به‌ڤیدیۆ .. وه‌زریری كشتوكاڵ: لێدانی‌ بیری‌ بێ‌ مۆڵه‌ت له‌زیادبووندایه‌

ڤیدیۆ/ 9/1/2017 219 جار بینراوە

مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاوی ژێرزه‌وی دروستكردووه‌
به‌ڤیدیۆ .. وه‌زریری كشتوكاڵ: لێدانی‌ بیری‌ بێ‌ مۆڵه‌ت له‌زیادبووندایه‌
شه‌ن پرێس:

به‌هۆی‌ مه‌ترسی‌ دابه‌زینی‌ ئاوی‌ ژێرزه‌وی‌ و به‌ئامانجی‌ گرتنه‌به‌ری‌ ڕێوشوێنی‌ پێویست، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ ئاو به‌ئاماده‌بوونی‌ وه‌زیری‌ كشتوكاڵ، وۆرك شۆپێكی‌ بۆ چه‌ندین كه‌سایه‌تی‌ پسپۆر و شاره‌زا له‌بواری‌ ئاو ئه‌نجامداو وه‌زریری كشتوكاڵیش ده‌ڵێت،لێدانی‌ بیری‌ بێ‌ مۆڵه‌ت له‌زیادبووندایه‌ و مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاوی ژێرزه‌وی دروستكردووه.
بە چاودێری و ئامادەبوونی عەبدولستار مەجید وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی سەرچاوەکانی ئاو وۆرک شۆپێکی دەربارەی ئاوی ژێرزەوی بە ناونیشانی (پاراستنی ئاو ئەرکێکی ئایینی و نیشتمانییە)سازکرد.
لەو وۆرک شۆپەدا ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆو بەڕێوەبەرانی گشتی کشتوکاڵی پارێزگاکان و نوێنەرانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارو پارێزگاری ھەولێرو پسپۆڕو شارەزایانی بواری ئاو ئامادەبوون، سەرەتا وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە وتەیەکدا دەستخۆشی سازکردنی ئەم وۆرک شۆپەی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی سەرچاوەکانی ئاو کردو باسی لە گرنگیی ئاو کرد کە وڵاتان وەک چەک و شەڕی ئاو دژی وڵاتان بەکاری دێنن و لەم رووەوە ھەوڵی ھەندێ وڵاتانی دراوسێی لە دروستکردنی بەنداو بە نموونە ھێنایەوەو رایگەیاند "وەزارەت تەنیا بە دروستکردنی پۆندو بەنداوو دەتوانێت رووبەڕووی ئەو مەترسییانە ببێتەوە".
ھاوکات وشیاریی کۆمەڵگای لە بەکارھێنانی ئاو بە پێویست زانی کە ئێستا بە ھەزاران بیر لە شارەو شارۆچکەکان لێدراوەو بەمەش ئاوی ژێر زەوی تا رادەیەکی زیاد لە پێویست کەمیی کردووە.
وەزیری کشتوکاڵ ئاماژەشی بەوە کرد "لەئێستادا ٦٧%ی ئاوی دەرھێنراوی ژێر زەوی بە ھەدەردەڕوات، تەنیا لە ھەولێر نزیکەی ١١ ھەزار بیر لێدراوە کە پارێزگاکە پێویستیی بە ١٥٠٠ بیرە"
عەبدولستار مەجید ئاماژەشی بە رێکاری توند کرد کە دامەزراوەکانی وەزارەت دژی سەرپێچیکاران گرتوویانەتەبەر، لەکۆتاییدا جەختی کردەوە "ئەم وۆرک شۆپە بۆ گۆڕینەوەی بیروبۆچوون و شارەزایانە دەربارەی گرفتی کەمیی ئاوی ژێر زەوی و چۆنێتیی پاراستنی ئەم سامانە لە رووی نیشتمانی و ئاینییەوە"
دواتر محەمەدەمین فارس بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو بە داتا و خشتە باسی لە مێژووی بەکارھێنانی ئاوی ژێر زەوی کردو لەم بارەوە روونی کردەوە "یەکەم بیر لە ھەولێر لە شارۆچکەی بەحرکە لە ساڵی ١٩٣٥ لێدراوە" دواتر ھاتە سەر ئاماژەکردن بە فەرمانگەکانی ئاوی ژێر زەوی و داتا و فەرمانگەکان و بە ژمارە رایگەیاند "زیاتر لە ٢١ ھەزار بیر لە کوردستان بە مۆڵەت و ٢٢٥٦٠ بیریش بێ مۆڵەت لێدراون، ٢٣٦١ کانیاو ھەیەو ٢٥٩٠ کارێزیش ھەن کە زۆربەیان وشک بوون".
دواترلە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا عەبدولستار مەجید وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە تایبەت بە تەوەرو بابەتە پەیوەندیدارەکانی ئەم وۆرک شۆپە، لە میانی ئەم وۆرک شۆپەشدا ئامادەبووان لە مامۆستایانی زانکۆو پسپۆڕان و بەڕێوەبەرەگشتییەکان بە تێبینی وسەرنجەکانیان باسیان لە کێشەو گرفتەکان کرد، وۆرک شۆپەکەش ئەم تەوەرانە لە خۆگرتبوو:
* بارودۆخی ئێستای ئاوی ژێر زەوی
* کاریگەریی ئامێری پایل و ئامێرەکانی دیکەی بیرھەڵکەندن لەسەر ئاوی ژێرزەوی و پێکھاتەکانی زەوی
* ژمارەی زۆری بیرو گۆڕانی کەش و ھەوا و کاریکەرییەکانیان لەسەر ئاوی ژێرزەوی.
* چۆنییەتی چارەسەرکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ دەزگاکانی بیرلێدانی پایل و ئامێرەکانی دیکە.
* ستراتیژییەت و پلان بۆ ئاوی ژێرزەوی.
* رێنمایی ھەڵکەندنی بیری ئاو.
* چۆنێتیی پەرەپێدان و پاراوکردنی ئاوی ژێرزەوی.
* بابەتی دیکەی تایبەت بە ئاوی ژێر زەوی.

زۆرترین بینراو