#نێچیرڤان بارزانی #مەسرور بارزانی
چ جۆرە حكومەتێك پێویستە لەهەرێمی كوردستاندا ؟

وتار/ 09/01/2019 98 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

چ جۆرە حكومەتێك پێویستە لەهەرێمی كوردستاندا ؟
نەوزادی موهەندیس
[email protected]
هیچ كات هێندەی ئەم جارەی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان لە 30/9/2018دا  پێكهێنانی حكومەت و كابینەی نوێ‌ دوانەكەوتوە كە لە ئێستادا 100 ڕۆژی ڕێكی تێپەڕاندوە،لەزۆربەی دونیای پێشكەوتوو تەنانەت دواكەوتوشدا ماوەی 100 ڕۆژ دیاردەكەن بۆ هەڵسەنگاندنی یەكەمی هەموو حكومەت و ئۆرگانێك بۆئەوەی بزانن لەماوەی 100 ڕۆژدا چ پلانێكی داناوە و چەند پڕۆژەی جێبەجێكردوە و چ خزمەتگوزاریەكی پێشكەش بە جەماوەر و وڵات كردوە،بەم شێوەیە دەبینین 100 ڕۆژ لای كۆمەڵگا پێشكەوتوەكان هێندە درێژ و كاریگەر و گرنگە  كە 100 ڕۆژ كات و ماوە  بەپێویستە دەزانن بۆ هەڵسەنگاندن وتەنانەت لێپرسینەوەش،بەڵام لای خۆشمان 100 ڕۆژ هیچ بەهایەكی نیە،هەربۆیەش ئەو كۆمەڵگایانەی ڕێزی كات دەگرن هەمیشە لەپێشكەوتن و گەشەكردنی بەردەوامدان و ئێمەش هەمیشە بۆ دواوەوە دەگەڕێینەوە.بەداخەوە دوای 100 ڕۆژیش هێشتاش ئاسۆكان ڕوون و نزیك نین بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت كە هەر لەسەرەتاوە بە توندوتیژی و نائومێدی دەستیان پێكرد،لەگرتنی بێ‌ هۆكاری یاسایی كادر و ئەندامانی یەكتر و دواتریش بێ‌ هۆتر ئازادیان كردن،ئەم ڕۆحیەت و عەقڵیەتی بیركردنەوە و بەڕێوەبردنە لەسەرەتای ساڵی نوێی 2019 و پێشەنگی هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆهەم،مایەی خۆشحاڵی و ئومێد هەڵچنینی زۆر نین بۆ 4 ساڵی ئایندە.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە ،كە ئایا هەرێمی كوردستان لەم قۆناغە و بۆ 4 ساڵی ئایندە چ جۆرە حكومەتێكی پێویستە؟ ئەمنی بێت ؟ یان خزتمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوە بێت؟
بەدڵنیایی هەرێمی كوردستان دوای 4 ساڵ لە جەنگی تیرۆریستانی داعش و دوای 4 ساڵ لە قەیرانی دارایی توند كە بۆتە هۆی كەمبونەوەی مووچە و  بودجە و نەمانی پڕۆژە ئاوەدانیەكان و وەستانیان و ئیفلاسبوونی كۆمپانیا و وەبەرهێنەكان و هەڵتەكاندنی ئەو ژێرخانە لەرزۆكەی كە هەبوشمان و گەڕانەوەی كوردستان بۆ لانی كەم 10ساڵ زیاتر لەڕووی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی و ...هتد.بۆیە هەرێم بۆ 4 ساڵی ئایندە پێویستی بە قۆناغێكی ئارام و پڕ ئاوەدانی و خزمەتكردن و چەسپاندنی ئاشتی سیاسی و كۆمەڵایەتی هەیە،نەك حكومەتێكی ئەمنی  توند بەسەر ئازادی هاوڵاتیان و كاری سیاسی و بڵاوكردنەوەی ترس و ترۆقاندن و هەڕەشەی گرتن و كوشتن و ڕاوەدوونان،حكومەتێك كە بیر و پلانی تەنها لەڕووی ئەمنی و عەسكەری و هەواڵگریەوە بێت ئەوە بەدڵنیایی زۆرینەی بودجەی وڵات بۆ ئەو كەرتە دابین دەكات و مەنتیقیش وادەڵێت كە سەرجەم كەرتەكانی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری وەلادەنرێت،وڵات لەڕووی تەندروستی و خوێندنی باڵاو و پەروەردە و پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزارەوە بۆ دواوە دەگەڕێتەوە و جێگەی گرنگی پێدان نابن.
هەموانیش زۆر باش دەزانین كە چارەنوسی حكومەتە ئەمنی و سەربازی و عەقڵ تەسك و بێ‌ پلانەكانی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی چی دەبێت و چۆن شكست بەسەر خۆیان و میلەتیشدا دەهێنن،چونكە حكومەتە ئەمنیەكان هەمیشە لەچوارچێوەی دەسەڵاتە تاكڕەو و خۆسەپێن وشمولیی و سەربازیەكاندا خۆیان دەبیننەوە كە چارەنوسی هەموانیانمان بینی كە چیان بەسەرداهات لەڕابووردوویەكی نزیكدا..سەردەم و قۆناغی ئێستا وئایندەش وادەخوازێت لە سەرجەم سەركردە و پارتە سیاسیەكان كە براوەی گەورەن لەم هەڵبژاردنەی پەڕلەمانی كوردستاندا كە بە عەقڵیەتێكی كراوە و نەرمونیانتر و ئاسۆ فراوانتر و لێپرسراوانەتر بیربكەنەوەو پلان و نەخشەڕێگا و بەرنامەی گونجاو دابنێن بۆ زیاتر خزمەتكردنی جەماوەر و ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان،قۆناغەكە وادەخوازێت هەموان پێكەوە كاربكەن و هەنگاو بۆ پێشەوە بنێن، چونكە كوردستان لە ئێستادا توانای هەڵگرتنی بار و كێشە وململانێی قورس و مەترسیدار و دووبەرەكی زیاتر و دووئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ و ئیستیفزازكردنی یەكتر ناگرێت،بۆیە دەبێت هەرچی زووتر هەیە سەرجەم كێشەكانی كورد و كوردستان لە هەرێم و لەبەغداد هەموانیان پێكەوە چارەسەر بكرێن و هیچ كام لەو كێشانەش هێندە سەخت نین كە لەتوانادا نەبێت چارەسەر بكرێن گەر نیەتێكی ڕاستەقین هەبێت بۆ چارەسەركردنیان،بۆیە دواخستنی هەر كێشەیەكیش دەبێتە هۆی كەڵەكەبوونی و زیاتر قورسبوونی وپشتگوێخستنیشی،زەرورە كە هەموان بەگیانێكی نیشتیمانپەروارنەوە مامەڵە بكەن و تیڕوانینەكانیان بخەنە سەر مێزی گفتوگۆ،ئەوەی كە دوای هەمووان بیرلێدەكەنەوە پێویستە وەدەستهێنانی پلەو پۆست و ئیمتیازات بێت بۆ دەستڕۆیشتوەكانی ناو حیزبەكان و بەردەوامبوونیان لەدەسەڵات و خۆشگوزەرانیان تا سنوری ئینتەلاكردن و لەبەرامبەریشدا پەراوێزخستنی كادر و لایەنگر و دۆست و كەسە ئەكادیمیی و سەربەخۆكان و ئەنجامیش برسیكردنی زیاتری جەماوەر تا سنوری مردن و تاوان و تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی.
بۆیە گرنگە كە پێكهێنانی كابینەی نۆهەمی حكومەتی هەرێم چیدی بەبیانوی بێ‌ ئەزرشەوە دوانەكەوێت و هەرێمیش نەكەوێتە بۆشایی سیاسی و ئیداری و یاساییەوە،لەكاتێكدا ناوچە و دونیاش لەسەر ئاگرێكی هێمن دەكوڵێن و هەموان چاوەڕوانی تەقینەوە و پێكدادانی زلهێزەكانی دونیاو ناوچەكەن و كوردیش بەبێ‌ حكومەت و سەرۆك و پەڕلەمان لەهەموان بێخەمترە،لەگەڵ ئەوەی كە مەترسیە گەورەكان هەمووانیان ڕوویان لەكوردو كوردستانە.

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

زۆرترین بینراو