کارتە بەهێزو ئەستەمەکەی کورد

وتار/ پێش 1 هەفتە 120 جار بینراوە

ئارام مەجید عەلی

کارتە بەهێزو ئەستەمەکەی کورد
ئارام مەجید عەلی
دەمێکە شرۆڤەکارانی حیزبی و هەوادارانی حیزبی و سەرکردایەتی سیاسی حیزبەکوردیەکان و ڕاوێژکارەکان و کادیرەپێشکەوتوەکان باسی کارتە بەهێزەکانی کورد دەکەن لەبەرامبەر بەغداد،کەوا کورد زۆر بەهێزەو چەندین کارتی فشاری هەیە دەتوانێت بەئاسانی بەرامبەر بەغداد بەکاری بهێنێت و ئەوان ناچار دەکات دان بە داواکاریەکانیاندا بنێت،ئەوانیش وەک کارتی بەنداوەکان، کارتی کارەبا،کارتی نەوت،کارتی سیاسی و سەربازی،کارتی ئابوری سەربەخۆ، کارتی دەرەکی و ناوخۆیی وکارتی کشانەوە و.....هتد،

لەمێژە مێشکمانیان بەم هاش و هوشە سیاسیە پڕکردووە و خۆیان وەک پاڵەوان و دروستەکەرو ڕێکخستنەوەی عێراقی نوێ دادەنا، تەنانەت بەشێوەیەک غوروری سیاسی و ئابوری ئەمانەی گرتبوو ئەوەیان ڕادەگەیاند بێ کورد بەغداد هیچی بۆناکرێت و هیچی پێناکرێت و ئەو هێزەشی نیە بێ کورد خۆی بپارێزێت و تەنانەت توانای خۆبەڕێوەبردنی نەماوە.

ئەم قسە سواوانەی کە بەبەردەوامی دەکرا بەجۆرێک زاخاو درابوون،ئێمەی هاوڵاتی سادەی ئەم هەرێمە بڕوای پێبکەین و خەرێکبوو قەناعتمان پێ بکەن بەڕاستی بێ ئەمانە عێراق زۆر داماوە،دەبێت لەم کارتانەی کورد بترسێت، ناحەقیشمان مەگەرن کەتاڕادەیەک گەوجێنراوبوین و باوەڕمان کردبوو! تاکی کوردی داماو دوو چاو و دوو گوێچکەی هەبوو بۆ بینین و بیستن، بەڵام ئەمانە لەڕێگەی سەدان کەناڵی بینراو،بیستراو،نسراو، ئەوانەیان بەبەردەوامی بەگوێماندا دەداو پیشانیان دەداین، بەڕاستی زۆر جاری واهەبوو گومانمان لەعەقڵ و بیستن و بینین و تێگەشتنی خۆمان دەکرد بەرامبەر سیاسیە چەواشەکارەکانی خۆمان، چونکە وامان لێکرابوو لەڕێگەی قسەو کەناڵەکانیانەوە وامیشکمان ئاخنرابوو ئەگەر ڕۆژێک سەیری کەناڵەکان نەکەین یان نەیان خۆێنینەوە وامان هەست دەکرد ئێمە داماوین و هیچ نازانین وبەڕاست تەنها ئەوان پاڵەوانی مەیدانەکەن!

بەڵام وەک دەوترێت ڕۆژگار هەموو نهێنیەک ئاشکرا دەکات و کردیشی، ڕۆژ هات و ڕۆژ چوو، دەستیان کەشف بوو، بەڵام چۆن کەشفێک! بەڕاست دەرکەوت ئەمانە نەخاوەنی کارتن و نەخاوەنی فشارن و نەدروستکەری عێراقن و نەبەرگری لەعێراق دەکەن، بەڵێ ئەمانە تەنها خاوەنی کارتی موبایل و کارتی ئاوی ماڵان و کارتی حیزبی بوون بۆ دادۆشینی گیرفانی خەڵکی داماو خاوەن هێزی لێدانی خۆپیشاندەران بوون و خاوەن کارتی دزینی پارەی کارەبا و کارتی دزینی بەنداوەکان و خاوەن کارتی چەوساندنەوەی میللەت بوون.

لەڕاستیدا ڕۆژگار دەریخست ئەوان خاوەن هەموو کارتێکی بەهێزو فشار بوون بەڵام بۆ کێ بۆ عێراق یان بۆ هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە؟ بێگومان بۆ هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە گەمارۆدراوە داخراوە بەدوژمنان.

لەڕاستیدا 16ی ئۆکتۆبەر زۆر بەجوانی ئەوەی دەرخست کەوا کورد و ئەوانەی پێشتر دەیان وت خاوەن کارتی فشارین هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نەبوو،تەنها خەڵک فریودان بوو،تەنها خۆڵکردنە چاوی خەڵکی داماوی ئەم هەرێمەبوو. ئەو کارتانەی ئەوان باسیان دەکرد خۆیان سوتابوون، چونکە کورد خۆی خاوەنی نەبوو، شازدەی ئۆکتۆبەر ئەمەی سەلماند و لەمێژوودا ئەمە دەنوسرێتەوە کە کورد هەرگیز خاوەن کارتی فشار نەبوەو نابێت لەبەرامبەر بەغداد.

کارتە فشار و ئەستەمەکە چیە؟ئێستا کاتی ئەوەیە باس لەکارتە فشار و ئەستەمەکەی کورد بکەین!! هەرچەند لەمێژووی کورد  لەعێراقدا زۆرجاریش ئەم کارتەمان سوتاندووە، چونکە هەرحیزبەو سەر بەدەوڵەتێکەو ئەوان ئاراستەیان دەکەن و خاوەن خۆیان و کارت نەبوون، ئەو کارتە ئەستەمەی کورد ئەوەیە پێویستە لەدوای ڕووداوی شازدەی ئۆکتۆبەرەوە بەخۆدا چونەوەیەکی زۆر خێراو جدی بەخۆماندا بکەین و هەموو حیزبەکان لەچوارچیوەی یەک بەرنامەو پرۆژەی هاوبەشی نیشتیمانی باش و بەیەک هەڵوێست و بەیەک دەنگ لەبەرامبەر بەغدا بوەستنەوە،پێویستە قۆناغی ناکۆکی و ململانێی و یەکتر قبوڵ نەکردن و یەکتر نەخوێندنەوە ململانێی تەسکی حیزبی تێپەڕێنین، پێویستە ڕێز لەخۆمان و میلەتەکەمان بگرین،ئەگەرنا ئەوان ناچار نین ڕێزمان لێبگرن،

هەر ئەم یەکتر نەخوێندنەوەو ڕێزنەگرتن لەخۆمان بوو ، هەموو دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بەچاوی بێ ڕێزی و ماف خواردنەوە سەیریان دەکردین، بەڵام ئاخ ئەم کارتەشمان زۆر ئەستەمە، چونکە مێژوو بۆی سەلماندوین کورد لەخودا بەیەک زانین بەولاوە هەرگیز یەک نەبووە، هەمیشە دژی خۆمان بوین.
تەنانەت زۆر جار تەنازولمان بۆ دوژمنــان کردووە بەڵام هەرگیز ئامادەی ئەوە نەبوین تەنازول بۆ خۆمان بکەین ئەمە نەخۆشیە کوشندەکەیە کە هەموو کارتەکانی کوردی سوتاندووە،هەمیشە یەکگرتویمان ئەستەم بووە، ئەمەش وایکردوو نەبینە خاوەن کارتی فشار لەبەرامبەر بەغداد، ئەوانیش باشمان دەناسن بۆیە هەموو کارتە فشارەکان لای ئەوانە،ئاواش بڕوات ناچارین تەسلیم بەکارتەکانی ئەوان بین. فایەق بێکەسی شاعیر جوانی فەرمووە:
کورد ئەبەد ناگاتە مەقسەد نۆکەری بێگانەیە
دوو دڵن پیسن لەگەڵ یـەک بۆیە وا بێلانەیە

نوێترین نوسینەکانی ئارام مەجید عەلی

زۆرترین بینراو