەكێتی لەلایەك ڕاگەیاندنی شەڕێكی ڕانەگەیەنراو بوو لەلایەكی تریشەوە هەڵەیەكی مێژوویی و زۆر نەشاز و نەشارەزاییانەش بوو،چونكە  گۆڕان لە پێش پارتیەوە زۆر باش دەزانێت كە لە زۆنی سەوز و تەواوی كوردستانیشدا هیچ كارێكی گرنگی پێناكرێت گەر یەكێتی ڕێگەی پێنەدات و پشتیوانی نەبێت،پارتیش لەپێش گۆڕانەوە باش دەزانێت بەبێ‌ بوونی یەكێتیەكی بەهێز لەگەڵیدا و لەحكومەت و دەسەڵاتدا تەنها لەولا دێگەڵەوە دەسەڵاتی بڕدەكات،بۆیە ئەم هەنگاوە غەشیمانەیەیان تەنها وەك كارتی فشار بەكارهێناوە بەرامبەر یەكێتی بۆئەوەی بیخەنە بەر ئەمری واقیع و بەناچاری بێتە پێشەوە لێیان و شەراكەتیان لەگەڵدا بكات،ئەوان نەیانزانی بەم هەنگاوەیان خۆیان دەكەونە ئەو تەپكەیەی كە بۆ یەكێتیان ناوەتەوە و نەیانزانی و غەشیم بوون كە یەكێتی لەبەرزكردنەوەی دروشمەكانی((شەراكەتی ڕاستەقینە و یەك پاكێجی  كێشە و گرفتەكانی هەولێر و كەركوك و بەغدادا))تەنها بەرژەوەندی نەتەوەو نیشتیمانی لەبەرچاوگرتوە نەك پۆستێك و دەیان و سەدان.
بۆیە ئەم هەنگاو و بەناو ڕێكەوتنە بریتیە لە ((پیاڵە ژەهرێك ))كە هەریەكە لە پارتی و گۆڕان غەشیمانە یان بە ئاگایانە خسویانەتە سەر لێویان و جا ئیدی هەرچیەكی تیادا بێت و ئەنجام و لێكەوتەكانی ئایندەشی هەرچیەك بێت دەبێت بەتەنها خۆیان بیگرنە ئەستۆ و بینۆشن!
ئەم هەنگاوە نەك دۆخی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و ئەمنی هەرێم دەخاتە بەر هەڕەشە و زیاتر لەباربردن بەڵكو دەیان دەرگای نەخوازرا و هەنگاوی فەرامۆشكراو و ئەگەرە خراپەكانی شەڕی ناوخۆ و دووئیدارەیی و  دەركردن و ڕاوەدوونانی یەكتر و دروستكردنی سنورێكی دەستكردی نەخوازراو دابەشكردنی 4 پارچەكەی كوردستان بۆ 5 پارچە و زیاتر تۆخكردنەوە و فراوانبوونی ئەو درزەی كە لە بنچینەدا لەنێو ڕیزەكانی كۆمەڵگاكەماندا هەبوە و ..دەیان ئەگەر و هەنگاوی نەخوازراوی تر.بەو هیوایە هیچ لایەك و سەركردەیەك بیر و پلانی بۆ ئەو ئەگەرە نەخوازراوانە نەچێت و بە حیكمەت و ژیری و لەسەرخۆیی و بیركردنەوەی زیاتر لە ئایندە و مەترسیەكانی دەوروبەرمان وەڵام و پەرچەكرداریان هەبێت نەكە وەك یەكی لە مامەڵە و كردار و گوتاری ناڕێك و ناتەندروستدا.
جا حیزب و سەركردەیەك كەتەنها بەرژەوەندی خۆیان و وەدەستهێنانی پلەو پۆستی چەند كەسێك بخەنە ژوور بەرژەوەندی نەتەوە و نیشتمانەوە ئیدی دەبێت چاوەڕاونی چ خێروبێرێكیان لێبكرێت.
بۆیە ئەوەی كە زیانی نەكردوە و ناشیكات  تەنها بریتیە لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان،چونكە بەم هەنگاوە دژەی پارتی و گۆڕان،لەلایەك یەك و یەكگرتوویی نێوخۆی یەكێتی بەهێزتر بۆتەوە و لەلایەكی تریشەوە دۆست و دوژمنی ڕاستەقینەی خۆی بۆ دیاركەوت و لەلای سێهەمیشەوە ئیدی تۆپەكە لە گۆڕەپانی یەكێتیدایە و هەر هەنگاو و بڕیارێكیش بدات هیچ كەس و لایەنێك بۆیان نیە گلەیی و ڕەخنەی ئاڕاستە بكەن چونكە یەكێتی دەستپێشخەر نەبوە و هیچ كاتیش زوڵم و زۆری لە هیچ كەس و لایەنێك نەكردوە،ڕێك ئەو فەرموودەیەی خوای گەورە دێتە جێ‌ كە دەفەرموێت ((العین بالعین والسن بالسن والبادئ اڤلم)).

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس