به‌ وێنه‌ ..... هاوڵاتیان به‌ گردبوونه‌وه‌ هاوسۆزیی بۆ موسڵمانانى بۆرما ده‌رده‌بڕن.

گەلەری وێنە/ 6/9/2017 461 جار بینراوە

به‌ وێنه‌ ..... هاوڵاتیان به‌ گردبوونه‌وه‌ هاوسۆزیی بۆ موسڵمانانى بۆرما ده‌رده‌بڕن.

شه‌ن پرێس :
به‌ مه‌به‌ستی ده‌ربڕینى هاوسۆزیی و هاوخه‌میی بۆ موسڵمانانى هه‌رێمی راخینی بۆرما، ژماره‌یه‌ک له‌ چالاکوان و ڕێکخراوه‌کان و که‌سایه‌تییه‌ ئایینی و و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، له‌ هه‌ردوو شاری هه‌ڵه‌بجه‌ و سلێمانی گردبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا.

له‌ پارکی نالی له‌ شاری سلێمانی و له‌ ھه‌ڵه‌بجه‌ش له‌به‌رده‌م بانکه‌ کۆنه‌که‌ له‌ناو بازاڕ، کۆمه‌ڵێک چالاکوان و مامۆستایی ئاینی گردبوونه‌وه‌یان سازکرد بۆ ده‌ربڕینى پشتیوانى بۆ موسڵمانانى وڵاتى بۆرما.

له‌ گردبوونه‌وه‌که‌ى سلێمانیدا مه‌لا عوسمان شێره‌یی ، مامۆستای ئاینی، به‌یاننامه‌ی گردبوونه‌وه‌که‌ی پێشکه‌شی ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان کرد و له‌ کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌نووسیشدا بۆ ڕای گشتی خوێندیه‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: داوا ده‌که‌ین که‌ ھه‌موو تاوانه‌کانی کوشتن و تۆقاندن بوه‌ستێنرێت و تاوانباران سزا بدرێن و سنوره‌کان بکرێنه‌وه‌ به‌ ڕووی ڕۆهینگیا، وه‌ داوا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان ده‌که‌ین که‌ ئه‌م کوشتن و تۆقاندنه‌ به‌ جینۆساید بناسرێت.

ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش کرد: دوای ھه‌فته‌یه‌ک له‌ کۆکردنه‌وه‌ی واژۆ بۆ پشتیوانی له‌ موسڵمانانی ڕۆهینگیا، ئه‌و واژۆیانه‌ ده‌درێت به‌ باره‌گای نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ ھه‌رێمی کوردستان.

له‌ شارى هه‌ڵه‌بجه‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌ هاوڵاتیان پشتیوانى خۆیان بۆ موسڵمانانى وڵاتى بۆرما ده‌ربڕى و داوایان کرد کوشتنى موسڵمانانى ئه‌و وڵاته‌ بوه‌ستێنرێت.

لە شاری هەولێریش  ژمارەیەک مامۆستای ئاینیی بەمەبەستی "دەربڕینی ناڕەزایی و نیگەرانییان لەو کوشتارەی بەرامبەر موسڵمانانی میانمار دەکرێت"، گردبوونەوە.

ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئاینی شاری هه‌ولێر لەبەردەم مزگەوتی سەواف-ی شارەکە گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و بەیاننامەیەکیان ئاڕاستەی گەلانی جیهان کرد.

مه‌لا یوسف شافعی، نوێنەری مامۆستایانی ئاینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بەیاننامەکەی به‌ زمانی كوردی و ئینگلیزی خوێندەوە، کە تیایدا هاتبوو: بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی و نیگەرانیمان لەو کوشتارەی بەرامبەر موسڵمانانی میانمار دەکرێت گردبووینەتەوە.

ماوه‌یه‌که‌ موسڵمانانى وڵاتى بۆرما دووباره‌ ڕووبه‌ڕووى توندوتیژى و کوشتن ده‌بنه‌وه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ به‌شێکى زۆریان کۆچیان کردوه‌ به‌ره‌و وڵاتى به‌نگلادیش.

زۆرترین بینراو