ڤیدیۆ .. مەحمود سەنگاوى: ئێمە دەموچاوێکى ڕزیوین و ناتوانین سەرکردایەتى یەکێتى بکەین

ڤیدیۆ/ 24/11/2017 413 جار بینراوە

"پێنج ساڵە خەریکین یه‌كێتی تێک دەدەین"
ڤیدیۆ .. مەحمود سەنگاوى: ئێمە دەموچاوێکى ڕزیوین و ناتوانین سەرکردایەتى یەکێتى بکەین

شه‌ن پرێس:
ئەندامێکى پێشووى مەکتەبى سیاسى یەکێتى دەڵێت "ئێمە دەموچاوێکی ڕزیوین ناتوانیین سەرکردایەتی حزبێکى گەورەی وەک یەکێتى بکەین".

 مەحمود سەنگاوى، ئەندامى پێشووى مەکتەبى سیاسى یەکێتى لە کۆنفراسی کۆمەڵەی ڕێکخستنە دێرینەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە هەڵەبجە  وتەیەکى پێشکەشکرد و وتى: هەندێک برادەر گوێمان لێیە دەڵێن دەبێت لە ماوەیی یەک مانگدا کۆنگرە ببەسرێت، ئێمە وەک سەرکردایەتی یەکێتی پێنج ساڵە خەریکین ئەم حزبە تێک دەدەین، ئایا بە یەک مانگ چاک دەکرێتەوە؟

هەروەها وتیشى "ئەوانەی دەڵین با کۆنگرە لە یەکمانگدا بکرێت دەیانەوێت دیسان دەموچاوە ڕزیوەکان و دزەکانی نەوت ببنەوە بە سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە لەبری ئەوەی ئاگایان لە بنەماڵەی شەهیدان و پێشمەرگە و ڕێکخستنە دێرینەکان بێت هەر خەریرکی گیرفان پڕ کردنی خۆیانن".

مەحمود سەنگاوى ئەوەشى وت "ئەگەر ئێمەمانان جارێکی تر ببینەوە بە مەکتەبی سیاسی ئەوا کارەساتەکانی پێشوو بەسەر یەکێتیدا دەهێنینەوە، بۆیە دەبێت گۆڕانکری بکرێت لە ناو یەکێتیدا".

ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژی ٤ى تشرینى دووەمی ٢٠١٧ سەرکردایەتیى یەکێتیى نیشتمانى کوردستان کۆبوونەوەیەکى ئەنجامدا و لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى مەکتەبى سیاسى حزبەکەى دەرکرد.

لە دواى ئەو بڕیارە بەشێک لە بەرپرسانى یەکێتى ڕەتیان کردەوە، کە مەکتەبى سیاسى هەڵوەشابێتەوە، بەڵام مەحمود سەنگاوى لەو وتانەیەدا جەخت لەوە دەکاتەوە مەکتەبی سیاسى هەڵوەشاوەتەوە و هەڵوەشانەوەکەشى بە بڕیارى دروست لێکداوەتەوە.

زۆرترین بینراو