مام و قه‌ل و فه‌ل

وتار/ پێش 1 هەفتە 171 جار بینراوە

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

مام و قه‌ل و فه‌ل
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
زۆربه‌مان ده‌زانین كه‌ مام جه‌لال ئاره‌زوویه‌كی زۆری خواردنی گۆشتی قه‌لی هه‌بوو، له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌میشه‌ له‌ نێو خه‌ڵكدا نوكته‌و قسه‌ی خۆش دروستده‌كرا ، مام جه‌لال خۆیشی كه‌یفی به‌و نوكتانه‌ ده‌هات ، زۆر جار خۆی ئاره‌زوی نوكته‌ دروستكردنی بوو ، جارێكیان له‌ كه‌ركوك له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌دا من ره‌خنه‌ی زۆرم گرت ، مام جه‌لال دوای قسه‌كان داوای دوا نوكته‌ی لێكردم له‌ سه‌ر خۆی ، من نوكته‌یه‌كم گێڕایه‌وه‌ ،گوتی "بابه‌ ئه‌وه‌ كۆنه‌" خۆی دوونوكته‌ی تازه‌تری گێڕایه‌وه‌ ، ئیتر مام نوكته‌و قسه‌ی خۆشی زۆره‌ ، جا ده‌ڵێن حه‌سه‌نی شیرین وتبووی له‌ نێوان من و مام جه‌لالدا جیاوازیه‌كه‌ یه‌ك نوقته‌" خاڵ" ه‌ ئه‌و قه‌ل ده‌خوات و من فه‌ل ده‌خۆمه‌وه‌ " قه‌ل و فه‌ل " هه‌ر به‌ڕاستی قه‌له‌كانی مام تام و چێژی خۆیان هه‌بوو ، جارێكیان 1996 یان 1997 بوو له‌ فه‌رمانده‌یی چه‌ند براده‌رێك داوه‌تی بووین ، هه‌ریه‌كه‌و قه‌لێكیان خسته‌ به‌رده‌ستمان ، ئاخر ماڵته‌ قه‌لێك زۆرزۆره‌ ، من ئه‌ونده‌لام خۆش بوو زۆرم لێ‌ خوارد دواتر نه‌خۆش كه‌وتم ، هه‌ڵبه‌ت زۆره‌كه‌ی من نیوه‌ی خه‌ڵكی تر نه‌بوو، له‌ باره‌ی قه‌له‌كانی مام جه‌لاله‌وه‌ ده‌ڵێن كه‌ گۆڕیویانه‌و له‌ خواردنیدا گوتویه‌تی ئه‌مه‌ قه‌لی من نیه‌ ، دواتر دكتۆر كه‌مال فواد دانی پیاناوه‌ كه‌ گۆڕیویانه‌ ، ئاخر قه‌له‌كانی ئه‌و گوێزو خواردنی باشیان خواردووه‌ ، ئه‌مه‌ هه‌مووی گێڕانه‌وه‌یه‌ ، نازانم یان من به‌رچاوم نه‌كه‌وتووه‌ ، یان سه‌لاح ڕه‌شید به‌لای قه‌له‌كانی مامدا نه‌چووه‌ ، خۆ هه‌ر سه‌لاح ره‌شید كاتی خۆی باسی ده‌ست و په‌نجه‌ی مامی له‌ خواردن دروستكردن و قاپشۆریدا بۆ كردووم .
مادام قسه‌ له‌ سه‌ر نوكته‌كان و قه‌له‌كانی مامه‌ ، جێی خۆیه‌تی بڵێین ئه‌م جۆره‌ نه‌ته‌وانه‌ ئه‌گه‌ر نوكته‌ نه‌بێت چۆن بژین،ئاخر شه‌وی رابردوو 12-11 ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ڵك دوای بومه‌له‌رزه‌كه‌ خه‌ریكی نوكته‌بوون له‌و باریه‌وه‌ خه‌ریكی پرسیاری ورد نه‌بوون له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ بومه‌ له‌رزه‌ چۆن ڕووده‌دات ، خۆشترین نوكته‌له‌سه‌ر دۆستێكی مام جه‌لال و پیاوێكی زۆر هێمن و سه‌نگین له‌ سیاسه‌تا بوو ، كه‌ ئه‌و ئێستا كه‌سی یه‌كه‌می عێراقه‌ به‌ پۆست ، لێ‌ عه‌بادی حاكم تره‌ ، ئه‌و‌یش دكتۆر فواد مه‌عسومه‌ ، نه‌یاره‌كانی مه‌عسوم نوكته‌كه‌یان ئاوا دروست كردبوو ،گوایه‌ دكتۆر گوتویه‌تی" ئه‌وه‌ كێ‌ ئه‌و پاڵه‌ی پێوه‌ نام " ، به‌ هه‌ر حاڵ دكتۆر فواد پیاوێكی ئارام و له‌ سه‌ر خۆیه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆكاری دروستبوونی ئه‌و نوكتانه‌یه‌ ، ده‌ی دیاره‌ ئه‌ویش سه‌ر به‌ هه‌مان فێرگه‌ی مامه‌ بۆیه‌ نابێ‌ به‌ نوكته‌كان قه‌ڵس بێت .
ئێستا مام له‌ ناوماندا نیه‌و له‌ ده‌باشانه‌ ، ساڵی 2017 بۆ كورد ساڵێكی شوم بوو ،له‌ لایه‌كه‌وه‌ كاك نه‌وشیروان ئۆغری كردو له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ مام و دواتریش په‌لاماردانی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تر له‌ لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراقه‌وه‌ ، هه‌ر ئه‌م ساڵ ئه‌میری حه‌سه‌ن پورو عه‌لی ئه‌شره‌فی ده‌روێشیان و كه‌ریم زه‌ند ئۆغریان كرد.
ئه‌مساڵ هێشتا مانگ و نیوێك زیاتری ماوه‌ ئه‌وه‌ به‌ بومه‌له‌رزه‌ش تاقیكراینه‌وه‌ ، فڕۆكه‌كانی توركیاش له‌و لاوه‌ بووه‌ستێ‌ .

نوێترین نوسینەکانی له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

زۆرترین بینراو