ڤیدیۆ ..
وردەکاری گیان لەدەستدانی پزیشکە ئافرەتەکەی هەولێر

ڤیدیۆ/ 30/12/2016 1997 جار بینراوە

ڤیدیۆ .. وردەکاری گیان لەدەستدانی پزیشکە ئافرەتەکەی هەولێر
شه‌ن پرێس:
شه‌وی ڕابردوو به‌ڕێوەبه‌ری نه‌خۆشخانه‌ی ئافره‌تان و له‌دایک بوونی هه‌ولێر، بۆ لەدایکبوونى منداڵەکەى چووەتە نەخۆشخانەیەکى ئەهلى و لەکاتى نەشتەرگەریى منداڵبووندا گیانى لەدەستدا.

برایەکى ده‌ڵێت شەوى هەینى کاتژمێر هه‌شت خوشکەکەى بردووەتە نەخۆشخانه‌یه‌کی ئه‌هلی و دوای پشکنین پزیشکەکان وتوویانه‌ پێویستە نه‌شته‌رگه‌ری بۆ بکرێت، بەڵام  ٢٠ خوله‌ک دواى لەدایکبوونى منداڵەکەى گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

که‌سوکاری خاوەر ئەحمەد ده‌ڵێن، دکتۆرە خاوەر هیچ نه‌خۆشییه‌کی نه‌بووه‌ و تا چه‌ند ڕۆژێک لەمەوبەریش ده‌وامی ئاسایى خۆى کردووە.

چوونى ئەم پزیشکە بۆ نەخۆشخانەیەکى ئەهلى بۆ ئەنجامدانى نەشتەرگەریى منداڵبوون لەکاتێکدا بووە، کە خۆى بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى ئافرەتان و لەدایکبوونى شارى هەولێر بووە، کەسوکارەکەشى ئامادەنەبوون لەو بارەیەوە لێدوان بدەن.

لەلایەکى دیکەشەوە وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ته‌ندروستی هه‌ولێر نیگەرانى خۆیان لە گیانلەدەستدانى ئەو پزیشکە نیشاندا و بە یه‌کێک له‌ باشترین پزیشک و به‌ڕێوبه‌ره‌کان ناویان برد.

لیژنه‌ی ته‌ندروستی په‌رله‌مانیش ده‌ڵێت به‌دواداچوون بۆ هۆکارى گیانله‌ده‌ستدانەکەى دەکەن.

خاوه‌ر ئه‌حمه‌د مسته‌فا ساڵی ١٩٧٦ له‌ شاری هه‌ولێر له‌ دایک بووه‌ و ساڵی ١٩٩٩ به‌کا‌لۆریۆسی له‌ پزیشکی ئافره‌تان به‌ده‌ست هێناوه‌ و ساڵی ٢٠١٠ بڕوانامەی پسپوڕی ماستەری لە نەخۆشیەکانی ژنان ومنداڵبووندا بەدەستهێناوە.

خاوەر ئەحمەد ١٨ ساڵ پزیشک بووە و چوار ساڵیش به‌ڕێوبه‌ری نه‌خۆشخانه‌ی ئافره‌تان و له‌دایک بوونی فێرکاری هه‌ولێربووە و به‌شی زۆرى نه‌شته‌رگه‌رییه‌کانی نه‌خۆشخانه‌که‌ش خۆی ئه‌نجامی داون، دواى خۆى سێ منداڵى جێهێشتووە.

زۆرترین بینراو