نامەیەکی کــراوە بۆ (پارتی و یەکێتی)

وتار/ 6 رۆژ پێش ئێستا 84 جار بینراوە

ئارام مەجید عەلی

نامەیەکی کــراوە بۆ (پارتی و یەکێتی)
ئارام مجید شەمێرانی
نامەیەکی کــراوە بۆ
(پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان).
سڵاوێکی شۆڕشگێڕانە.
سڵاو بۆ پێشمەرگەی کوردستان.
سڵاو بۆ شەهیدانی سەنگەری بەرگری کوردستان.
سڵاو بۆ شەهیدانی ئەنفال و کیمیاباران.
سڵاو بۆ زیندانیانی سیاسی
سڵاو بۆ کەمئەندامان و برینداران.
سڵاو بۆ خۆنەویستان خەباتگێڕان.
سڵاو بۆ هاوڵاتیانی کوردستان.

بەڕێزان..سەرۆک و بەرپرسان و کاربەدەستان و قسەڕۆشتوان لەهەردوو حیزبی دەسەڵاتیداری هەرێمی کوردستان، ئێمەی هاوڵاتی ئەم هەرێمە لەخەبات و ماندوبوون و مێژووی کۆڵنەدان و ڕۆژانی سەخت و سەنگەری بەرگریتان باش تێدەگەین و لەگەڵتان بووین و لەگەڵتان دەبین، ئێمەی هاوڵاتی لەڕۆژانی نەهامەتی ئێوەدا لەسەنگەرەکانی پشتەوە هاوکار و هاوڕێ و پێشمەرگەی نادیاربووین بەماڵ و منداڵ و بەگیان لەگەڵتان بوین و لەگەڵ ئێوەدا شەهید و بریندار و کەمئەندام بوین و لەگەڵ ئێوە و بۆ خزمەتی ئێوە و کوردستان ماڵمان وێران کراو و گوندەکانمان سوتێنران و ئاوارەکراین و دەربەدەری زێدی بابوباپیرمان کراین و هەرساڵێک لەشارێک و لەوڵاتێکی دراوسێ خێمەی ئاوارەییان بۆ هەڵدەداین!
ئێمەی هاوڵاتی بەشمەینەت زۆرجار لەبری ئێوە دەگیراین و زیندانی کراین و ئەشکەنجەدراین و هەڵواسراین و تەنانەت کیمیاباران و ئەنفالیش کراین و هەندێکیشمان بوین بەزیندانی سیاسی، هەندێکیشمان هێشتا شەهیدی زیندووین! لەبیرتانە لەڕۆژانی سەختی خەباتی ئێوەدا بێ گوێدانە ژیانی خۆمان و ماڵ و منداڵمان پارووی دەمی خۆمانمان بۆ دەگرتنەوەو ملی ڕێگەی نەمان دەگرتەبەر و بۆمان دەهێنان بۆشاخ و خۆمان برسی دەکرد بۆئەوەی ئێوە تێر و پۆشتەو ئامادەو دڵسۆزبن!لەبیرتانە چۆن ژیانی خۆمانمان فیدای ژیانی ئێوەدەکرد!لەبیرتانە بۆ ژیان و خەبات و ماندووبونی ئێوە شەونخونیمان دەکرد و بەشەو بەڕۆژ بەکات و ناکات هاودەم و هاوخەم و خزمەتکارتان بووین و دەرگامان لەسەرپشتبوو بۆتان! لەبیرتانە چیرۆکی ئازایەتی و بەرگری و خۆڕاگری و ناوی پیرۆزی پیشمەرگەو فیداکاری و ڕۆژانی سەختی ئێوەمان کردبوویە چیرۆکی بەرئاگاردان بۆ شەوانی منداڵانمان، بەباسی ئازایی و خۆڕاگریتان منداڵەکانمان گۆش دەکرد! لەبیرتانە ئێوە لەشاخ پێشمەرگەبوون و ئێمەی هاوڵاتی لەشار خەباتکار و پێشمەرگەبووین، لەبیرتانە لەبری ئێوە لەزیندانیەکانی ناوشاردا جەستەمان لەژێر پۆساڵی بەعسیەکاندا بوو لەتاو ئازار و ئەشکەنجە هاوارمان دەگەشتە کەشکەشانی گەردوون!
بەڕێزان سەرۆک و بەرپرسانی هەردوو حیزب، ئێمە دەزانین و ئێوەش دەزانن!! ئێمەدەزانین چیمان کردوو چۆنمان کرد و بۆچی کردمان و لەپێناو چی کردمان، ئێمە کردمان بێ ئەوەی گوێ بەبرسیەتی ڕۆڵەکانمان بدەین،بێ ئەوەی هەست بەماندووبوومان بکەین، بێ گوێدانە گیران و زیندان و سزادان هەڵواسین و ئەشکەنجەو سزا تامردن!ئەمەش بۆ ئەوەبوو کە خەبات سەری گرت و ئێوە هاتنەوە شار بۆ ناو براو هاوڕێ و هاوڵاتیان یان هەموومان وەک یەک لەخۆشیدابین و تێر و پۆشتەو بێخەم بین یان هەموومان پێکەوە برس و ڕووت و ڕەجاڵ و خەمباربین، یان ئەوەتا پێکەوە سەرکەوین یان پێکەوە لەشار بمرین لەپێناو کورد و کوردستان! یان ئەوەتا ڕۆڵەبرسیەکانی دوێنی گوند و ڕۆڵەکانی ئەمڕۆی شار وەک یەک بژین و لەگەڵ خەم و ئازاری یەک بین!
بەڕێزان، وەک دەزانین و وەک دەزانن پێکەوە شۆڕش و خەباتمان کرد و ڕاپەڕینمان کردو ئاوەرە دەربەدەربووین سەرلەنوێ لەگەڵتان بووین و دەنگمان پیدان و دووبارو هەزاربارە ئێوەمان خستە شوێن و جێگەی بەرزی پڕکەیف و سەفا بۆ ئەوەی لەگەڵمان بن و خزمەتمان بکەن و لەئێش و ئازار و هەژاری و نەداریمان تێبگەن و بۆ ئەوەی ئێوە حوکمڕانی باش و دڵسۆزمان بن و لەناومان بن و لەگەڵمان هاوسۆز و هاوخەمی هووڵاتیان و لابەری ئازار و ناڕەحەتیەکانمانبن.
بەڕێزان لەهەردوو حیزبی شۆڕشگێڕ، دەزانین هەزاران سەرکردەو کەسی خەمخۆر و ماندوونەناس و بەوەفا لەنێوتان بوونی هەیە، دەی لەوان تێبگەن و لەئێمەی هاوڵاتیش تێبگەن باهەموومان ئاسوودەو بەختەوەربژین، بەسە ئیتر سەردەمی یەکترشکان و ململانێی نێوخۆیی خۆتان بەرژەوەندی تەسکی حیزبی کتایی پێبهێنن و برسی کردنی ئێمەی هاوڵاتی کۆتایی پێ بهێنن،بەسە ئیتر واز لەتێربوونی خۆتان و گیرفان خاڵی هاوڵاتیان بهێنن، بەسە ئیتر واز لەدەوڵەمەندی و خۆشخۆری و هایلایڤ ژیانی خۆتان بهێنن و کەمێک خزمەتی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە بکەن،بەسە ئیتر لەگەڵ خۆتان و بۆ بۆخۆتان مەبن بەڵکو لەگەڵ ئێمەو بۆ ئێمەی هاوڵاتیی بن. بەڵێ ئێستاش دەڵێین ڕێک و تەباو برابن و پێکەوەبن، هادەنگ و هاوڕەنگبن،لەگەڵمان بن لەگەڵتانین، بۆ ئێمەبن و ئێمەش بۆ ئێوەدەبین و ئیتر کاتی خزمەتی هاوڵاتی و سەردەمی تێپەڕاندنی ناخۆشی و قەیرانەکانە.
بەڕێزان ئێمە دەزانین و ئێوەش دەزانن دەڵێین بەشی خۆتان بخۆن و بیبەن و هەڵگرن،بەڵام بابەشی هاوڵاتیانیش هەبێت و خزمەتی خۆتان بکەن و خزمەتی باشی هاوڵاتیانیش بکەن،تکایە بۆ جارێکیش بێت گوێمان لێبگرن و لێمان تێبگەن و هاوئازار و هاوخممان بن،تکایە لەجگەرسوتانی دایکی شەهیدان تێبگەن!تکایە لەناسۆری کەس و کاری ئەنفالکراوان و کیمیاباران و زیندانیانی سیاسی تێبگەن! تکایە چارەسەری ئەم قەیانە لەدەستی ئێوەدایەو لای ئێوەیە دەی لەماندووبوون و خراپی بارودۆخی هاوڵاتیان تێبگەن،ئێمە دەنگمان پێدان ئێوەش بەدەنکمانەوەبن، ئێمە لەڕابردوو لەخزمەتی ئێوەدا بووین و ئێوەش ئێستا خزمەتکاری ئەم میللەتە هەژار و نەدارەبن و پێکەوە جوان و ئاسوودەین و بەپێکەوەبوون دەگەینە ئامانج و سەرکەوتن.
لەکۆتایدا دەڵێم لەخۆتان بپرسن ئەگەر بۆ یەکجاریش بوایە شەهیدانی هاوسەنگەر و هاوخەباتی ئێوە زیندوو ببونایەتەوە بەم ژیانەی ئێستای ئێوە ڕازی دەبوون؟یان ئاسوودەدەبوون بەوخەباتەی لەپێناویدا شەهیدبوون بوخزمەتی هاوڵاتیان؟ یان دەتانتوانی سەربەرزانە لەبەرامبەریان بوەستانایەو پێتان بوتنایە بەڵێ پێکەوە خەباتمان کرد و ئێوە شەهیدبوون بۆ حزمەتی هاوڵاتیان و دابینکردنی ژیانێکی گونجاو و پڕخزمەتگوزاری بۆ ئەم میللەتە؟ دەتانتوانی بڵێن بەڵێ ئێوە بێخەم بنوون ئێستا ئێمە خزمەتکاری ئەم میللەتین؟

نوێترین نوسینەکانی ئارام مەجید عەلی

زۆرترین بینراو