ڕیفراندۆمی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ جیاوازه‌كان..

وتار/ 12/09/2017 86 جار بینراوە

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

ڕیفراندۆمی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ جیاوازه‌كان..

نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس


•    له‌ ڕێكه‌وتی‌ یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا له‌ 7/6/2017داو بڕیاردانیان به‌ چێكردنی‌ پڕۆسه‌ی‌ ڕیفراندۆم له‌ 25/9/2017دا،ئیدی‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی‌ نوێ‌ له‌ خه‌باتی‌ كوردایه‌تی‌ هه‌ڵدرایه‌وه‌ و هه‌موان یان زۆرینه‌ به‌ ئاشكرا و نهێنی‌ دژ یان له‌گه‌ڵ پڕۆسه‌كه‌دا بوون له‌ناوخۆی‌ كوردستان و ولاَتانی‌ ده‌وروجیرانی‌ ناوچه‌كه‌ و ته‌نانه‌ت زلهێزه‌كانیش هه‌ڵوێستی‌ خۆیان ئاشكراكردوه‌.
•    هه‌رچه‌نده‌ ڕیفراندۆم  پڕۆسه‌یه‌كی‌ ئاسایی‌ و یاسایی‌ و مافێكی‌ سروشتی‌ و زۆر سه‌ره‌تایی‌ هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ و كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ ئیتنیه‌ و هه‌نگاوێكه‌ به‌ره‌و دیاریكردنی‌ مافی‌ چاره‌نوسیان، هه‌روه‌ها پێویستی‌ به‌كۆده‌نگیه‌كی‌ سیاسی‌ و نیشتیمانی‌ و میللی‌ هه‌یه‌ و ده‌بێت بۆ سه‌رخستنی‌ پڕۆسه‌كه‌ش هه‌مووان یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵویًستبن و ته‌بایی‌ و متمانه‌ی‌ سیاسیش به‌هێزبێت له‌نێوان هێز و سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كاندا و پڕۆسه‌كه‌ش به‌دوور بگرن له‌ ده‌سكه‌وت و هه‌وڵی‌ تاكه‌كه‌سی‌ و حیزبی‌ به‌ڵكو ده‌بێت پڕۆسه‌كه‌ بكرێته‌ دروشم و ئامانجێكی‌ گه‌وره‌ی‌ نیشتیمانی‌ و نه‌ته‌وه‌یی‌ به‌مه‌به‌ستی‌  هه‌نگاونانی‌ زیاتر بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌ و ئازادبوونی‌ یه‌كجاره‌كی‌.
•    ڕیفراندۆمی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان جیا له‌هه‌موو ڕیفراندۆمی‌ گه‌لانی‌ تر ،گرنگی‌ و كاریگه‌رر زیاتری‌ هه‌یه‌ له‌ناوخۆی‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ و دونیاشدا به‌هۆی‌ هه‌ڵكه‌وته‌ جیۆسیاسیه‌ گرنگه‌كه‌ی‌ له‌((جه‌رگه‌ستانی‌))دونیادا نه‌ك (( كه‌نارستان)) ، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ی‌ ڕۆژهه‌لاَتی‌ ناوینی‌ هه‌ستیارو گرنگ و ده‌وڵه‌مه‌ند به‌سه‌رچاوه‌كانی‌ وزه‌وه‌.هه‌ربۆیه‌ له‌ به‌رواری‌ 7ی‌ حوزه‌یرانه‌وه‌ ئیدی‌ هه‌موان له‌ناوخۆ و ناوچه‌كه‌ و دونیاشه‌وه‌ به‌ گرنگیه‌كی‌ بێوێنه‌وه‌ له‌م بڕیاره‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كوردیان نۆڕیوه‌ و هه‌ریه‌كه‌یان له‌ گۆشه‌ نیگای‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ خۆیانه‌وه‌ سه‌یریان كردوه‌ و هه‌ڵیانسه‌نگاندوه‌ كه‌ تاچ ڕاده‌ و ئاستێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیاندایه‌،هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌شه‌وه‌ هه‌ڵوێست و گوتار و كرداری‌ خۆیان ئاشكرا كردوه‌.
•    به‌رژه‌وه‌ندی‌ كورد له‌م ڕیفراندۆمه‌دا به‌ئاشكرا دیاره‌ كه‌ بریتیه‌ له‌هه‌نگاونان بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌ به‌شێكی‌ كوردستانی‌ گه‌وره‌ و ڕزگاربوون له‌ داگیر و دابه‌شكردنی‌ 100ساڵه‌یی‌ و ڕزگاربوون له‌ژێر ده‌سته‌یی‌ و زوڵم و زۆر و و چه‌وساندنه‌وه‌ و قاتوقڕكردن و له‌ناوبردنی‌ بێبه‌زاییانه‌ی‌ ڕژێمه‌ یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانی‌ عێراق.كورد له‌به‌رژه‌وه‌ندیدایه‌ كه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ هه‌ڵبنێت و ڕێگه‌ش خۆش بكات بۆ به‌شه‌كانی‌ تر و ببێته‌ خاوه‌ن سه‌روه‌ری‌ و سیاده‌ و سنور و ئالاَو مافی‌ ئه‌ندامێتیش به‌ده‌ستبێنێت له‌ ڕێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و ببێته‌ ئه‌ندامێكی‌ كارا و ئاشتیخواز  له‌ناوچه‌كه‌ و دونیاشدا.
•    به‌رژه‌وه‌ندی‌ ولاَتانی‌ دراوسێ‌ له‌هه‌ریه‌كه‌ له‌ عێراق و توركیا و ئێران و ته‌نانه‌ت ولاَته‌ عه‌ره‌بی‌(( به‌ سونه‌ و شیعه‌یانه‌وه‌ )) و ئیسلامیه‌كان ، وه‌ك ئاشكرایان كردوه‌ هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كیان له‌سه‌ربه‌خۆبون و جیابونه‌وه‌ و ڕزگاربونی‌ كورددا نیه‌، چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ بچوكبونه‌وه‌ و لێكردنه‌وه‌ی‌ به‌شێك له‌و ولاَتانه‌ی‌ كه‌ كوردستانی‌ به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه‌ له‌ توركیا و ئێران و عێراق و سوریاداو ده‌بێته‌ی‌ مایه‌ی‌ هه‌ژارتربون و بچكوبونه‌وه‌ و لاوازبونیان له‌ڕووی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و سه‌ربازیه‌وه‌،بۆیه‌ زۆر به‌گه‌رمی‌ له‌سه‌ر هێڵن بۆ دواخستن یان ڕه‌تكردنه‌وه‌ی‌ به‌ته‌واوه‌تی‌  بۆئه‌وه‌ی‌ درێژه‌ به‌دۆخی‌ 100 ساڵه‌یی‌ داگیر و دابه‌شكردنی‌ كوردستانی‌ گه‌وره‌ بده‌ن. ولاَتانی‌ تری‌ ناوچه‌كه‌ش هه‌ریه‌كه‌ به‌بیانویه‌كه‌وه‌ دژی‌ ئه‌م ڕیفراندۆمه‌ن و نایانه‌وێت ولاَتێكی‌ تری‌ وه‌كو ئیسڕائیل له‌ناوچه‌كه‌دا دروستببێت و به‌لای‌ ئه‌وانه‌وه‌ ببێته‌ مایه‌ی‌ سه‌رئێشه‌ و كێشه‌ی‌ زیاتر بۆیان كه‌ هه‌رچه‌نده‌ كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی‌ ڕه‌سه‌نی‌ ناوچه‌كه‌یه‌و له‌سه‌ر خاك و ولاَتی‌ خۆی‌ خه‌بات ده‌كات.
•    زلهێزه‌كان له‌ ئه‌مریكا و ڕوسیا و به‌ریتانیاو ولاَتانی‌ تری‌ ئه‌وروپیش ،هه‌ریه‌كه‌یان له‌ ڕوانگه‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ و بالاَده‌ستی‌ له‌ناوچه‌كه‌دا ده‌ڕواننه‌ ئه‌م هه‌نگاو و مافه‌ی‌ كورد و نایانه‌وێت به‌دروستبوونی‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ تر له‌ناوچه‌كه‌دا تاڕاده‌یه‌ك نه‌خشه‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و سه‌ربازیه‌كانیان بگۆڕدرێن و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان بكه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ و پلان و نه‌خشه‌ داڕێژراوه‌كانیان گۆڕانیان به‌سه‌ردا بێت. ئه‌مریكا له‌ئیًستادا گرنگی‌ ته‌واو و سه‌ره‌كی‌ ده‌داته‌ كۆتایهێنانی‌ جه‌نگی‌ دژی‌ داعش و تیرۆریستان و گه‌ره‌كێتی‌ ناوچه‌كه‌ و به‌تایبه‌تیش عێراق ئارام و ئاسایش بێت  و ولاَتانی‌ ئه‌وروپیش به‌هه‌مان شێوه‌ بیرده‌كه‌نه‌وه‌،ولاَتانی‌ زلهێزیش تاڕاده‌یكی‌ زۆر به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیان و هاوپه‌یمانه‌كانیشیان له‌ناوچه‌كه‌دا ڕه‌چاو ده‌كه‌ن له‌م پرسه‌ گرنگه‌دا.
•    نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانیش وه‌ك ڕێكخراوێكی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ و چه‌تری‌ كۆكه‌ره‌وه‌ی‌ گشتی‌ ولاَتان و دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ شه‌رعی‌ و دانپیادانراوی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ و جێگه‌ی‌ دانپیادانان و به‌ڕه‌سمی‌ ناساندنی‌ هه‌ر ولاَتێكی‌ نوێی‌ ئه‌ندام، هه‌میشه‌ وابه‌سته‌ی‌ ڕاوبۆچونی‌ ولاَتانی‌ زلهێز و بالاَده‌سته‌ وه‌ك ئه‌مریكا و ڕوسیا و ئه‌ندامانی‌ هه‌میشه‌یی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش،بۆیه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان هه‌میشه‌ وه‌ك پاشكۆی‌ بڕیاره‌كان ده‌رده‌كه‌وێت نه‌ك بڕیارده‌ری‌ كۆتایی‌.
•    به‌م شێوه‌یه‌ له‌ چانسی‌ كورد،ڕیفراندۆم له‌ناوخۆو ناوچه‌كه‌ و دونیاشدا بۆته‌ مایه‌ی‌ نانه‌وه‌ی‌ كێشه‌ و گرفتی‌ زۆر و دروستبوونی‌ ڕاو به‌رژه‌وه‌ندی‌ جیاواز و هه‌ریه‌كه‌یان به‌ بیانویه‌كه‌وه‌  له‌گه‌ڵ دواخستن یان نه‌كردنیدان و ئه‌وه‌ی‌ ده‌مێنێته‌وه‌ ته‌نانه‌ت له‌ناو كورد خۆشیدا  دووبه‌ره‌ی‌ دژ به‌یه‌ك له‌ ((  به‌ڵێ‌ و نه‌خێر )) دروستبوون كه‌ ئه‌م جیاوازی‌ بۆچونه‌ی‌ ناوخۆ له‌هه‌ماون مه‌ترسیدارتره‌.و هه‌رلایه‌نه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ ته‌سكی‌ خۆیه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ پڕۆسه‌كه‌ و هه‌موانی‌ په‌رت و بلاَوكردۆته‌وه‌ له‌جیاتی‌ كۆكردنه‌وه‌ و یه‌ك و یه‌كگرتوویی‌ له‌ هه‌ڵوێست و گوتار و كرداریاندا.
•    له‌كۆاتایدا ئه‌وه‌ی‌ ده‌مێنێته‌وه‌ بیڵێین ئه‌وه‌یه‌ كه‌  ئه‌م كات وساته‌ی‌ ئێستا كه‌ كورد هه‌ڵیبژاردوه‌و و ئه‌وانی‌ تر دژایه‌تی‌ ده‌كه‌ن باشترین و گونجاوترین زه‌مان و زه‌مینه‌یه‌،چونكه‌  له‌ئێستادا زۆرێك له‌ مه‌ترسی‌ و ئاڵنگاریه‌كان بچوك و دوورن به‌لاَم له‌ ئاینده‌دا زیاتر گه‌وره‌تر و نزیك ده‌بنه‌وه‌ و دێنه‌ به‌رده‌می‌ ماڵی‌ كورد،بۆیه‌ پێش ئه‌وه‌ی‌ دوژمنان بێنه‌ ده‌ست هه‌ق وایه‌ كورد ده‌ستپێشخه‌ری‌ بكات،دیاریكردنی‌ زه‌مان و زه‌مینه‌ له‌ هه‌ر لایه‌كه‌وه‌ بێت ئه‌وا به‌ قازانجی‌ سه‌ركه‌وتن وچانسی‌ ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌بێت و دژی‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ ئه‌وانیتر ده‌بێت،جا له‌ئێستا دا ته‌نها كورد ئه‌م كات و ساته‌ی‌ پێباشه‌ چونكه‌ له‌قازانجێتی‌ به‌لاَم ئه‌وانی‌ تر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیانی‌ نابینن. له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕاستیه‌شدا به‌لاَم كوردیش بۆخۆی‌  و له‌نێوماڵی‌ خۆیدا باش خۆی‌ ئاماده‌نه‌كردوه‌ و داروپه‌ردووی‌ ڕیفراندۆمێكی‌ سه‌ركه‌وتووی  به‌و هه‌موو گرنگی‌ و هه‌ستیاریه‌وه‌ دابیننه‌كردوه‌ له‌ڕووی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و سه‌ربازیه‌وه‌ و په‌له‌كردنێكی‌ نا لۆژیكی‌ پێوه‌دیاره‌،هه‌ربۆیه‌ ده‌كرێت بۆ كاتێكی‌ كه‌م و دیاركراو گوێ‌ بۆ بیروبۆچون و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ دۆسته‌كان و دوژمنه‌كانیش بگیرێت له‌لایه‌ك بۆ هێوركردنه‌وه‌ی‌ ئه‌وان و و دوورخستنه‌وه‌ی‌ مه‌ترسیه‌كانو هه‌ڕه‌شه‌كان و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ بۆ ئاماده‌سازی‌ باشتر و به‌هێزكردنی‌ به‌ره‌ی‌ ناوخۆی‌ كورد خۆیدا بۆ مسۆگه‌ركردنی‌ زیاتری‌ سه‌ركه‌وتنی‌ پڕۆسه‌كه‌ و به‌ده‌ستهێنانی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ و چێكردنی‌ كۆده‌نگیه‌كی‌ ناوخۆیی‌ و ناوچه‌یی‌ و نێوده‌وڵه‌تیش ودانپیادان و به‌ڕه‌سمی‌ ناساندن و هاوكاری‌ و پشتیوانیشیان بۆ ده‌وڵه‌ته‌ سه‌ربه‌خۆكه‌مان له‌ ئاینده‌دا.

[email protected]



نوێترین نوسینەکانی نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

زۆرترین بینراو