حیزبی سیاسی لەنێوان زەرورەتی قۆناغەكە و هەڵپەی دەسەڵاتدا !

وتار/ 11/01/2018 97 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

حیزبی سیاسی لەنێوان زەرورەتی قۆناغەكە و هەڵپەی دەسەڵاتدا !
نەوزادی موهەندیس
[email protected]
•     ئاشكرایە دروستبوون و سەرهەڵدانی بیری نوێ‌ وڕەوتی تازە و جوڵانەوە و تاڤگەڕی سیاسی نوێ‌ لەكات و ساتی مێژوویدا دێنە دروستبوون و دامەزراندن و زەرورەتی قۆناغەكە دەیسەپێنێت،وەك دەرچەیەك بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەكان یان گەڕان بەدوای جێگرەوەی نوێدا بۆ كۆنە هەبوەكان لە سەركردە و پارتی سیاسی و ڕێكخراوی جەماوەری تر.بۆیە ناكرێت لەخۆڕا و بەبێ‌ پێویستبوونی ڕۆژگار و سەردەمەكە و بەبێ‌ بونی داواكاریەكی جەماوەری ڕەوا و پاڵپشتیكردنێكی ڕاستەقینەش بۆ دروستبوونی جوڵانەوە وقەوارە و تاڤگەرێكی سیاسی نوێ‌  هەوڵی دامەزراندن یان پێكەوەنانی قەوارەیەكی سیاسی بدرێت،چونكە لەسەر زەمینەیەكی پتەو و كۆنكرێتی جەماوەری و فكری نەهاتۆتە بوون و زیانی زیاتر دەبێت بۆ ئایندە ،چونكە دەبێتە هۆكار بۆ دابڕان و لێكترازانی زیاتری ڕیزەكانی جەماوەر، ئاشكراشە چەندە جەماوەر و كۆمەڵگا یەك و یەكگرتوو بێت هێندە بەهێز و خاوەن ئیڕادەی پۆڵاین دەبێت،هەركاتیش كۆمەڵگا دابەشبوە سەر ڕەوت و بزاڤ و جوڵانەوە و قەوارە و بزوتنەوەی جۆراوجۆری جیاواز و بچوك  ئەوا هێندەی تر زیانیپێدەگات و لاواز و بێئیڕادەیەكی ڕاستەقینەش دەمێنێتەوە.
بەداخیشەوە دروستبون و دامەزراندنی حیزبی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتدا بەگشتی و لەكوردستانی خۆشماندا بەتایبەتی بۆتە مۆدیلێكی نوێی قێزەون،چونكە زۆربەیان تەنها لە پێناو دەسكەوتی كەسی و هەڵپەی دەسەڵات و چنینەوەی دەسكەوت و ئیمتیازات و پلە و پۆستی ناڕەوادا دروست بوون، یان كەسانی تۆراو و  بێ‌ جێگە و پێگە ماونەتەوە ،ئەگینا ئەوە چ مەنتیق و ڕەواییەكە لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا چەندین قەوارەی سیاسی بەناو سیاسی وەكو قارچك سەرهەڵبدەن و زۆر بەخێرایی كۆنگرەی خۆیان ببەستن و ئۆرگان و دامەزراوە و بارەگا دابمەزرێنن و خۆشیان ئامادەبكەن بۆ زنجیرەیەك هەڵبژاردن لە كوردستان و عێراقدا.زۆربەی ئەم قەوارە و حیزبانە لە ژێر ناوی دیموكراسی و دادپەروەری و كاركردن بۆ ئایندە و نەوەی نوێ‌ و گۆڕان و چاكسازی لە سیستەمی حوكمڕانیدا خۆیان نمایشكردوە،بەڵام هەموانیشیان لەناو خۆیاندا لەسەر بچوكترین جیاوازی لێكجیادەبنەوە و ناتوانن لەناو یەك بەرەی ئیسلامی یان دیموكراسی یان نەتەوەییدا خۆیان ڕێكبخەن،چونكە هیچكامیان دروشم و مەبەستیان خزمەتكردنی كۆمەڵگا و نەتەوەو نیشتیمان نیە بەڵكو تەنها بەرژەوەندی خۆیان و دارودەستەكانیانە.
•     پرسیار لێرەدا ئەوەیە:كە ئایا ئەم حیزبە سیاسیانە بنەماو بنچینیەكی ئایدیا و فكری و ڕێباز و ڕچەیەكی دیاریكراویان هەیە؟ ئایا ئەم بەناو ئەندام و لایەنگرانە لەسەر چ خاڵ و تێڕوانین و ڕوئیایەكی هاوبەش كۆبونەتەوە؟ئایاچ زەرورەتێكی هەنوكەیی پاڵیپێوەناون كە ئەم قەوارانە دروست بكەن و سەربەخۆ هاوبەشی كاری سیاسی بكەن و بچنە هەڵبژاردنەكانیشەوە؟ ئایا كوردستان حیزب و قەوارەی سیاسی كەمە؟ ئایا پەند و عیبرەتیان لەو حیزبۆكانەی ڕابووردوو وەرنەگرتوە؟و ئەنجامی بوونی ئەم هەموو حیزبە سیاسیانەش چ دەبێت؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە و دەیانی تریش،بریتیە لەوەی كە ئەو حیزب و قەوارە سیاسیانە كە تازە دامەزراون پاڵنەری سەرەكیان بریتیە لە دروستكردنی قەوارەیەك بۆ كەسە یەكەمەكان و بۆئەوەی جێگە و پێگەی لەدەستدراویان بەشێوەیك لە شێوەكان بۆ بگەڕێتەوە و بێبەش نەبن لەو كێكە بەلەزەتەی كە لەم وڵاتەدا هەیە و ئەوانیش بەشی خۆیان بپچڕن، لەلایەكی تریشەوە كۆمەڵێك پلە و پۆست و ئیمتیازات بۆ هەندێك لەو لایەنگرانەی كەلێیان كۆبونەتەوە وەدەستبخەن،ئەگینا كە بەدیقەت وورد دەبیتەوە لە پێكهاتە و پەیكەری دامەزراندنی ئەم حیزبانە هیچ جۆرە هارمۆنیەك لە پەیەوەندی و پێكەوە گرێدانیاندا نابینیتەوە،چونكە نە یەكێتی فكر و نە یەكێتی كار و و پلان پێكیانەوە گرێنادات،تەنها كۆمەڵە كەسانێكن كە بەرژەوەندی ئابوری و دەسكەوت و ئیمتیازاتی سیاسی كۆی كردونەتەوە و خۆیان ڕەگەڵ توڕەیی جەماوەردا نزیككردۆتەوە،نەك ڕابەرایەتی بكەن،چونكە جەماوەریش باش لە ماهیەتی هەموانیان تێگەیشتوە و هیچ كامیان لە ئێستادا ناتوانن بە ئەركی ڕابەرایەتی و پێشەنگی جەماوەر هەڵبستن،هەربۆیەش  ئایندەیان ڕوون نیە و ناشبنە خاوەن جەماوەرێكی ڕاستقینە و پتەو لەداهاتوشدا،چونكە ئەم قۆناغ و ئەم وێسگە هەستیار و ناسكەی كورد بەم لاوازی و بێهێزی و گەمارۆدراو بە دەیەها مەترسی و ئاڵنگاری هیچ زەرورەتێك نابینێتەوە بۆ دروستبونی حیزبی سیاسی تر،سەرەڕای بوونی ڕەخنە و كەموكوڕی و گەندەڵی و ناعەدالەتی و نایەكسانی و قۆرخكاری دەسەڵات و خۆسەپاندن و تاكڕەوی و تەریككردنی زۆرینەی جەماوەر لەلایەن ئەم دەسەڵاتەی ئێستاوە كە هەق وایە گۆڕانكاری جدی تیادا ڕووبدات لە بەرژەوەندی زۆرینەی گەل.
هەربۆیە سەركەوتنی كاری سیاسی و بەردەوامبونی كایەی سیاسی بەمانای زۆری ژمارەی حیزب و قەوارەی سیاسی نایەتە دی،ئەوەتا وڵاتانێكی گەورە و پێشكەوتوو تەنانەت ڕابەری دونیاش دەكەن كەچی لە 2 حیزب یان 3 یان 4 حیزب تێپەڕ ناكەن بەڵام ئەزمونی كاری سیاسیشیان سەركەوتوە وەك ئەمریكا و بەریتانیا و تەنانەت ڕوسیاش،هەربۆیە بوونی ژمارەیەكی زۆری حیزبی سیاسی لە كوردستاندا نەك بەمانای تەندروستبوون و سەقامگیری دۆخی سیاسی نایەت بەڵكو دەلالەتیشە لەسەر بونی فرەییەكی بێ‌ مانا و بێ‌ بنچینە لە ڕوئیا و بۆچوون بۆ كاری سیاسی و ئایندەی كوردستانیش،نەكە هەرئەوە بەڵكو ئەم ژمارە زۆرەی حیزبی سیاسی بونەتە هۆی زیاتر و زیاتر دابەشبوون و پەرت و بڵاوكردنەوەی ڕیزەكانی گەل،چونكە هەر حیزبێك بەبێ‌ گوێدانە بەرژەوەندی باڵای كورد و كوردستان هەمیشە و دوور لە مەنتیق و یاسا و ڕێساكان تەنها بەرگری سەرسەخت دەكات لە بۆچون و ڕێباز و بەرژەوەندیەكانی خۆی و ئامادەش نیە بچوكترین سازش لەسەر هیچ بەند و خاڵێك بكات،بۆیە لەم قۆناغەدا كورد هێندەی پێویستی بەیەك و یەكگرتووی كار و كردەوە و گوتار هەیە نیوهێندە پێویستی بە حیزبی سیاسی زۆرتر و تازەتر نیە،هێندەی پێویسمان بە كردار و كوردایەتی هەیە پێویستمان بە هیوای بێ‌ بنەماو حیزبایەتی نیە.
هەربۆیە گەرەكە كە ئەو قەوارە سیاسیانەی كە تازە دروستبون و ئەوانەشی كەهەن هەق وایە عیبرەت لەو حیزبە دێرینانە وەربگرن كەچۆن بچوكبونەتەوە و لاواز و كەنەفت كەوتون و مێژوو هەنگاویان بەسەردا دەنێت، هەرچەندە خاوەن ڕابووردویەكی گەش و شۆڕشگێڕ و شەرعیەتی شۆڕشیش بون و تەنانەت زەرورەتی قۆناغەكەش دروستیكردون لەبەرامبەر مقاوەمەتی شۆڕشگێڕی دژ بە داگیركەرانی كوردستاندا،بەڵام دووركەوتنەوەیان لە خواست و ویستە ڕەواكانی جەماوەر و دووڕوویی و بێبەڵێنیان بونەتە هۆی بچوكبونەوەیان و پشتتێكردنیان لەلایەن جەماوەرەوە،جا چ جای حیزب و قەوارەیەك كە هیچ زەمینە و پاشخانێك و زەرورەت و ڕەوایەتیەكی مێژوویشیان نەبێت.ئەنجامی زۆری ئەم هەموو حیزب و قەوارە سیاسیانە لەكوردستاندا كە زیاد لە 30 حیزب و قەوارە و لەوڵاتێكی وەكو عێراقیشدا زیاد لە 200 قەوارەی سیاسی ناونوسكراون، بەڕاستی بۆخۆی مایەی كارەسات و لێكترازانی زیاترە بەسەر كۆمەڵگادا،بۆكورد چەندین زیانی گەورەی هەیە ،لەلایەك یەك و یەكڕیزی كۆمەڵگا و خێزانی كورد كەرتوپەرت دەكات و قوڵی دەكاتەوە و لەلایەكی تریشەوە كورد و كوردستان لاواز دەكات چونكە هەریەكە لەو حیزبانە بەداخەوە دابەشبونەتە سەر  هێڵ و ئاڕاستە و بەرە ناوچەییەكان و وڵاتانی سەردەستی كوردستان كەهەموان بە ئاشكرا و نهێنی دژی ئاوات و مافە ڕەواكانی كوردن و هەربۆیەش ئیڕادەی ڕاستەقینەی خۆیان لەدەستداوە لە بڕیارداندا،هەروەها ئەم ناجۆری و دوورلەیەكیەی نێوماڵی كوردە كە بۆتە لاوازی پێگە و هەڵوێستی كورد لە ناوخۆ و عێراق و ناوچەكە و دونیاشدا لەكاتێكدا كە مەترسیەكان ڕۆژبەڕۆژ گەورەتر دەبن.
بەم شێوەیە ئەنجامی سەرهەڵدانی حیزب و قەوارە سیاسیەكان لەكوردستاندا تەنها ماڵوێرانی زیاتر و لێكترازانی زیاتر و لاوازی زیاتری لێدەكەوێتەوە،ئەوەتا تەنانەت لەسەر دروستكردنی هاوپەیمانیەكی كوردی و یەك لیستی بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق لە ناوچە جێگە ناكۆك و دابڕاواكانیشدا ناتوانن بگەنە یەك بڕیار و هەموو كورد لەژێر سایەی یەك چەتری كوردایەتیدا كۆببنەوە بەجیاواز لە پێكهاتە عەرەب و توركومان و مەسیحی و ئەوانی تردا،ئیدی دەبێت چ ئومێدێك بەسەركردە و حیزبی سیاسی كۆن و نوێ‌ هەڵبچنرێت و چ ئومێدێكیش بە ئایندە گەشە بكات،هەموو ئەم هەڵە و كەموكوڕیانە بەشی هەرە زۆری دەكەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتداران،بەڵام لەبەرامبەریشدا ئەوانی تریش بێگوناه نین،بۆیە بەداخەوە ئەو ڕاستیە تاڵە هەمیشە ئامادەگی هەیە وخۆی دووپات دەكاتەوە لە هەموو قۆناغەكاندی خەباتی كوردایەتیدا كە دوژمنی سەرسەخت و ڕاستەقینەی كورد تەنها كورد خۆیەتی نەك دوژمنان و داگیركارانی كوردستان.

نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

زۆرترین بینراو